کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دوویەمین فستیڤاڵی خەڵاتی کتێبی ساڵ لە پارێزگای سنە

23:13 - 3 گەلاوێژ 2719

دوویەمین فستیڤاڵی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان لە شاری سەقز بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەڕێوەچوو. بە پێی‌سەرچاوە خۆجێیەکانی هەواڵ لە ڕۆژانی دوویەم و سێیەمی گەلاوێژی ئەمساڵ ٩٨ی هەتاوی بە بەشداریی کۆمەڵێک قەڵەمبەدەست و خاوەن بەرهەمی کورد لە شاری سەقز دوویەمین فستیڤاڵی خەڵاتی کتێبی ساڵ بەڕێوەچوو. هەروەها لە پەڕاوێزی خەڵاتی کتێبدا چەند دانیشتن و کۆڕی شارەزایانە لە بابەت کتێبەوە پێکهاتوو ،هەروەها پێشانگایەکی کتێب لەو بەرهەمانەی گەیشتوونەتە دەبیرخانەی خەڵاتی کتێب نواندران. ڕەزا شەجیعی بەرپرسی دوویەمین خەڵاتی کتێبی ساڵ لەو پێوەندییە‌دا ڕایگەیاند یەکەم فستیڤاڵی خەڵاتی کتێب، ساڵی ١٣٩٠ لە شاری کامیاران بەڕێوەچوو. ناوبراو گوتی؛ ئەو فستیڤاڵەکە لە دوانزە بەشدا بەڕێوەدەچێ کە بریتین لە؛ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە- وەرگێڕانی ئەدەبی- شیعر- چیرۆک و ڕۆمان- ئەدەبی منداڵان- مێژوو و جوگرافی- دین و فەلسەفە- هونەر و میعماری- کۆمەڵناسی و دەروونناسی- زمانناسی و زمانی کوردی- شانۆنامە- حقووق و سیاسەت. لێژنەی هەڵبژاردن و داوەری لە بیست و دووو کەس پێکهاتوون. شەجیعی لە کۆتایی قسەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە بەربەستەکانی سەرڕێی چاپەمەنی کوردی لە ئێران ڕایگەیاند ؛ نووسین و کتێبی کوردی دوو کێشەی لە بەردەمدایە. کە یەکەمیان ئەو کێشانەن بواری مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوە دەگرێتەوە و دووهەم ئەو کێشانەیە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ڕاپەڕاندنی سەرجەم پڕۆسەی چاپ و بڵاوکردنەوەدا هەیانە ، کتێبی کوردی لە ئێراندا لە باشترین حاڵەتدا لاوازترین پشتیوانیی لێدەکرێ.