کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنجەڕێژانەی بەهار

02:39 - 16 پووشپەڕ 2719

دێ شنەی کازیوە شۆخی نەوبەهاران دێتەوە وەرزی بەیبوون و هەڵاڵە، بۆنی باران دێتەوە   شەنگە خاتوونی دڵاوا فەرشی‌ چیمەن ڕادەخا بەردەرانەی جل بڕانی بەژنی شاجوان دێتەوە   نارەناری خستە ئاسۆ قاسپە قاسپی کەوپەڕان هاژ و هووژی قەڵبەزی هەڵدێری ئاران دێتەوە   مەوجی کەروێشکەی بزاوی مێرگەڵانی لێڕەوار لەنجەڕێژ و نەرمەنیشکە، دڵ بە چڵدان دێتەوە   نم ‌نمی باڕێزە، پەلکەی شۆڕەبی شەنکەر دەکا ڕێژنەچرپەی زەنگوڵی ڕەنگامە بۆ مان دێتەوە   کۆلکەزێڕینەی حەوت‌ڕەنگ کێو دەنێتە باوەشی ئاڵقە ڕەنگڕێژەی سروشتی کۆپی کاوان دێتەوە   دەسکە واژەی شۆخی ناخم، پیلکە داوێتە دڵم چەپکە پیتی شاعیری‌ تەڕ شادە، گریان دێتەوە