کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی زارا محەممەدی

06:45 - 28 پووشپەڕ 2719

زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین هێشتا لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دەبات. ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی، زارا محەممەدی و ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرەیی ئەنجومەنی نۆژین لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ بەندیخانە گوازرانەوە. دوای ئازار و ئەزییەتێکی زۆری هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو سێ چالاکە، ئێدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کران بەڵام زارا محەممەدی ئێستاش لەژێر گوشارەکانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دایە و چارەنووسی دیاری نەکراوە. خەڵکی دڵسۆز و لایەنگرانی فەرهەنگ و زمانی کوردی و ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بە پشتیوانیی خۆیان لە زارا محەممەدی، چەندین جار هەوڵیان داوە کە ناوبراو ببینن و لە دۆخی ئاگادار بن بەڵام کاربەدەستانی ئیتلاعات بەرگرییان کردووە. هەروەها بنەماڵەی ناوبراو لە چەندین هەوڵدا ویستوویانە لە دۆخی کچەکەیان ئاگادار بن و بۆ ئازادکردنی لە کۆت و بەندەکانی ڕێژیم داوایان لە بەرپرسان کردووە و ئاکامەکەی هەر ئەوەیە کە لە گرتووخانە دایە. بەپێی زانیارییەکان کە بە دەستمان گەیشتووە، دۆخی جەستەیی زارا لەبار نییە و لەژێر ئازار دایە. شایانی باسە کە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە پشتیوانیی خۆیان لە زارا محەممەدی نیشانیان دا کە خۆشەویستیی چالاکان و دڵسۆزان کورد چەندە بۆیان گرینگە و بایەخی پێ دەدەن. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە دوای گرتنی ئەو سێ ئەندامەی نۆژین، دوو ئەندامی چالاکی دیکەی ئەو ئەنجومەنە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتووخانە براون. سیروان ئیبراهیمی، بەرپرسی لقی ئەنجومەنی نۆژین لە شاری کامیاران و منەت ڕەحمانی، دوو کەسی دیکەن کە دەسبەسەر کراون و هێشتا ئازاد نەکراون.