کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "کۆساڵان"ەوە بۆ "ئەنبار"ی سەرگورد عەلیار

02:41 - 16 پووشپەڕ 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی‌ ئێران بە ڕێبەرایەتیی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا بڕیاری شەڕی لە دژی خەڵكی كوردستان دەرکرد، لە ئاکامی ئەم بڕیارەدا شەڕێكی خوێناوی لە نێوان هێزی كۆنەپەرستی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە بە شەڕی سێ مانگە دەناسرێ دەستی پێكرد و، بە شكستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كۆتایی پێهات. ڕێژیم شکستی لەم شەڕەدا قەبووڵ کرد و بەمەبەستی خۆڕێکخستنەوە داوای وتووێژ لەگەڵ ڕێبەرانی کورد کرا و بەم شێوەیە ئەو شەڕە ڕاگیرا. شەڕەکانی سەرەتای شۆڕش یا هێرشەکانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان تا کۆتایی ساڵی ١٣٦٢ و سەرەتای ١٣٦٣ی هەتاوی لە قۆناغێکی جبهەییدا بوو. دواتر بەگوێرەی پێویست و بەپێی بارودۆخ شێوە شەڕەکان و جموجۆڵی پێشمەرگە و هەرروەتر شێوە و تاکتیکی هێرشەکانی هێزی داگیرکەریش گۆڕدرا. لە زۆربەی شوێنەکاندا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناوچە ئازادکراوەکانی بەدەستەوە نەمابوو و دیسانەوە هێزی ڕێژیم داگیری کردبۆوە. هەر بەم هۆیەوە ڕۆڵەکانی دێموکرات بەمەبەستی درێژەدان بە خەبات و بەرپەرچدانەوەی پیلانەکانی ڕێژیم بەردەوام لە جێگۆڕکێ و جموجۆڵدا بوون. وەرزەکانی ساڵیش کاریگەری لەسەر چالاکیی پێشمەرگانە هەبوو، هەرکام لە وەرزەکانی ساڵ تایبەتمەندی و دژواریی تایبەت بەخۆیان هەبوو. وەرزی زستان و هاتنی سەرما و سۆڵ بەتایبەت لەو کاتەیدا کە ناوچە ئازادکراوەکان کەم بوون، کۆسپێکی گەورە بوو لەبەردەم هێزی پێشمەرگەدا. بەدەست پێکردنەوەی بەهار وەک چۆن گیایەکی سەوز سەری دەردێنا و مزگێنی بەهاری دەدا بەوجۆرەش پێشمەرگە دەست بەکار دەبوو و، مزگێنی ئازایەتی و قارەمانەتی و بەرخۆدانی بە خەڵکی کوردستان لە سەرەتای بەهارەوە دەدا. زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵ بە بەردەوامی حەماسەی پێشمەرگەی تێدایە و بە جۆرێک لە جۆرەکان یان بەرگری لە خۆی، یا کەمین و گرتنی مۆڵگەکان فیداکاری تێدا دەبینرێ و تەنانەت لەو نێوەدا زۆر تێکۆشەری ئازا و فەرماندەش کە مێژوو شاهیدە لەسەر گیانبازییان، شەهید بوون. لەو نێوەدا ئەوەی جێگای ڕێز و پێزانینە و لەنێو هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بەرچاو دەکەوت لەبیر نەچوونەوەی هاوڕێکانیانە. بەدرێژایی خەباتی چەکداری لەنێو ڕیزەکانی ئەو حیزبە بیری یادکردنەوە لە هاوسەنگەرانیان لە پێشەوەی هەموو کارە نیزامییەکانیاندا بووە. لە هاوینی ١٣٦٤ی هەتاویدا فەرماندەری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی پیشمەرگە؛ سەرگورد کەریم عەلیار لە ناوچەی بانە شەهید کرا. شەهید بوونی ئەو زەبرێکی کاریگەر بوو لەڕووی نیزامییەوە کە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان درا، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تێکۆشەرانی دێموکرات بیریان لەوە دەکردەوە کە لە تۆڵەی گیان لەدەست دانی سەرگورد عەلیاردا زەبرێکی باش