کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهیمەتی چالاکانی مەدەنی، دوو ژن لە پەتی سێدارە ڕزگاریان بوو

00:45 - 6 گەلاوێژ 2719

سوغرا خەلیلی خەڵکی بێسارانی مەریوان کە بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەسەت حوکمی ئێعدامی بە سەر سەپاو بوو، بە هیمەتی کەسانی خێرخواز و چالاکانی مەدەنیی کورد، لە پەتی سێدارە ڕزگار کرا. یەکێک لە چالاکانی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوان لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی ڕایگەیاندوە کە بە بەشداریی و هیمەتی مرۆڤدۆستانەی کەسانی خێرخواز و چالاک، دییەی خاتوو سوغرا خەلیلی کۆکراوەتەوەو لەوانەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئازاد ببێ. شایانی باسە بنەماڵەی کوژراوەکە داوای ٣٠٠ میلیونیان کردبوو کە لە ئەو ژنە بەندکراوە خۆش ببن. جێی‌ئاماژەیە لە هەڵمەتێکی هاوشێوەدا، بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شارەکانی دێولان و سنە توانیان ژنکی دیکە بەناوی فەوزیەوە جەوازی لە سزای قەساس ڕزگار بکەن. هەوڵدان بۆ پەرەپێدان بە روحی لێبوردوویی لە کۆمەڵگە چەند ساڵ بۆتە یەکێک لە چالاکییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان و تا ئێستا چەند کەسیان لە پەتی سێدارە ڕزگار کردوە.