کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ئاکسیۆنێکی بەرین لە ٣٠ سالەی تێرۆری ویەن دا لەبەر پارلەمانی ئوتریش

05:28 - 23 پووشپەڕ 2719

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٨ی هەتاوی بەرامبەر ١٢ی جولای ٢٠١٩ی زایینی، لە ٣٠هەمین ساڵەوەگەڕێ شەهیدکرانی ڕێبەری زانا و بلیمەتی گەلەکەمان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادری ئازەر و دکتور فازڵ ڕەسووڵ بە دەستی دیپلۆمات تێرۆریستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆپیشاندانێکی بەربڵاو لە شاری وییەن-ی پایتەختی ئوتریش بەڕێوەچوو. سەدان کەس لە دێژە پێدەرانی ڕێبازی شەهیدان، هۆگرانی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان کە لە زۆربەی وڵاتانی ئوروپاوە ڕوویان لە وییەنی پایتەختی وڵاتی ئوتریش کردبوو، هەروەها نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی سیاسی کوردستانی و ئێرانی و ئوتریشی و دەیان کەسایەتی سیاسی کورد و بێگانە، بە مەبەستی سەرکۆنە و ڕیسوا کردنی تێرۆری ناجوانمێرانەی ڕێبەر و سەرکردەی زانا و بلیمەتی کورد و حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە بەردەم بینای پارلەمانی ئوتریش کۆبوونەوە. سەرەتای خۆپیشاندان بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کە لە لایەن کۆڕی سروودی حیزبی دیموکراتەوە خوێندرا و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە، هاوڕێیان پەرۆش ئالانی و سکاڵا حەکیمزادە بەخێرهاتنی ئامادە بووان کرا. بە دوای ئەو دا هاوڕێ بەڕێز کاک مستەفا شەڵماشی ئەندامی دەفتەری سیاسی و بەرپرسی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات وتارێکی پڕنێوەرۆکی بە زمانی ئینگلیسی لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆری ناجوانمێرانەی ڕێبەری کارامە و لێهاتوومان دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و چۆنیەتی کردەوەکە و سات وسەودای حکومەتی ئوتریش لەگەڵ ڕژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی پێشکەش کرد. بەڕێز شەڵماشی لە بەشیکی دیکەی وتارەکەی دا بە ئاماژە بە تێروری حکومەتی و نێودەوڵەتی ڕژیمی تاران، ئاماژەی بەو کردەوە تێروریستیانە کرد کە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی سیستەماتیک و پلان بۆ داڕێژراو لە لایەن پلەبەرزترین کەسایەتییەکانی ئەو حکوومەتەوە، هەر لە یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر دەسەلاتییەوە بۆ چاوترسێن کردن و سڕینەوە فیزیکی دژ بەرانی خۆی بە کاری هێناوە، کە بە داخەوە سەرەڕای بوونی بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، بەڵام هێشتا ڕای گشتی نێودەوڵەتی گوێی خۆی لێ ئاخنیوە و یەکێک لە بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانیشی تێرۆری ڕێبەر قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادر و کەسایەتی سیاسی دکتور فازیڵ ڕەسووڵ،ە. بەڕێز شەڵماشی داوای لە ڕای گشتی ئوروپا و حکومەت و دەسەڵادارانی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە لەوە زیاتر لە ئاست سەرەڕۆییەکانی حکومەتی ئێراندا بێدەنگ نەبن و هاوکات لە ٣٠یەمین ساڵەوەگەڕی تێرۆری وییەن و شەهید کرانی دکتور و قاسملوو و هاوڕێیانی دا بۆ جارێکی دیکە پەروەندەی ئەو تێرۆرە بێننەوە ڕۆژەڤ و هەوڵی ڕاپێچ کردنی پڵان داڕێژان و ئەنجامدەرانی کردەوە قێزەونە بۆ بەردەم دادگا و عەداڵەت بدەن. ئینجا هاوڕێ عەلی مازووجی بەرپرسی پەیوەندییە نێودەڵەوتییەکانی حیزبی لە وڵاتی ئوتریش وتاری کومیتەی ئامادەکاری ڕێوڕەسمی ٣٠ ساڵەی تێرۆری وییەنی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەش کرد. بەڕێز عەلی مازووجی لە وتارەکەیدا باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە پرۆسەی شەهید کرانی د. قاسملوو و هاوڕێیانی لە وییەنی پایتەختی ئوتریش و لە لایەن دیپلۆماتی تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی و چونیەتی سات و سەودای حکومەتی ئوتریش لەگەڵ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ئازادکردنی تێرۆرسیتتەکانی کرد. بەڕێزیان باسی لەو هەوڵانە کرد کە بە درێژایی ئەو ٣٠ ساڵە بۆ زیندوو کردنەوەی دۆسییەی ئەو تێرۆرە دراون کرد و باسی لە کەمتەرخەمی و خەمساردی دەسەڵات دارانی ئوتریش چ لە کاتی رووداوی کارەساتەکەدا و چ لە ئیستادا کرد. داوای لە حکومەتی و پارلەمانی ئەو وڵاتە کرد کە گوێ بۆ داواکاری ملیۆنان خەڵکی ئازادی خواز و ماف خواز ڕاگرن کە داوای بە سزا گەیاندنی کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن لە بەردەم دادگایەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی دا کرد. بە دوای ئەو دا بەڕێز و تێکۆشەر، سیاسەت مەدار و ئەدیبی گەورەی گەلەکەمان مامۆستا عەبدووڵا حەسەنزادە کە بە درێژایی دەیان ساڵ، یەکێک لە نزیکترین یاران و هاوڕێیانی ڕێبەری شەهید دکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو، وتارێکی پوختی پێشکەش کرد. بەڕێز مامۆستا حەسەنزادە لە بەشێکی وتەکانی دا گوتی: هاونیشتمانانی خۆشەویست! دۆستانی دکتور قاسملوو! هاوبیران، هاوڕێیان و قوتابیانی دکتور قاسملووی نەمەر! بوونی من لێرە دوو هەستی زێدە بە یەکم دەداتێ. یەکیان ئەوەی کە لە شارێکم، لە وڵاتێکم کە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا مامۆستایەکی گەورە و ڕێبەرێکی مەزن، ڕفیقێکی خۆشەویست و دۆستێکی لەمێژینە، یەعنی دکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و کاک عەبدووڵا قادری ئازەرو دکتور فازڵ ڕەسووڵ،م لە دەست دا. هەستی خۆشییەکەم ئەوەیە کە دەبینم لە ڕۆژێکی ئاوا دا بە سەدان کەس لە هاوبیران و هاوفیکر و ڕێبوارانی ڕێی قاسملوو لێرەن و من و لە نێوانیان دام، بە دیداریان شاد دەبمەوە و هەرئەوەش نا, ئەوانە هاتوون بۆ گەیاندنی دوو پەیام، پەیامی یەکەم ئەوەیە کە ئەو ڕێبازە، ئەو فیکر و ئەندیشەی کە دکتور قاسملوویان بۆ شەهید بوو هەر زیندوون و هەربەرقەرارن و ئەوانەی قاسملوو، یان لای شاگردانی قاسملوو دەرسیان خوێندووە لە سەر پەیمانەکەیان وەفادارن. پەیامی دووهەم ئەوەیە کە لە ویژدانی میللەتی کورد دا، لە ویژدانی ئینسانە مەسئوول و ئازادیخوازاکاندا نەبەستراوە. ئەمڕۆش نەبێ ساڵێکی دیکەش نەبی، دە ساڵی دیکە ئەو پەروەندەیە بە ئاوەڵایی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی بە هیممەتی هەموو خێرخوازان و هەموو ئینسانە باشەکان، پەروەندەی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وەکوو دوکتور سەعید و هاوڕێیانی بە ریسوایی تەواوەتی کۆماری نیسلامی کۆتایی پێ دێ. بە دوای وتەکانی مامۆستا دا دۆستێکی گەلەکەمان دکتور ” پیتر پیلتس″ کە پتر لە هەموو کەس خۆی بە پەروەندەی تێرۆر کرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانیەوە خۆی ماندوو کردووە، چەند وتەیەکی بەکەڵکی پێشکەشێ ئامادە بووان کرد. ناوبراو باسی لە چۆنیەتی ئەو سات و سەودایە کرد کە حکومەتی ئەو کاتی ئوتریش لەگەڵ کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو مەسەلەیە ئەنجامی دابوو. ئینجا خاتوونێکی سیاسەت مەدار و ئازادیخواز بە ناوی خاتوو بێریڤان ئەسڵان، کە چەندین ساڵ لە ناو پەرلەمانی ئەو وڵاتە دا داکۆکی لە کەیسی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی کرد چەند وتەیەکی بەرخی بە زمانی ئاڵمانی پێشکەشی بەشداران کرد. دوابەدوای ئەو کەسایەتییەکی ناسراو ودۆستێکی دیرینی گەلەکەمان و دژبەرێکی ناسراوی سیاسەتەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران و بەرپرسی ڕێکخراوی ” ستوپ دە بۆمب” دکتور شتیڤان گیرگات چەند وتەیەکی بەنرخی سەبارەت بە کەیسی شەهیدانی وییەن و تێرۆریزمی نێودەوڵەتی ڕژیمی ئیسلامی پێشکەش کرد. ئینجا کەسایەتییەکی ناسراو و داکۆکی کارێکی بەردەوامی مافی نەتەوە بندەستەکان و سەرۆکی ڕێکخراوی ” پەنابەر لە قەیران دا ” بەڕێز ” میکاییل گیێر” پەیامێکی پڕ نێوەرۆکی پێشکەشی ئامادە بووان. پەیامەکەی ئەو بەڕێزە هەڵگری پەیامی ئاشتی و خۆشەویستی و پشتگیری بۆ دۆزی ڕەوای کورد و بە ئاوڕدانەوە لە دۆسییەی تێرۆری دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هاوکات لەگەڵ سەرکۆنە کردنی مامەڵە و ساتو سەودای حکومەتی ئوتریش، داوای سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی ئەو دۆسییەی کرد و هیوای خواست کە هەموو خێرخوازان و کەسانی خاوەن هەڵویستی ئوتریشی جیهانی بۆ پشتگیری لە داوای رەوای حیزبی دیموکراتی کوردستان و گەلی کورد بێنە دەنگ. پاشان بەڕێز ” دیدی تساخ”، کەسایەتی ناسراوی ئوتریشی و یەکێک لە پشتیوانانی