کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەستەمیی هاوردەکردنی کەلوپەلی پزیشکی لە دەرەوە بۆ نێو ئێران

06:41 - 28 پووشپەڕ 2719

بەدوای گوشار و گەمارۆکانی ئەمریکاوە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک هەمیشە هەناردەکردنی بەرهەمەکان و هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوەی ئێرانەوە بۆ نێوخۆ قەدەغەیە و مامەڵە کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارێکدا بە پێشێل کردنی یاسا نێو دەوڵەتییەکان دەزانرێت و ئەو وڵاتانەی لەگەڵ ئێران مامەڵە بکەن دەکەونە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە. هەربۆیە وڵاتی ئیران پێویستیی بە هاوردەکردنی کاڵا و کەلوپەل و پێداویستییەکانی دەرەکییە تاکوو بتوانێ پڕۆسەی ئابووریی وڵات بگەڕێنێ. بوارێکی زۆر گرینگ ئەوەیە کە دەرمان و پێداوەیستییە پزیشکییەکانی پێویست لە ئێران لە کوێوە دابین دەکرێ و ئامێرە پزیشکییەکانی پێویست لە ژوورە تایبەتییەکانی دەرماندا چۆن دێتە نێو ئێران، بەڕێوەبەری یەکیەتیی بازرگانیی پزیشکیی ئیڕان لەو بارەوە دەڵێ: " لەم دۆخەی ئێستا دا دابین کردنی ئامێرەکانی دەرمان کارێکی زۆر ئەستەمە چوونکە زۆربەی ئامێرەکانمان لە دەرەوەی ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. پێشتر لە وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکاوە ئامێرەکانمان دەهێنا بەڵام ئێستا دەبێ لە وڵاتانی چین و هێندەوە دابینیان بکەین کە ئەوەش تێچوویەکی یەکجار زۆری دەوێت و دەبێ زۆر پارەی بۆ دابین بکرێ". شایانی باسە کێشەیێکی دیکە کە لەسەر ڕێگای دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکان دایە ئەوەیە کە دەوڵەت، پشتیوانیی ئابووری ناکات و بانکەکان پارەی پێویست بۆ دابین‌کردنی پێداویستییەکانیان نییە. هەروەک دیارە، دۆخی تەندرووستی لە ئیڕان باش نییە و خەڵکی ئێران پێویستیان بە دەرمان و ئامێرە دەرمانییەکانە و دەست و لایەنە پێوەندیدارەکان و ئۆرگانە تایبەتەکان ئەرکی سەر شانیانە کە فریاکەوتن و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ خەڵک دابین بکەن و لە دەرمان کردن و عەمەلیاتی پزیشکیدا خزمەتگوزار بن.