کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی فۆلکلۆربێژی هەورامی ماڵاوایی لە ژیان کرد

23:58 - 6 گەلاوێژ 2719

مامۆستا محەممەد ئەمین خواشتی، هۆرەچڕ و فۆلکلۆربێژەی ناوچەی هەورامان پاش ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ نەخۆشی ڕۆژی شەممە ٥ی گەڵاوێژی ٩٨ی هەتاوی لە گەڵ دنیای ئاواز و گۆرانی ماڵاوایی کرد. محەممەد ئەمین قادری ناسراو بە محەممەد ئەمین خواشتی لە مامۆستایانی ناوئاشنای بواری مووسیقی هەورامی و عیرفانییە کە پاش چەندین ساڵ خزمەت بە مووسیقی ڕەسەنی کوردی، بە هۆی نەخۆشییەوە رۆژی شەممە ٥ی گەلاوێژ لە تەمەنی ٧١ ساڵەیی‌دا کۆڕی هۆگران و یارانی بەجێهێشت و لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا لە مەزارگەی هونەرمەندان لە گۆڕستانی "بەهەشت محەممەدی"ی شاری سنە لە ئامێزی خاکی نیشتماندا حەسایەوە. مامۆستا محەممەدئەمین خواشتی لە ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە ئاوایی "خواشت" سەر بە شاری مەریوان لە دایک‌بوو، ئەو هونەرمەندە چەند دەیە لە تەمەنی تەرخان کرد بۆ گەشەو بووژانەوەی مووسیقی ڕەسەنی ناوچەی بەنرخی هەورامان، بەڵام بەداخەوە لە نێوەڕاستی دەیەی ٦٠هەتاوی لە کاتی کار لە ڕووداوێکدا لە باری جەستەییەوە زیانی قورسی لێدەکەوێ، ئەگەرچی هەر بە هیواوە درێژەی بەژیاندا، بەڵام چیتر بنارەکانی هەورامان و هۆگرانی لە دەنگی ئەهۆرایی ئەو هونەرمەندە بێبەش بوون و، تەنیا بەرهەمە تۆمارکراوەکانی ناخی گوێگرانی پاراو دەکرد. ئەگەرچی ئەو هونەرمەندە بە جەستە لە لامان نەماوە بەڵام بەرهەمەکانی بەشێکی زێڕینن لە خەرمانەی هەرمانی ، مووسیقی و ئاوازی ڕەسەنی کوردی. گیانی شاد و ڕێگای هونەری پڕ ڕێبوار.