![](/files/hamidrazawani.jpg)
شەش مانگ لە بێسەروشوێن بوونی حامد ڕەزوانی تێدەپەڕێت بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ئەو هونەرمەندە لەبەر دەست نییە.
ناوبراو مامۆستای مۆسیقا و ژەنیارێکی بەهێزی ئامیڕەکانی مۆسیقایە کە لە ڕۆژی ٣ی بەفرانباری ساڵی پاردا لە شوێنی ژیان و ماڵی خۆی دێتە دەرەوە و بێ هەواڵ لە ماڵ و بنەمالە بوو و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە.
شایانی باسە کە بنەماڵەی ناوبراو دوای هەوڵێکی زۆر و سەردانێکی زۆری ناوەندە قەزایی و ئەمنییەکان و هەروەها نەخۆشخانە و دادسەراکانیش، هیچ هەواڵێکیان لێێ نییە و هیچ ئاکامێکی نەبووە تا ئێستا.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی حامید ڕەزوانی لەو بارەوە دەڵی:" تا ئێستا نازانین چۆن ون بووە و لە کوێیە و چی بەسەر هاتووە؟".
ئەگەری ئەوە زۆرە کە ناوبراو بەهۆی بەهایی بوونییەوە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێسەروشوێن کرا بێ.
چونکە ئەگەری ون بوونی کەسێکی زانا و بەتوانا لە شاری ئیسفەهان، کە لەدایکبووی ئەو شارەیە زۆر کەمە و هەروەها کێشەی ڕەوانی و عەقڵیی نەبووە و هیچ جۆرە کێشەیەکی پزیشکی و دەرمانیی نەبووە. هەروەها مامۆستای ئامێری "دەف" بووە و ئەو دەمە لە کاتی وتنەوەی وانەکانی دەفدا بووە.
زۆربەی باوەڕمەندان بە ئاییینی بەهایی لە ئێران لە شاری ئیسفەهاندا دەژین و هەر ئەو بەهاییانەش زۆربەی کات دەکەونە بەر گوشار و سەرکوتی هێزە ئەمنی و ئینتیزامییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە. بەهاییەکانی ئێران لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا جێگایان نەکراوەتەوە و بەهەموو چەشنێک کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر دۆخی ئەواندا زوڵم دەکا و هەموو جارێک هەڵاواردن دەکرێ بەرانبەر بە ئەوان. لە دادگا و شوێنە یاساییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەهاییەکانی ناتوانن بە ئاسایی بژین و داوای مافی خۆیان بکەن.
هەربۆیە ئەگەری ئەوەیکە حامید ڕەزوانی دەسبەسەر کرا بێت زۆرە. چوونکە ناوبراو چەند ساڵ پێش بە ئایینی بەهاییەکان ئیمانی هێنا و بوو بە ئەندامی فەرمیی "کۆمەڵەی بەهاییەکانی ئێران".
کەسێکی ئاگادار لەو بارەوە دەڵێ:" حامید زۆر جار لەلایەن کەسانی نەناسراوی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە بێ ڕێزیی پێ کرابوو و زیاتر لە دەیان جاریش بۆ دادگا و دادسەراکانی کۆماری ئیسلامی بانگ کرابوو و ئازاری جەستەییان دابوو و هەڕەشەیان لێ کردبوو کە لە باوەڕەکەی هەڵ بگەڕێتەوە".