کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برینداربوونی چوار کۆڵبەری دیکەی کورد لە ماوەی ٥ رۆژدا

22:04 - 9 گەلاوێژ 2719

لە ماوەی ٥ ڕۆژدا چوار کۆڵبەری کورد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بریندار بوون رۆژی سێشەممە٨ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی سێ کۆڵبەری دیکەی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقە و ڕاوەدوونانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەختی بریندار کران. ڕۆژی ٨ی گەلاوێژ کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عەلی بەهرامی"، بە هۆی بەربوونەوەی لە بەرزاییەکانی تەتەی هەورامان بەسەختی بریندار بوو. پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە شاری پاوە دەگوتڕێ کە باری تەندرووستی ئەو کۆلبەر ناجێگرە. لە هەمان ڕۆژ دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی "محەممەد چووکەڵی و محەممەد حوسێنزادە"، خەڵکی شاری پیرانشار، کوتوونەتە بەر دەسرێژی هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور و بریندار کراون. ئەو دووکوڵبەر لە نێوخاکی هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و بریندار کراون. و پاش برینداربوونیان بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری هەولێر گوازراونەتەوە. هەروەها ڕۆژی شەممە ٥ گەلاوێژ کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوی "نەسیر مەعرووفی"، خەڵکی گوندی "کانی ڕەشـ"ـی شاری شنۆ، لە بەرزاییەکانی کێلەشین بە تەقەی چەکدارانی ڕێژیم بریندار بوو. شایانی باسە لە مانگی گەڵاوێژ زیاتر لە ١٠ کۆڵبەر کوژراو و بریندار کراون. بەپێی ڕاپۆڕتی "چاونیوز" کوژران و برینداربوونی 28 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی پووشپەڕ ئەمساڵ لە حالێکدایە کە لە سێ مانگی بەهار و وەرزی یەکەمی ساڵدا زیاتر لە ٥٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە پێناو پارووە نانێکدا کوژرابوون و بریندار بوون.