کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیوەست بوونی دانمارک بە هاوپەیمانی وڵاتانی ئورووپایی دژ بە کۆماری ئیسلامی

00:50 - 6 گەلاوێژ 2719

دانمارک ڕۆژی هەینی ٤ گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی پێشوازی لە بڕیاری بریتانیا کرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئورووپایی بۆ دابینکردنی ئاسایشی کەشتیڕانی لە گەرووی هۆرمۆز. فەرانسە و ئیتالیا پێشترئامادەیی خۆیان بۆ پەیوەستبوون بەو هاوپەیمانییە ڕاگەیاندبوو. بریتانیا دوای دەسبەسەرگرتنی کەشتییەکەی لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە هەوڵی درووستکردنی هاوپەیمانەتییەکدایە لە گەرووی هۆرمۆز بۆ پاراستنی ئەو کەشتیگەلەی کە بە گەرووی هۆرمۆزدا تێدەپەڕن. دانمارک وڵاتێکی گرینگی ئورووپاییە کە بەشێکی بەرچاوی لە بازرگانی وکەشتیڕانی دونیادا هەیە و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە زۆر بەهێزە و دەتوانێ کاریگەرییەکی زۆری لەم هاوپەیمانەتییەدا هەبێ . شایانی باسە کە کەشتی بازرگانی بریتانیایی ڕۆژی چوارشەممە بە پشتیوانی کەشتی شەڕکەری ئەو وڵاتە لە گەرووی هۆرمۆزەوە تێپەڕی، هەروەها دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی پێنشەممە ٣ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی بڕیاریدا کەشتییەکانیان لە گەرووی هۆرمۆز بە پشتیوانی و ئسکۆرتی کەشتییە شەڕکەرەکانیان تێپەڕن. جێ وەبیر هێنانەوەیە کە ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕی ٩٨ی هەتاوی سپای پاسداران دەستی بەسەر کەشتییەکی بریتانیاییدا گرت و بۆ کەناراوەکانی ئێرانی گواستەوە کە بریتانیا ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە دزی دەریایی ناوبرد.