کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی بۆکان

22:09 - 7 گەلاوێژ 2719

دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی دێموکراتدۆستی بۆکان ، ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵێک کە لە بۆکانەوە بە دەستمان گەیشتووە خاتوو عیسمەت عەبدوڵڵاهی دایکی شەهیدان ئەبووبەکر و عوسمان عەبدوڵڵاهی خەڵکی ئاوایی ساروقامیشی ناوچەی بۆکان پاش ماوەیەک ژیان لەگەڵ ژانی بەئازاری ڕۆڵەکوژراوی بەهۆی نەخۆشییەوە ڕۆژی دووشەممە ٧ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کردووە. دوو خەباتکاری تێکۆشەری دێموکرات کە لە پێناوی ئازادی کوردستان گیانی خۆیانیان پێشکەش کرد، لە ئامێزی ئەو خاتوونە بەڕێزە پەروەردە بوون. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە ئەبووبەکر عەبدوڵڵاهی لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاوی لە سەرچنار شەهید بوو، پاش ٧ ساڵ برایەکی دیکەی بەناوی شەهید عوسمان لە ساڵی ١٣٧٠ گیانی پێشکەش بە ئازادی کوردستان کرد. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی بنەماڵەی تێکۆشەری عەبدوڵڵاهی و، ڕێزلێنان لە سەرجەم دایکانی جگەرسووتای گەلەکەمان، پرسەوسەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی دایە عیسمەت دەکات و، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.