گەلی کورد و سەرۆکی حیزبی کمۆنیستی ئوتریش بە پێشکەش کردنی وتارێک دەنگی خۆی خستە پاڵ خۆپیشاندەرانی ڕێوڕەسمی ٣٠ سالەی شەهید کرانی دکتور قاسملوو و هاوڕێیانی و داوای سەرلەنوێ زیندوو کردنەوەی پەروەندی تێرۆری وییەنی کرد. بەڕێزیان باسی لە هۆکارەکانی چاوپۆشی و داخستنی پەروەندەی ئەو تێرۆرە لە لایەن حکومەتی ئوتریشەوە کرد و هاوکات بە ئاماژەی ناوی ئەو کەسانە کرد کە لەو مامەڵە و سات و سەودا سیاسییە دا لەگەڵ حکومەتی ئێران بەشدار بوون. بەڕێزیان داوای لە حکومەتی ئوتریش کرد کە بە پەلکێش کردن ئەو کەسانەی هۆکار بوون بۆ داخستنی ئەو پەروەندەیە، خزمەت بە دیموکراسی و بە دەست هێنانەوە ئێعتباری سیاسی وڵاتەکەیان بدات. کەسایەتێیەکی دیکەی ئوتریشی بە ناوی ” نیکۆلاز کوسڕات” ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی شاری وییەنی گەورە و یەکێک لە ناسراوترن کەسایەتییەکانی ئەو وڵاتە کە بەردەوام لە وتار و نووسینەکانی دا داکۆکی لە مافی نەتەوە بندەستەکانی گەلی کورد کردووە، وتارێکی زۆر ورد و پڕ ناوەرۆکی پێشکەش کرد. بەڕێزیان بە هێنانەبەرباسی مافی مرۆڤ و یاسا و ڕێسا ناسراو و دانپێدانراوە نێودەوڵەتییەکان، ئاوڕی لە پەروەندەی تێرۆری وییەن و هەموو کردەوە تێرۆریستیانە دایەوە کە لە لایەن حکومەتی تێرۆرسیت پەروەری ئێرانەوە ئەنجام دراون. بەڕێزیان باسی لەوە کرد کە دەبێ بە گوێرەی ئەو یاسا نێودەوڵەتییانە کە لە مەنشووری نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ دا ئاماژەیان پێکراوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ. پاشان نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئوتریش بەڕێز″ حەمە کەریم ” پەیامی کۆمیتەی ڕێکخستنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لە وڵاتە پێشکەش کرد. ئینجا پەیامی مەڵبەندی کوردی فییەن لە لایەن نوێنەری ئەو ڕێکخراوە خوێندرایەوە. بە دوای ئەواندا هاوڕێ کەمال حەسەنپوور پەیامی ڕێکخراوی سوسیال ئینتێرناسیۆڵ،ی خوێندەوە. لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا پەیامی ڕێکخراوی چریکە فیداییەکانی خەڵکی ئێران خوێندرایەوە. پاشان هاوڕێ حەسەن حاتەمی پەیامی شۆڕای دیموکراتی خوازانی ئێرانی خوێندەوە. پەیامی کومیتەی دەرەوەی ولاتی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لە لایەن خاتوو سەیران بایزیدی،یەوە خوێندرایەوە. بە دوای ئەو دا پەیامی کۆمبەندی هەمبەستەگی بۆ ئازادی و پارتیبەرابەری لە ئێران لە لایەن عەبددولقەیووم ویداد،وە پێشکەش کرا. پێویست بە ئاماژەیە کە دوو تێکۆشەری ناسراوی حیزبەکەمان، هاوڕێیان ” عەلی سوورەچۆمی و مامۆستا ئەحمەد ڕەحمانی ” بە خوێندنەوەی دوو پەخشان و هۆنراوە هەستی پاکی خۆیان لە ٣٠ سالەی ئەو تێرۆرە ناجوانمێرانەیە دا دەربڕی. لە کۆتایی ئەو ڕێورەسمە دا بەرێز حەمەرەسووڵ کەریمی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حدک و بەرپرسی تەشکیلاتی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی وەک سوپاس و ڕێزلێنان لە بەشداربووان و بەرزنرخاندنی ئەو ڕۆژە و هەروەها داواکاری‌یەکانی خۆپێشاندەران و بەشداربووان لە دادگا و خەڵکی ئوتریش و ناوەندی دەسەڵاتداری وڵاتی ئوتریش و پارلەمان باس کرد و سەبارەت بە دۆسیەی شەهید دوکتور قاسملوو و هاورێیانی چەند وتەیەک پێشکەش کرد و گووتی کە داواکاری‌یەکانی حیزب و بەشداربووان بە نووسراوە تەحویلی چەند ئۆرگانی تایبەتی و دەسەڵاتدار و چەند کەسایەتی گەیشتووە و دواتر سوپاسی حیزبی دێموکراتی کورددستانی بۆ هەڵوێستی هەموو لایەنەکانی دووپات کردەوە. لە کۆتایی ئەو ئاکسیۆنە دا بڕیارنامەیەک بە ناوی خۆپیشاندەران و بەشدارانەوە لە چەندین خاڵ دا تەنزیم کرا و ڕادەستی سەدری ئەعزەم، سەرۆک کۆمار و پارلەمانی ئوتریش کرا. پێویست بە ئاماژەیە کە ئەو بڕیارنامەیە واژووی دەیان حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی، ئێرانی و ئوتریشی لە سەر درا بوو و تێیدا داوا لە حکومەتی ئوتریش و بە تایبەت دەزگای دادوەری ئەو ولاتە کرابوو کە پەروەندی تێرۆری وییەن بۆ جارێکی دیکە زیندوو بکرێتەوە. ئەوەش دەقی بڕیارنامەکەیە: کۆبۆنەوەێ ئیحترازی رۆژی٢٠١٩-٠٧-١٢ کاتژمیر ١٤.٠٠ Österreich , Heldenplatz, 1010 Wien کردەوەی تیروریستی لە ناوەراستی وییه‌ندا خانمان و ئاغایانی بەرێز، دووستانی خۆشەویست، تەواو سی ساڵ لەمەو بەر لە گەرەگی سێ شاری وین، سێ سیاسەتمەداری کورد ، دووکتور عەبدولرەحمانی قاسملو، عەبدولا قادری ئازه‌ ر و دوکتور فازل رەسوڵ، لە سەر میزی وتووێژ لە گه‌ڵ نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامیکه‌وتنه‌ به‌ر دەسترێژی گۆلەی به‌ ناو نوێنه‌ر و له‌ ڕاستی دا تیروریستانه‌ی رژیمی ئیسلامی ئێران و گێانیان لە دەست دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و جینایه‌ته‌ی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی نه‌ یه‌که‌م جینایه‌ت و نه‌ دوایین جینایه‌تیشیان بو. تەواوی مێژووی چل ساڵەی حاکمیێەتیرژیمی ئیسلامی ئێران پرە لە جنایەت و کوشتن و برین. لە لای زۆربەی خەڵک ئاشکرایە کە لە و ماوەیەدا به‌ سه‌دان هه‌زار ئیسان یا ئیعدام کراون و یا بەشێوەیەکی دڕندانه‌ی دیکە لە ناو براون. لەنێوان ساڵەکانی ١٩٩١ تا ١٩٩٧ تەنیا لە کوردستانی عێراق پتر لە ٤٠٠ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردیه‌کانی کوردستانی ئێران لە ئاکتسیونەکانی تیروریستی رژیمی ئیسلامی ئێران دا لە ناوچوون. لە ژیانی رۆژانەی ئێران دا کردەوەی وەکی سەنگەسار کردن و شەلاق لێدان و موجازات کردن بە شێوەەکانی دیکە و حەتا هەڵاوەسینی خەڵک لە مەیدانە گشتیه‌کان دا و لە بەر چاوی خەڵک، شتێکی ئاسایین. دەبێ بڵێین کە شێوەی حاکمیەت لە ئێران دا سیستمی خەلافەتی