لە دوژمن بدەن. هەر ئەو ساڵە بەهۆی گۆڕینی قۆناغی شەڕ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو هێز و توانای خۆی وەگەڕ خستبوو بۆ ئەوەی پێش بە چالاکیی هێزی پێشمەرگە بگرێ یان لانیکەم بارستایی زەبرەکانی کەمتر بکاتەوە، هەر بۆیەش ڕێژیم بەردەوام ئەو شوێنانەی گومانی پێشمەرگەی لێ کردبوایە هێرشی بەربڵاوی بۆ دەکرد. لەو بارودۆخە هەستیار و ئەستەمەدا بوو کە هەل هەڵکەوت بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان. ڕۆژی ٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٤ تەنیا مانگێک دوای شەهیدبوونی سەرگورد عەلیار، کۆماری ئیسلامی هێزێکی زۆری کۆ کردەوە بۆوەی بتوانێ زەبرێکی قورس لە هێزی پێشمەرگە بدا، بەڵام تێکۆشەرانی دێموکرات کە هەواڵی ئەم هێرشەیان بۆ هاتبوو، خۆیان بۆ ئامدە کردبوو. قارەمانانی دێموکرات پێکهاتوو لە هێزەکانی زرێباری مەریوان، شەریفزادە و بێستوون بەرنامەیەکی دژی هێرش دادەڕێژن و خۆیان لە چوار لاوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشەی ڕێژیم ئامادە دەکەن. شۆڕشگێڕانی ئەو دەڤەرە بڕیاریان دا ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ هەم تۆڵەی هاوڕێکانیان بکەنەوە و هەم ئێستا کە مانگی گەلاوێژە، مزگێنی سەرکەوتنێکی گەورە بە خەڵکی کوردستان بە دیاری بێنن. بۆیە شەوێ لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانییەوە لە پشتی ئاواییەکانی گۆشخانی و نسڵ، بەرقەڕوو و نگڵ، سەوڵاوا و هەزارکانی، پشتی بلچەسوور و گڵیە چوونە کەمینەوە تا بە هێزی ڕێژیم بڵێن کە شێرەکوڕانی دێموکرات هەر کات ئیرادە بکەن توانایی زەبری باشیان لە هێزی دوژمن هەیە. ئەوان دەست لەسەر پەلاپیتکە چەند سەعات بوو لە کەمین چاوەڕوانی هێزی دوژمن مابوونەوە، هیواکانیان خۆی لە ئامێزی چیاکانی ئەو دەڤەرەدا مات کردبوو تا شنەی بەرەبەیان‌ هەواڵی سەرکەوتنیان بۆ ئەنباری عەلیار بەرێ و، بڵێ کە یادگارەکان و ڕێبوارەکانی ڕێگەی عەلیار زەبری گاریگەریان لە دوژمن وەشاندوە. کاتژمێری ٥ی بەیانی لەگەڵ کازیوەی بەرەبەیان هەواڵەکە سەراسەری ناوچەی داگرت. بەڵێ قارەمانانی دێموکرات پەلاماری دوژمنیان تێکشکاند و کەلاکی دەیان کەس لە هێزەکانی دوژمنیان لە شەڕگە خست. دیارە کوڕانی دێموکرات ئەزموونی پێویست بۆ ڕۆژی وا لە دەستیاندا بوو و، بەباشی دەیانزانی کە دوژمن دەستبەردار نابێ. هەرواش بوو چەند جاری دیکەش هێرشی کردە سەر شۆڕشگیڕانی ڕاستەقینەی دێموکرات و، لە کاتژمێری ٨ی ئێوارێ پاش ١٥ سەعات شەڕ و قارەمانەتی؛ زیاتر لە ٨٠  کەس لە هێزەکانی دوژمن کوژران و بریندار بوون. لەو شەڕەدا دەیان چەک و چۆڵی جۆراوجۆر و تەقەمەنیی زۆر بوون بە دەسکەوتی ڕۆڵەکانی گەل. لەو یادە گەورە و لە بیرنەکراوەدا چەند مەسەلە پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ. یەکەم: ئەوەی زۆر گرینگە یەکیەتیی فەرماندەیی لە نێوان ئەو سێ هێزەدا بووە. دووهەم: سڵامەتیی و زیان وەبەر نەکەوتنی هێزی پێشمەرگە بوو. سێهەم: بەرنامەی بەڕێوجێی تێکۆشەرانی دێموکرات کە گەورەترین پیلانی دوژمنیان بۆ سەر خۆیان پووچەڵ کردەوە و پلانی شۆڕشگێڕانەی ئەوان هێندەی دیکە دوژمنی زەبوون و داماو کرد.