کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمبوونی زیاتر لە ١٠٠هەزار پەرەستار لە ئێران

21:03 - 1 گەلاوێژ 2719

نەخۆشخانەکانی ئێران لەم ساڵانەدا کەمترین ڕادەی پەرەستاریان لەگەڵ بووە و هەموو جارێک پێویستیان بە پەرەستار بووەو، بەهۆی نەبوون و کەمبوونی پەرەستارەوە، نەیانتوانیوە خزمەتگوزاریی پێویست بۆ نەخۆشەکان دابین بکەن. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندە دەرمانییەکانی ئێران، جێگری وەزارەتی تەندرووستی سەبارەت بە کەمبوونی پێرسونێلی پەرەستار و دەرمانی لە لێدوانێکدا گوتی: " ئێستا لە زۆر شوێن و ناوچەی ئێران پێویستمان بە کادری دەرمانییە بۆ فریاکەوتنی پزیشکی بەڵام ئەو خزمەتگوزارییانەش پێویستیان بە پەرەستار و هاوکاری پێرسۆنێلی دەرمانییە کە ئێمە پێویستیی سەرەکیمان بە پەرەستارە". شایانی باسە کە وەزارەتی زانستە پزیشکییەکانی ئێران لەبارەی کەمبوونی پەرەستارەوە دەڵێ:'' ئێمە تیمی فریاکەوتن و پەرەستارمان زۆرە. چوونکە هەموو ساڵێک بە هەزاران کەس خوێندیان لەو زانستە تەواو دەبێ بەڵام دابەشکردنی نادرووست و نا ئاسایی دەبێتە هۆی لە پەراوێز کەوتن یا لە بەردەست نەبوونی پەرەستارەکان لە نەخۆشخانەکان". وەزارەتی تەندرووستی ڕایگەیاندووە کە بەهۆی کەمبوونی پزیشک و پەرەستارەوە لە ئێران، ئێستا زیاتر لە سەد هەزار کەسی پەرەستار بۆ نەخۆشخانەکان پێویستە.