تەواو عەیاره‌ که‌ رێبەریه‌که‌ی لە دەستی مەلایەکی ئاینی دایە کە بە “وەلی فەقیە” دەناسرێ و خۆی به‌ وه‌کیلی خوا له‌ سه‌ر ئه‌رز ده‌زانێ و به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی بێ سنوره‌وه‌ لە لۆتکەی ئەو سیستیمە دا جێگیر بووه‌. قانونی موجازاتی ئه‌و سیستمه‌ سەرچاوە لە ئیده‌ئۆلۆژیه‌کی وشکی مه‌زهه‌بی به‌ ناوی شەرع دەگرێ که‌ پابه‌ندی هیچ قانونێکی مرۆفدۆستانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی نییه‌ و لە رادە بەدەر وحشیانەیە. لە قانونی سەزایی دا حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی سەزای بەدەنی وەکی قامچی لێدان و سەنگاساری ژنان و کوشتنی ژن و پییاوان بە خاتری لادانی جنسی و برینەوەی دەست و پێی مروڤەکان وەک سەزادان له‌ سه‌ر دزی و ئیجراکردنی عەمەلی قەساس، بە شێوەیەکی ئاسایی لە ئێراندا بەرێەوە دەچن. پێویستە بگۆتری کە جنایەتەکانی داعەش کۆپیه‌کی سەد دەرسەدی له‌ کردەوەکانی رژیمی ئیسلامی ئێرانن. سزادانی دژبه‌رانی سیاسی جمهوری ئیسلامی ئێران زۆر سەختتر و وەحشێانەترە. ئەندامانی ئەحزابی کوردی لە لایەن ئێرانەوە بە “موفسید و فیل ئەرز و دژبەری خودا” دەناسرێن. بە پێی قانونی سەزایی ئێران ئەوانە دەتواندرێ بە چوار شێوە مجازات بکرێن: کۆشتن بە گۆللە، هەڵاوەسین بە دارەوە، قەتعی قۆڵی چەپ و رانی راست و یا تەبعیت بۆ جێگایەکی دوور. سێ شێوەی ئەوەڵ زۆرجار لە ئێران بەرەێوە چوون. ئەو ئەعمالە جناێەتکارانە وەکی دەزانن ڕێکاری سازمانی تیروریستی داعەشیشە، کە لە دنیادا دەنگی داوەتەوە. ئه‌ورۆ ئێمه‌ لێره‌ کۆبوینه‌ وه‌ بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی یه‌کێک له‌ سامناکترین جینایه‌ته‌کانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی . لە ١٣.٠٧.١٩٨٩ دا گروپێک لە تیروریستەکانی ریژیمی ئیسلامی ئێران دوکتور عەبدولرحمانی قاسملو و عەبدولای قادری ئازه‌ر و دوکتور فازل ره‌سولیان له‌ سه‌ر میزی ووت و وێژ تیڕۆڕ کرد. ئەو سێ دیپڵۆماتکاره‌ کورده‌ به‌و هیوایەوه‌ له‌ گه‌ڵ به‌ ناو نوێنه‌رانی کۆماری ئیسلامی دانیشتبون که‌چاره‌سه‌رێکی سیاسی و ئاشتیخوازانە بۆ مەسه‌لەی کورد له‌ ئێران دا ببیننه‌وه‌. به‌ڵام مخابن به‌رنامه‌ی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی که‌ شتێک نه‌بو جگه‌ له‌ گروهێکی کۆماندۆیی تیڕۆر، ته‌نیا و ته‌نیا له‌ داو خستن و تیڕۆڕ کردنی دوکتور قاسملو و هاوڕێکانی بو. له‌ هه‌موی ناخۆشتر و دوور له‌ چاوه‌ڕوانیتر کرده‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئوتریش بو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و جینایه‌ته‌ سامناکه‌ دا. هه‌رچه‌ند لە رۆژی ئەوەڵ دا تیڕۆڕستانی بکوژلە لایەن پولیسی ئوتریشەوە دەستبەسەر کران و بردرانبۆ لێپرسینەوە. که‌چی دە دوایی دا بێ ئه‌وه‌ی بدرێن به‌ دادگا