کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی هونەرمەندێکی خۆشنووس لە شاری سنە

00:18 - 26 پووشپەڕ 2719

مامۆستا محەممەد سابری سابر، کە یەکێک لە هونەرمەندانی ناوداری شاری سنەیە ، لە بواری خۆشنووسی وخۆشخەتییەوە ، دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا، ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕ ماڵاوایی لە ژیان کرد. مامۆستا "محەممەد سابری سابر" لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییە. لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە تێکەڵ بە دونیای هونەر و جوانی بوو و لەگەڵ مامۆستا "مەهدی کەماڵی کوردستانی " سەرەتاکانی کاری خۆشنووسی دەستپێکرد و لە قۆناغی ناوەندیدا بەشێوەی جیددی کاری جواننووسی و خۆشخەتیی لەلای مامۆستا "ئەحمەد حەواری نەسەب" ناسراو بە "ئەبوو سەعید" تێپەڕاند و دواتر لە ساڵی ١٣٥١دا لە ئەنێستیتۆی هونەر لە شاری تاران قۆناغەکانی خوێندنی تەواو کرد. ناوبراو لە ساڵی ١٣٦١ی هەتاویدا، بە هاوکاریی مامۆستا کەماڵی کوردستانی و چەن کەسی دیکە ئەنجوومەنی خۆشنووسانی پارێزگای سنەیان دامەزراند و دەستیان بە کار و چالاکیی هونەری کرد. مامۆستا محەممەد سابر لە ساڵی ١٣٦٤ەوە تاکوو ساڵی ١٣٧٥ بۆ ماوەی ١١ ساڵ بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی خۆشنووسانی پارێزگای سنە بوو. ناوبراو لە درێژایی تەمەنیدا بە فێرکاری و پەروەردەی شاگرد و هۆگرانی خۆشنووسی سەرقاڵ بوو. ئۆستاد سابر ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٥ی پووشپەڕ، لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدیی شاری سنە لە بەشی هونەرمەندان و ناودارانی کورد، بە خاک سپێڕدرا.