کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاڵپشتی بەشێک لە مامۆستایانی چالاک، لە کەمپەینی دەست لەکار کێشانەوەی خامنەیی

21:41 - 8 گەلاوێژ 2719

پاش ئەوەی ١٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی نێوخۆی وڵات لە تۆی دوو بانگەوازی جیایجیادا ، داوایان کردبوو کە بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێران ، ڕێبەری باڵای رێژیم دەست لە کار بکێشتەوەو هەروەها یاسای بنەڕەتیی ئێران پێداچوونەوەی بۆ بکرێ، ئەو داوکارییە لەگەڵ پێشوازی خەڵک، بەتایبەتی چالاکانی مەدەنی و سیاسی ڕووبەڕوو بۆتەوە. مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ ١٤ کەس لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ئێرانی بەدەرکردنی دوو بانگەواز وێڕای ڕەخنەگرتن لە دەسەلاتی ڕەهای خامنەیی و سێ دەیە دەسەڵاتداریەتی لە ژیر ناوی ڕێبەر نیزام و ویلات فقیهـ، خوازیاری ئەوە بوون کە بەشێوەی مەدەنی دەست لە کار بكێشێتەوەو، هەروەها لە یاسای بنەڕەتیی ئێراندا چاکسازی بکرێ. لە دوویەمین بانگەوازی ئەو ١٤ کەسە بە ڕاشکاوی باس لە نەمانی کۆماری ئیسلامی کراوە. لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەو داواکارییە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتووتەوەو ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی ١٤ کەسی دیکە لە مامۆستایان و چالاکانی فەرهەنگی پەیوەست بوون بە کەمپەینی دەست لەکار کێشانەوەی خامنەیی. جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە لە بەشێک لە بانگەوازی کەمپەینی دەست لە کار کێشانەوەی خامنەیی‌دا هاتووە؛ ساڵانێکە خەڵکانی دڵسۆزی فەرهەنگی، سیاسی و کۆمەڵایەتی خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی نیزامی کۆماری ئیسلامی بوون و، ئەو کەسانە دڵسۆزانە و بوێرانە، بەشێوەیەکی عەقڵانی و هەڵسەنگاندنی باردۆخی وڵات وێڕای ئەوەی کە هۆشدارییان داوەتە کاربەدەستانی ڕێژیم، چەند جارێکیش داوایان کردووە کە ڕێز لە دەنگی خەڵک بگرن، مافی خەڵکیان لەبەر چاو بێ و ئەو شێوە دەسەڵاتدارییە بگۆڕن کە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ ویستی خەڵک هەیە.