کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەراسمی پێرلاشیز و پەیمان نوێکردنەوە

06:07 - 24 پووشپەڕ 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی١٣ ی جولای ٢٠١٩ زایینی بەرامبەر بە ٢٢ ی پوشپەڕی ١٣٩٨ ی ھەتاوی، ئەندامان و لایەنگران و تێکۆشەرانی سیاسی حیزبە کوردستانی و ئیرانیەکان و دۆستانی بیانی، لە گۆڕستانی پێڕلاشێز،ی شاری پاریس، وڵاتی فەڕانسە و لە ٣٠هەمین ساڵەی تێرۆری وییەن دا کۆبونەوە. سەدان کەس لە ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و دژبەری ڕژیمی ئیسلامی ئێران، کە بەشێکیان لە وڵاتانی دیکەی ئوروپاوە ڕوویان لە پاریس کردبوو، بە مەبەستی سەرکۆنە و ڕیسوا کردنی تیروری ناجوامێرانەی ڕێبەری ھەڵکەوتووی گەلی کورد و سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان دوکتۆر عبدالرحمان قاسملوو و ھاوڕێیانی کاک عەبدوڵا قادری ئازەر و دوکتۆر فازڵ رەسوڵ و دووپات کردنەوەی وەفاداری بە ڕێبازە پیرۆزەکەیان لە پیرلاشیز پێک گەشتن. ئامادەبووان لە بەردەرگای گۆڕستانی بەناوبانگی پێرلاشێزەوە کۆبوونەوە و پاشان بە ڕێپێوان بەرەو گڵکۆی دوکتۆر قاسملوی هەمیشە زیندوو ڕێکەوتن و بەرنامەکە پاراستنی چرکەساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز لێنان لە گیانی پاکی شەھیدانی سورخەڵاتی گەلەکەمان دەستی پێکرد. پاشان خاتو شیلان مودەڕەسی وەکو پێشکەشکاری بەرنامەکە بە زمانەکانی کوردی و فارسی بەخێرھاتنی ئامادەبووانی کرد و دواتر تێکڕا گۆێبیستی سرودی ئەی شەھیدان بووین. پاشان بەڕێزان کاک سەعید بیگزادە و کاک مەولود سوارە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان  لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە چەپکە گوڵی ڕێز و وەفایان پێشکەش بە گڵکۆی شەھیدان کرد.. بەشی یەکەم بەرنامە بە وتەکانی بەڕێز کاک سەعید بیگزادە دەستی پێکرد. لە درێژەی مەڕاسیمەکەدا  وتە بەنرخەکانی دوکتۆر قاسملوی مەزن لە لایان پێشکەشکاری بەرنامەکەوە دەخوێندرانەوە. پاشان ھاوڕێ سوڵتان گوڵاوی «بەرپرسی کۆمیتەی ئاڵمان» پەیامی ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیرانی پێشکەش کرد. دواتر کاک مەنسور خوسرەوی ھاوسەری شەهید خاتو سوھەیلا قادری کە بۆ بەشداری لە مەراسیمەکەدا لە کوردستانەوە ھاتبوو، پەیامی بنەماڵەی شەھیدانی ١٧ی خەرمانانی پێشکەشی بەشداربووان کرد. دووھەمین وتاری مەراسیمەکە بە زمانی فەڕانسەوی لە لایەن کەسایەتی سیاسی دوکتۆر عەزیز ماملێ پێشکەش کرا. بە دوای ئەو دا بەڕێز دوکتور فردریك تیسۆ دۆستی لەمێژینە گەلی کورد چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد کە لەلایەن دوکتۆر عەزیز ماملێ،وە  لە فەڕانس،یەوە وەرگێڕایەوە سەر کوردی. ئینجا بەرێز مەولوود سوارە لە وتەیەک دا لە لایەن کومیتەی دەرەوەی وڵاتی حدک،وە سوپاسی دوکتور فردریك و هەموو دۆستانی فەرانسەوی کرد کە هەمیشە پشتیوانی جولانەوەی بەرحەقی کورد بوون رێز و خۆشەویستی بۆ ئەو پشتیوانەیە دەربری. هەروەها هەرلەو پیوەندیەدا بەرێزان کاک سەعید بیگزادە و مەولوود سوارەوە وێنەیەکی تایبەتی دوکتۆر قاسملوو کە لە سەر فەرشێک نەخشیدرابوو، وەک وەفایەک بۆ ئەو دڵسۆزییەی بەڕێزیان پێشکەش بە دوکتۆر فردریك تیسۆ کرد. ھاوڕێی ھێژا کاک مەولود سوارە پەیامی سکرتێری  ئینتێرناسیۆناڵ سۆسیالیست بەرێز لویس ئەیالای پێشکەشی ئامادەبووانی کرد. یەکێکی تر لە وتاربێژەکانی بەرنامە کەسایەتی سیاسی بەڕێز دوکتۆر حوسەین لاجوەردی بوو کە پەیامی پشتگیری و هاودەنگی خۆی بۆ حیزب و تیکۆشەرانی دێموکرات و بزووتنەوەی کوردستان دووپات کردەوە. دواتر چەپکە گوڵی ڕێز و وەفای بنەماڵەی شەھیدانی ١٧ی خەرمانان لە لایان خاتوو  شەوبۆ وەنەوشە و کاک مەنسور خوسرەوی پێشکەش بە گڵکۆی کاک عەبدوڵا قادری ئازەر کرا. لە درێژەی مەڕاسیمەکەدا چەندین پەیام لە لایان نوێنەری رێکخراوە بەشدارەکانەوە پێشکەش کران کە بریتی بوون لە:
  • پەیامی «سازمان اتحادیە فداییان خلق ایران» بە زمانی فارسی لە لایەن خاتو ایران دخت انصاری،ئەندامی ڕێبەری ئەو ڕێکخراوەیەوە خوێندرایەوە.
  • پەیامی یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هاورێی تێکۆشەر فەرزانە ڕەشیدزادە
  • پەیامی  «شورای دیموکراسی خوازانی ئێرام» لە لایان ھاوڕێ ئەدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی  کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە بریتانیا
  • پەیامی «کۆمبەندی هاوپەیوەندی بۆ ئازادی و بەرامبەری لە ئێران» لە لایەن ھاوڕێ ئارش زەمانی ئەندامی کۆمیتەی حیزب لە فەرانسە.
  • پەیامی  کۆنفیدڕاسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا لە لایان بەڕێز  وڵات نەھری.
پێویست بەئاماژەیە، بەشێك لە ئەندامانی بنەماڵەی نەمران دوکتۆر قاسملو و عبداللەی قادری ئازەر ئامادە رێ و رەسمەکە بوون. لە کۆتایی مەراسمەکەدا بەڕێز کاک سەعید بەگزادە وێڕای دەربڕینی سپاس و پێزانین بۆ ئامادەبوونی بەشداران کۆتایی بە مەراسمەکە هێنا و ئینجا تێکڕای ئامادە بووان بە مەبەستی نۆێ کردنەوەی بەڵێن و ڕێز لە شەھیدانی میکۆنوس چوونە سەر گڵکۆی دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و ھاوڕییانی و تاجە گولینەی رێز و وەفا  لەلایەن بەرێز کاک خانەی ماملێ و هاورێی تێکۆشەر کوێستان گادانی،یەوە خرایە سەر گڵکۆی پیرۆزیان. کۆمیتەی ئامادەکاری یادی ٣٠ سالەی شەهیدانی وییەن