کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات و ... ڕۆژهەڵات و ... ڕۆژهەڵات ...

05:04 - 16 خاکەلێوه 2719

من مەهابادم لەوەتی هەم «چوارچرا «لە مەیدانی دڵمدا وەک مەشخەڵی ڕاپەڕین داگیرساوە هەر چرایەکیان هێندەی خۆرێک ڕووناکی هێندەی خۆرێک گەرمی دەبەخشێ بە مێژووم بەڵی دیرۆکم خاوەنی چوار هەتاوە! من مەهابادم چوار وەرزی ساڵ ڕاساوم و هەر چوار ڕۆژەکەم هەڵاتوون ڕۆژهەڵاتێ دیمەنەکەی وزە دەبەخشێتە دەروون ڕۆژهەڵاتێ نازانێ چییە ئاوابوون! ڕۆژهەڵاتێ، تاقەنەیەکە لە گەردوون! من مەهابادم «هێمن» «هێمن» هۆنراوە دەهۆنمەوە و لە سەردێری هەر شیعرێکیشدا بیرم ناچێ بنووسم: «گەر لە برسان و لەبەر بێبەرگی ئەمڕۆ ڕەق هەڵێم نۆکەریی بێگانە ناکەم، نابەزم، کوردم ئەمن(1) هێمن، هێمن گڕی وشەم بەردەدەمە نێو خەرمانی ئەوکەسانەی بەرامبەر بە چارەنووسی نەتەوەکەم بێ خەمن! من مەهابادم «برا زۆر عەیبە زوو نامناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم کە تۆ پێنج شەش کەڕەت گۆڕاوی، من بێ سێ و دوو کوردم لە تەکیە بوویە جێگر، مێگر لە بن بەرماڵ ئەمن لەوساوە جێ و بانم لەبانی بێشکە بوو، کوردم(2) بە ناو «هەژار»م و بە ناوەڕۆک زەنگینم بە ورە وزەم دنیا دەهەژێنێ گرنگ نییە شارێکم بچووک یان گەورە! من مەهابادم تەنانەت پەتی سێدارەش ساتێ چاوم نانووقێنێ «قازی» فێری کردووم لە هیچ ئەهریمەنێ باکم نەبێت با بشمرم، گرنگ لای من هەر ئەوەیە دوژمن لەسەر خاکم نەبێت! پێشەوا دەرسی داداوم هەتا ماوم پێشمەرگە بم شانازی بکەم بە ئاڵای هەڵکراوم! من مەهابادم «پیشەوا»یەکی بێ وێنە بۆ من بووە بە ئاوێنە بۆیە تابلۆی پڕ لە شکۆی سەربەخۆیی لە ئاوەزما بۆتە تاقە نەخشەی خەبات و تێکۆشان بۆ کوردستان! من مەهابادم بە پینووسێ دەنووسم پڕە لە مەرەکەبی سوور، لە خوێنەکەی لالۆ پەرتووکی مێژوو دەنووسم، چەشنی «قاسملۆ» لەبەر ڕووناکی چوار چرای خۆرئاسایی چوار پارچەی مێژوو یەک دەخەم بە ئاسپایی بە دەستێ دیرۆکی نوێی خۆم دەنووسمەوە ڕەگی داگیرکەری تیادا دەبڕمەوە بە دەستێ سنووری چوارکەرت هەر بەو مەرەکەبی خوێنە دەسڕمەوە! من مەهابادم کەنگێ بیستووتانە ماندووبوون بناسم فەرموون بڕواننە ڕەنگ و ڕووی پێناسم گەر نەتان دی هەر لە دێڕی سەرەتاوە شەرەفکەندی و هەڤاڵانی پێشوازی لە هەنگاوی ڕاساوتان بکەن لۆمەم بکەن! بەڵێ قوربان، من مەهابادم چوار چرا لە هەناومایە، چوار خۆری گەش بە هەر چواریانەوە خاکی پیرۆزیان گرتۆتە باوەش بە هەر چواریانەوە ئاگری نەورۆزیان جۆش داوە بە هەرچواریانەوە تاپۆی یەک وڵاتیان بە ناوە! *** «١» دێڕە شیعرێکی مام هێمن. «٢» دوو دێر شیعری مام هەژار.