کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی خۆکوشتن لە کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوات

21:58 - 31 پووشپەڕ 2719

بەداخەوە لەم دواییانەدا ئاماری خۆکوژی لە شارەکانی کوردستان لەهەڵکشاندایە و خەریکە کارەساتی لێبکەوێتەوە و دەبێتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی زۆر مەترسیدار،هەر بۆیە ڕوانینێکی کۆمەڵناسی و دەروونی شیکارانەی دەوێ. بەسەرەنجدان بە سیستمی ئابوری و سیاسی وکۆمەڵایەتی زاڵ بەسەر وڵاتی ئێراندا کە بەداخەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک و پلان بۆ داڕێژراو هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا ڕاددەیەکی زۆر خۆی دەرخست وهەوڵی پەراوێز خستنی بەشی هەرەزۆری کۆمەڵگای ئێران وکوردستان بە گشتی خستە نێو بەرنامەو پلانەکانی خۆیەوە وبە هەموو شێوەیەک هەوڵی لاوازکردنی کەسایەتی و مرۆڤایەتی مرۆڤەکانی خستەڕۆژەڤەوە وهەر لە سیستمی پەروەردەوە بگرە تاکۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی خەریکی سازکردنی جەستەیەکی بێڕۆح و کۆمەڵگەیەکی پرتووکاوە بۆ ئەوەیکە بە باشی بتوانێ دەستەمۆی کات و ڕۆژ بەڕۆژ کێشە و تەنگەژەکانی کۆمەڵگا هەرکامەو لایەکی جەستە و ڕۆحی مرۆڤی ئێرانی و کوردستانی تەنیوەو خەریکە دەبێتە شێرپەنجەی کۆمەڵگە وڕۆژ بە ڕۆژ چارەسەرییەکەی دژوارتر دەبێتەوە و خەریکە دەبێتە پەتایەک و لە تاکەوە بۆ کۆمەڵگاو بە پێچەوانەشەوە دەگوازرێتەوە. خوێندنەوەیەکی سەرەتایی پێمان دەڵێ کە پارێزگاکانی کوردستان هەر لە ئیلامەوە بگرە تا ورمێ زۆرترین ئاماری خۆکوشتن وهەوڵدان بۆ خۆکوشتنیان هەبووە ئەوەی جێ مەترسییە زۆر بوونی ئامارەکان لەم دواییانەدایە کە بە شێوەیەکی خێرا ڕوو لە هەڵکشانە و هەر لە چەن ڕۆژی ڕابردوودا هاوکات لە یەک ڕۆژدا چوار کەس لە پارێزگای سنە خۆیان کوشتووە .کە جیا لە خەسارە مرۆیی و دەروونییەکانی کۆمەڵگای کوردی بۆ دوژمنیش دڵخۆشکەرە کە توانیویە کۆمەڵگەیەکی بێهیوا و نەخۆش بەسەرماندا بسەپێنێ . کاتێ کەسایەتی و شوناسی مرۆڤ دەشکێ و یان باشترە بڵێین دەپرتووکێ و ئەو کەسە بەهەر هۆکارێک تەوانایی و هێزی ئەوەی نابێ کە ئەو شکان و پرتووکانە ڕێکبخاتەوە و بێهیوایی و بێهێزی بەسەریدا زاڵ دەبێ لە ڕووی ناچارییەوە ئەندام و جەستەو فیزیکی خۆی وەکوو تەنیا شتێک دەبینێ کەدەتوانێ بەسەریدا زاڵ بێ وڕەق و بێزاری خۆی لەسەریدا خاڵی بکاتەوە ،دەروونێکی پرتووکاو هانی دەدا هێرش بکاتە سەر جەستەی خۆی وەکوو بوونی خۆی و لە ناوی بەرێ . هۆکارەکانیش دەکرێت زۆر شت بێت لەوانە بواری کەسییەتی ،ئابووری ،سیاسی ، خۆبەکەمزانین،نەبوونی داهاتوویەکی ڕوون ،ژیانێکی پڕلە بەربەست ،سەخت و تاقەت پڕووکێن و زۆر هۆکاری دیکە. "دوورکیم "کۆمەڵناسی بەناوبانگ دەڵێ خۆکوشتن تەنگەژەیەکی کۆمەڵایەتییە ودەکرێت بڵێین کۆمەڵگە لێ‌بەرپرسیارە. سرووشتی مڕۆڤ دوو بەشە "جەستە و دەروون" یان ڕەوان کە هەردوولایەن پێڕاگەیشتنی خۆی دەوێ کە دەکرێ بلێین پێکەوە گرێدراون و جیا نابنەوە ئەگەریش جیا بنەوە دەبێتە هۆی نەخۆشی لایەکیان و ئەو بەشەکەی تریش بە خۆیەوە سەرقاڵ دەکات . خۆکوژی مرۆڤێک لە گەڵ ئەوەیدا خەسارێکە لە خۆی و بنەماڵەی دەکەوێت هاوکات خەسارێکی هەرە گەورەتر و بەرچاوترە بۆ کۆمەڵگا و دەبێ وەکوو بابەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی چاوی لێبکرێت و بەداخەوە دەتوانێ زیانی گەورەتری بۆ کۆمەڵگە بە دواوە بێت. هەر بۆیە هەموومان جیا لەو هۆکارگەلەی باسمان‌کرد پێویستە خۆبەبەرپرسیار بزانین و بەتایبەت لەم دۆخەیدا کە کۆماری ئیسلامی بە سەر خەڵکیدا سەپاندووە بواری مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیمان بەهێزتر بکەین و بە تایبەت ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی کۆمەڵگە بێدەنگ نەبن و بە هەر شێوەیەک کە بۆمان دەگونجێ یارمەتی دەرچوون لەم پەتایە بدەین ولە بیرمان بێت کە کۆمەڵگایەکی نەخۆش پرشەکەشی لە ئێمە دەکەوێت .