کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دووبرای کۆڵبەر لە ماوەی ساڵێکدا

20:40 - 24 پووشپەڕ 2719

لە ماوەی ساڵێکدا دووبرای کۆڵبەری خەڵکی ناوچەی سەردەشت بە تەقەی هێزە ئنتیزامییەکانی ڕێژیم کوژراون. بە پێی هەواڵێک کە لە سەردەشتەوە بە "کوردستان وکورد" گەیشتووە، ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ کۆڵبەرێک بە ناوی محەممەد ئیبراهیم‌‌زادە خەڵکی گوندی گەوەلان سەربە شاری سەردەشت، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لێ‌ئەستێندرا. کوژرانی ئەو کۆڵبەر لە کاتێک‌دایە کە چەند مانگ لەمەوبەر برایەکی ئەو کۆڵبەرە بەناوی ناسر ئیبراهیم‌زادە هەر بە تەقەی چەکدارەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست‌دا. بە پێی ڕاپۆرتی وەرزانەی "چاونیوز" کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 70 کۆڵبەر و کاسبکارەی کورد لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٩٨ی هەتاوی لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دابوو و بریندار ببوون و لەو 242 قوربانییە 80 کەسیان کوژرابوون و 162 کەسیش بریندار ببوون.