کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێکی تایبەت بۆ یاد کردنەوەی دکتور قاسملووی مەزن لە وڵاتی کانادا

17:12 - 24 پووشپەڕ 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان کومیتەی ڕۆژئاوای کانادا ـ ڤانکۆڤێر لە سییەمین سالیادی تیرۆری دوکتور قاسملوو ، سمینارێکی تایبەتی لە شاری ڤانکۆڤێری کانادا بەڕێوەبرد. پاش نیوەڕۆی‌ ڕۆژی شەممە ۱۳ جوڵای بەرامبەر بە ٢٢ی پووشپەڕ کە ڕێکەوت بوو لە گەڵ ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی ، لە شاری ڤانکۆڤێری وڵاتی کانادا سمینارێکی تایبەت بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردستانیان و ئەندامان و تەشکیلاتی حیزب لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوەچوو. دوای خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی‌ڕەقیب، خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، بەتایبەتی شەهید دکتور قاسملووی ڕێبەر و هاوڕێیانی، ڕاگەیەندرا. دواتر لە لە لایەن ئەنوەر کەریمی بەرپرسی کومیتەی حیزب لە ڕۆژئاوای کانادا وێرای بە خێر هێنانی بەشدار بووان، بە نوێنەرایەتی تەشکیلاتی حیزب لە کانادا بە خێرهێنای بەڕێز کاک خالید عەزیزی سکرتێری پێشوو و ئەندامی ڕێبەری حیزب بۆ بەشداری لەو یادە گرینگەدا کرد و داوا لە کاک خالید کرا بۆ پێشکەش کردنی باسەکەیان ،کە تایبەت بوو بۆ یادی سی ساڵەی شەهید بوونی دکتور قاسملووی مەزن.
بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری پێشوو و ئەندامی ڕێبەری ئێستای حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سەرەتای باسەکەی بە ئاماژەدان بە پێگەو جێگەی دوکتور قاسملوو لە بزووتنەوەی ئازدایخوازی لە کوردستان و لە ئێراندا ، تیشکی خستە سەر وێستگەکانی ژیانی سیاسی و خەباتی دکتور قاسملووی ڕێبەر لە قۆناغە جیاوازەکان و دیار بوونی شوێن پەنجەی شەهیدی نەمر بە سەر مێژوی سەردەم و دۆزی ڕەوای گەلەکەمان تا ئەمڕۆ. بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە دکتور قاسملوو نەک بە تەنیا لە ماوەی ژیانی دا ، بەڵکوو دوای شەهید بوونەکەشی سەرمایەیەکی گەورە بوەو ، هەتا ئێستاش کاریگەریەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە سەر خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان دا ڕەنگ دەداتەوە. بەڕێز عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا وتی کە دکتور قاسملوو وەک کەسێکی پڕاگماتیست تەنیا لە سەر یەک جۆر مێتۆد و شێوازی بیر کردنەوە قەتیس نەدەمایەوە و ، لە گەڵ ڕەوتی ئاڵ و گۆڕەکانی خەبات دا نوێ دەبوویەوە و پڕۆژەی نوێ و بیری نوێی دەهێنایە نێو خەباتی گەلەەمانەوە. هەروەها بەڕێز خالید عەزیزی ئاماژەی بە باوەڕی دکتور قاسملووی ڕێبەر لە سەر چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد کرد و وتی دکتور قاسملوو خەباتی پێشمەرگانەو ئەزمونی ڕووداوەکانی ئەو کاتی باشوری کوردستانی دیتبوو بۆیە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی زۆریدا کە پێش بە شەڕ بگیرێت و هەمیشە دەیگووت ئەگەر ئێمە بتوانین ڕۆژێک پێش بە شەڕ بگرین ئەوە بە سەد ڕۆژ پێشدەکەوین. بەشی کۆتایی سمیناری یادی سی ساڵەی شەهید بوونی دکتور قاسملوو ، ترخان کرابوو بە پرسیار و وڵام، کە لەو بەشەش دا ژمارەیەکی بەرچاوو لە بەشدار بووان پرسیارەکانیان ئاراستەی بەڕێز کاک خالید عەزیزی کرد و بەڕێزیشیان بە وردی وڵامی پرسیاری بەشدار بووانی دایەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کوردستانیانی ڤانکۆڤێر پێشوازێکی گەرم و گوڕیان لە سمیناری یادی سی ساڵەی شەهید بوونی دکتور قاسملووی مەزن داکرد و بە شکۆیەکی تایبەتیەوە یادی شەهید دکتور قاسملووی نەمریان کردەوە.