کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قاسملوو ڕچەشکێنی ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە بوو

16:11 - 1 گەلاوێژ 2719

عوسمان بایدەمیر، کەسایەتیی سیاسیی کوردی باکوور و پارلمانتار لە تورکیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردکاناڵ، تێرۆری د. قاسملووی بە بیرەوەرییەکی ناخۆشی ژیانی ناو برد و گوتی ئەو کاتە ئەمن لاوێکی تەمەن 18 ساڵ بووم و بەداخ بووم کە بۆ دەبێ سەرکردەیەکی ناوداری نەتەوەکەم جارێکی دی بە دەهۆ و پیلانی دوژمنانمان لەدەست بچێ. بایدەمیر گوتی د. قاسملووی گەورە ڕچەشکێنی دیپلۆماسیی کورد بۆ ناساندنی پرسی کورد بە دنیای دەرەوە بوو و، ئێستا ڕێبەرانی دیکەی کورد وەک میراتێک لەوە دەروانن و هەر بەو ڕچەیەدا دەڕۆن کە د. قاسملوو بۆی کردبوونەوە. ئەو فێری کردین ئەوەی لە دەستمان دێ بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بیکەین، بێ ئەوەی دەستێوەردانمان کردبێ لە کاروباری نێوخۆیی یەکتریدا. عوسمان بایدەمیر گوتی د. قاسملوو بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران چووە سەر مێزی وتووێژ، بەڵام تێرۆری ئەم رێبەرە کاریزمایە لەلایەن نێردراوانی ئێرانەوە پێی گوتین کە ڕێژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان چ لە شام و تورکیە، یان ئێران و عێڕاق باوەڕیان بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد نییە. ئەو کەسایەتییە دیار و هەڵسووڕەی باکووری کوردستان ئەوەشی گوت هەتا پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چارەسەر نەکرێ، ئەم وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە نە هێمنی و نە سەقامگیرییان تێدا نابیندرێ. ئەمە هەڕەشە نییە و حەقیقەتێکە کە کورد مافی خۆی هەیە و لە پێناو مافەکانیدا خەباتێکی بەردەوام دەکا و پاشەکشە ناکا. بایدەمیر گوتی با ڕێژیمەکانی ئانکارا، تاران و دیمەشق لە چارەنووسی سەدام دەرس وەربگرن، چونکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلماندی کە تێرۆری ڕێبەرە پێشەنگەکانی وەک دوکتور قاسملوو نەبووەتە هۆی ڕاوەستانی جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان.