کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆچەر بیرکار" بۆ وەدستهێنانی نازناوی جیهانی بەربژێر کرا

21:52 - 7 گەلاوێژ 2719

کۆچەر بیرکار، بیرکاری بەناوبانگی کورد چووە ڕیزی 50 بیرمەندی یەکەمی جیهان و شانازیەکی دیکەی بۆ گەلی کورد تۆمار کرد. بەپێی ڕاپرسییێک کە ساڵانە گۆڤاری پروسپەکتی بەریتانیایی بەڕێوەی دەبات ، ساڵانە ٥٠ لە بیرمەند و پسپۆڕ و زاناکانی بوارە جیاجیاکان دەستنیشان دەکات کە باشترین بیرمەندن و بە داهێنانی خۆیان کاریگەریی پۆزتیڤیان لەسەر کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە. ئەمساڵێش بۆ ساڵی 2019 دوکتور کۆچەر بیرکار وەک بیرمەندی کورد، یەکێکە لەو ٥٠ بیرمەندەی کە کاندیدە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ناز ناوە جیهانییە و هەربۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرنجی خەڵکی کوردی ڕاکێشاوە. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە فەرەیدوون درەخشانی، ناسراو بە کۆچەر بیرکار لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی لە ئاوایی (نێ)ی مەریوان لە دایک بووە. کۆچەر بیرکار ئێستا لە زانکۆی کەمبریج پرۆفیسۆرە. لە ساڵی ٢٠١٨دا توانی گەورەترین خەڵاتی بیرکاریی جیھانیی (فیڵدز) کە بە نۆبێلی بیرکاری ناسراوە دەستەبەر بکا. ناوبراو جیا لە خەڵاتی فیڵدز تا ئێستا سێ خەڵاتی گرینگی دیکەی لە بواری زانستی بیرکارییەوە کە بریتین لە، خەڵاتی بنکەی بیرکاریی پاریس، خەڵاتی لێڤێرھووڵم، خەڵاتی مۆر بۆ وتاری لێکۆڵینەوەیی ٢٠١٦ی بە دەست هێناوە.