و لێپرسینه‌وه‌ی قانونیان له‌ گه‌ڵ بکرێ، ناردرانەوە بۆ سەفارەتخانەی رژیمی ئیسلامی ئێران. پاش چەند رۆژانیش به‌داخه‌وه‌ تیروریستەکان له‌ نێوه‌ڕاستی دنیای ئازاد و دێموکڕاتیکه‌وه‌ لە لایەن پولیسی ئوتریشەوە بەرەو فرۆکەخانە ئیسکۆرت کران و ناردرانەوە بۆ ئێران. کردەوەی نه‌شیاوو دوور له‌ قانونیی حکومەتی ئوتریش و وەزارەتی دادگوستەریه‌کەی بوو بە هۆی هاندرانی سەرانی ریژیمی ئیسلامی کە لە دەرەوەی وڵات درێژه‌ بە کردوە تیروریستیه‌کانی خۆیان بدەن. که‌ تیروری دووکتور سادقی شەرفکەندی وهاوڕێیانی لە شاری بێرلینی ئاڵمان ده‌کرێ وه‌ک به‌رئه‌نجامی ئەوه‌ ببینرێ کە رژیم بۆ کاری تیروریستی دەستی ئاوەڵا کرابوو. ئێستاش ڕژیم به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر له‌ سه‌ر تیڕۆڕ و کوشت و کوشتاری موخالیفانی به‌رده‌وامه‌. دوای هاتنە سەرکاری حەسەنی روحانیش وەکی سەرۆک کۆمار که‌ زۆر به‌ڵێنی به‌درۆی دابو، هەل و مەرجی مافی مروڤ له‌ ئێران دا بەرەو خراپتریش رۆیشتوه‌. رادەی زیندانیانی سیاسی به‌ندکراو و ئێعدام کردنیان چۆتە سەرێ. پشتیوانی کردن له‌ ڕێکخراوه‌ تیڕۆڕیستیه‌کان هه‌ر له‌ عێڕاقه‌وه‌ تا یه‌مه‌ن به‌رده‌وامه‌. کرده‌وه‌ی تیڕۆڕیستی دژی کورد به‌ گشتی و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان به‌تایبه‌تی به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌رده‌وامه‌. هه‌روه‌ک دانانه‌وه‌ی بۆم له‌ بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی که‌ 5 که‌س بونه‌ قوربانی، موشه‌کبارانی کۆبونه‌وه‌ی کومیته‌ی ناوه‌ندییی حیزب له‌ کۆیه‌ی کوردستانی عێڕاق که‌ 16 کوشته‌ی له‌ ڕێبه‌ران و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی لێ که‌وته‌وه‌ و چه‌ندین تیڕۆڕی دیکه‌. کاربه‌ده‌ستانی ئێران رووی خۆش بە وڵاتانی غەربی نیشان دەدەن و دەگەڵ ئەوان دەوتووێژ دان، بەڵام لە ژێرەوە خەریکی دروستکردنی چەکی قورس و به‌رنامەی ئەتومی خۆیانن. ماوەێ ساڵێکە کە وڵاتی ئەمریکا لە قەراردادی بەرجام هاتوتە دەر و ئێرانی لە باری ئابوریه‌وە بە توندی ئابڵوقە داوە، سوپای پاسدارانی وەکی هێزێکی جنایەتکار خستوتە ناو لیستی تیرۆڕه‌وه‌. سوپای پاسداران دەراستیدا دەستی لە هەمووی ئەو کردەوە تیروریستێانەی کە لە ناو خۆ و لە دەرەوە وڵات کراوە هەیە و فاکتورێکی زۆر سەرەکی لە ئاژاوەگێری لە ناوچە و لە هەموو دنیادایه‌. نه‌ته‌وه‌ی کورد بە کردەوە نیشانی داوە کە لایه‌نگری ئاشتی، پێکه‌وه‌ژیان و دێموکڕاسی و دژبەری تیڕۆڕ وناعەداڵەتیوجینایەتە. حه‌قوایه‌ هه‌ر به‌م پێیه‌ش وڵاتانی ئازاد و دێموکڕات و نه‌ته‌وه‌ پێشکه‌وتوو و قانونمه‌نده‌کان پشتیوانی بن و به‌ وه‌گه‌ر خستنه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی تیڕۆڕی ڕێبه‌ری کوردان دوکتور عه‌بدولڕره‌حمانی قاسملو و هاوڕێیانی یارمه‌تی بکه‌ن به‌ ئیجڕای