کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەنووسێکی کورد ساڵێک زیندانی بۆ بڕایەوە

21:29 - 29 پووشپەڕ 2719

موختار زارعی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری سنە پاش چەند مانگ لە بانگ‌کرانی بۆ ناوەندە قەزاییەکان بە تۆمەتی بێڕیزی بە ڕێبەری باڵای ڕێژیم بە ساڵێک زیندان سزا درا. ئەو چالاکە مەدەنییە لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە ئینیستاگرام وێڕای پشت‌ڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە نووسیویەتی کە هەوڵی زۆرم‌دا سەرنجی دادگا بۆ گرینگیی دێموکراسی، ئازادی، چالاکیی ئاشتیخوازانە، مافی مرۆڤ و هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدان و... ڕاکێشم، بەڵام سەرکەوتوو نەبووم و سالیک زیندام بۆ بڕایەوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی پووشپەڕ، "موختار زارعی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری سنە، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە یەک ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا. مەحکووم کرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە کاتێکدایە کە لە ڕێکەوتی ٧ی بانەمەڕ بە تۆمەتی "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران"، بە دوو ساڵ زیندان و بە تۆمەتی "بانگەشە دژی نیزام" بە یەک ساڵ زیندان مەحکووم کرا بوو. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە ساڵی ڕابردوو موختار زارعی ڕۆژنامەنووسی کورد لە زنجیرە بابەتێکدا بە ڕاشکاوی ڕوو بە ڕێبەری باڵای نیزام باسی لەوە کردبوو کە، شەخسی یەکەمی ڕێژیم واتە خامنەیی بەرپرسی کێشەو گرفتەکانی ئێرانە. هەروەها ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە ساڵڕۆژی کوژرانی ئیبراهیم لوتفی خوێندکاری کورد کە لەساڵی ٨٦ی هەتاویی لە گرتووخانەی ئیتلاعات گیانی لە دەستدا، داوای دیبەیتی تەلەفزیۆنی کرد لە بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەوکاتی پارێزگای سنە. ڕۆژی دووشەممە ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵ موختار زارعی بە تاوانی بێرێزی کردن بە ڕێبەری باڵای نیزام و بانگەشە بە دژی ڕێژیم بە دادوەری قازی”شەڕەفی” دادگایی کراو ، ڕۆژی شەممە ٧ی بانەمەڕ حوکمەکەی پێ ڕاگەیەندرا.