کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی خەڵکی لێقەوماوی سەرپێڵ‌زەهاو، لە هەمبەر خەمساردی بەرپرسان

21:02 - 1 گەلاوێژ 2719

لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی زیان لێکەوتووی شاری سەرپێڵ‌زەهاوی پارێزگای کرماشان بە نیسبەت نەبوونی پێڕاگەیشتنی پێویست و کەمتەرخەمیی دەسەڵات، ناڕەزایەتییان دەربڕی. بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە ڕۆژی دووشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری سەرپێڵ‌زەهاو، کە پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ و نیو بەسەر کارەساتی بوومەلەرزە، هێشتاکە لە بارودۆخی نالەباردا دەژین و کەس خۆی لەوبارەوە بەبەرپرسیار نازانێت، دەستیان دایە خۆپێشاندان و بۆ ماوەی ١٣ کاتژمێر شەقامە سەرەکییەکانی ئەو شارەیان داخست. لە گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوکراوەتەوە هاونیشتمانییانی سەرپێڵ‌زەهاوی باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای تێپەڕبوونی دووساڵ و نیو لە بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، نە تەنیا کێشە و گرفتەکانی خەڵکی لێقەوماو چارەسەر نەکراوە بەڵکوو ئەو خەڵکە لە گەرمای ٥٠ پلەی هاوین لە ئاو و کارەباش بێبەش کراون. ڕۆژی دووشەممە پاش پچڕانی کارەبا و داخرانی ئاوی خواردن لە شاری سەرپیڵ‌زەهاو، خەڵکی ئەو شارە ڕژانە سەرشەقام و چەند کاتژمێر خۆپێشاندانیان کرد. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە شەوی ٢١ی خەزەڵوەری ٩٦ی هەتاوی بە هۆی بوومەلەرزەی بەهێزی ۷.۳ ڕێشتێر لە پارێزگای کرماشان وێڕای خەسارێکی زۆر بە ژیان و حاڵی خەڵکی ئەو پارێزگایە بە تایبەتی لە ناوچەی سەرپێڵ‌زەهاو زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراو و نزیکەی دە هەزارکەسیش بریندار بوون. بە گوتەی فەرهاد تەجەری نوێنەری قەسری شیرین لە مەجلیس؛ هێشتا نێوەی زیاتر لەو خەڵکە لە نێو کانێکس و خێوەت دەژین. هەر بە گوتەی “تەجەری” دۆخی خراپی ئابووریی وڵات و گرانی لەڕادەبەدەر، کێشەی خەڵکی لێقەوماوی پارێزگای کرماشانی چەند بەرابەر کردووە. نوێنەری شاری قەسری‌شیرین رۆژی شەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاوی بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕایگەیاند؛ بەشێکی زۆری بەڕێوەبەرییەکان لەو پارێزگایە کێشەیان هەیەو زۆربەی پەیمانکارەکان، بەهۆی گرانییەوە وازیان لەکار هێناوە.