عه‌داڵه‌ت له‌ که‌یسی شه‌هیدانی وییه‌ن دا، که‌ له‌ ڕاستی دا که‌یسی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل میلیۆنیی بێ به ش له‌ هه‌مو مافێکی ئینسانیه‌. هەر لەبەر ئەوەش ئەو حیزب و ریکخراو و کەساێەتێانە وەبیر حکومەتی ئوتریش دهێننەوە کە ئه‌رکی قانونیی خۆی لە بەرابەر ئەو نه‌ته‌وه‌ زوڵم لێکراوه‌ دا بە باشی راپەرێنی. ئێمە داوا لە وەزارەتی دادگوستەری ئوتریش دەکەێن کە په‌روەندەی تیروری کوردەکان لە شاری وییه‌ن وه‌گه‌ڕ بخاته‌وه‌و پێداچونەوەی جیددی بۆبکا،تا رژیمی ئێران لە تاران مه‌جبور بکرێ کەجینایەتکارەکان بۆ موحاکمە تەحویلی وەڵاتی ئوتریش بدا. ده‌با عه‌داڵه‌ت ئیجڕا بکرێ و ئه‌و په‌ڵه‌ ڕه‌شه‌ بێعه‌داڵه‌تیه‌ له‌سه‌ر ئاسمانی وییه‌ن لاچێ. بۆ ئەو ئامانجە ئێمە کۆبونەوەیەکی ئیحترازی لە رۆژی ١٢.٠٧.١٩ لە هیلدن پلاتس کاتژمێر ١٤ بەرێوە دەبه‌ین و داوای بەشداری هەمەلایەن دەکەین. ناوی ئەحزابی بەشدار لە ئەو ئاکسیۆنە و هەروەها پشتوانانی ئەو نوسراوەیە: ١. حیزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران (حدک) ٢. پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق (ئۆتریش) ٣. پارتی دیموکراتی پێشرەوی کوردی سوریە ٤. بزوتنەوەی گۆران ٥. کۆمەڵەی کوردی ێەزیدی ٦. لالەش، ریکخراوی کوردانی یەزیدی بۆ بە ئێکەوە کارکردن و تێکەڵاو بوون ٧. پ.یە.د ، پارتی یەکێتی دیموکراتی (سوریە) ٨. پارتی دیموکراسی و دادپەروەر ٩. مەلبەندی کوردی لە ئوتریش ١٠. پارتی ئازادی کوردستان ١١. پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریە ١٢. حیزبی سوسیالیستی دیموکراتی سوریە ١٣. پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریە ١٤. ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سورییە (وەک هەویی) ١٥. حیزبی یەکێتی کوردستانی سوریە ١٦. حیزبی شیوعی کوردستان ١٧. کۆمەڵەی فێکوم (رێکخراوی چەتری کوردستان تورکیە) ١٨. حیزب مردم بلوچستان ١٩. یەکێتی ژنانی دیموکرتی کوردستان ٢٠. شارەوانی کورد لە تاراوگە ٢١. ریکخراوی کورد، بوو کولتور، ئەدەبیات و تێکەڵاو بوون ٢٢. حیزبی کومونیستی ئوتریش ٢٣. ستوپ بومب (ئوتریش) ٢٤. بنێادی پەنابری دە بوحراندا (ئوتریش) ٢٥. حیزبی ئێستا (ئوتریش) ٢٦. سەوزەکانی (ئوتریش) ئەو کەسایەتیانەش پشتوانی ئێمەیان کردو: دوکتور پێتیر پیلتس (سیاسەتمەدار) خانمی دوکتور بێریوان ئەسڵان (سیاسەتمەدار) دوکتور ئێوا شۆرک هوبیر (نوسەر) ماجستیر ئاندریاس پاولیچ (نوسەر) گیرهارد توشلەر (فیلمساز) ماجستر دیدی تساخ (سیاسەتمەدار) دوکتور شتیفان گیرگات (ئوستادی زانکۆ و برپرسی بنیادی “ستۆپ دی بومب” میکائیل گێنەر (فەعالی کۆمەڵایەتی و برپرسی بنیادی “پەنابەری دە قەێران دا”، نیکۆلاوز کۆنرات (سیاسەتمەدار، فەعالی کۆمەڵایەتی) حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی دەرەوەی وڵات