کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزانی لەیلاخی لە هەمبەر تێکدانی ژینگە

21:51 - 12 گەلاوێژ 2719

خەڵکی بڵوانای سەربە ناوچەی لەیلاخ بۆ دووەمین جار دژی کاولکاری ژینگەیی ناوچەکەیان کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی بەپێی هەواڵەکان کە لە بڵواناواوە بەدەستمان گەیشتووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەیان کەس لە خەڵکی دڵسۆزی بڵواناوا سەر بەشاری دێولان، بۆ دووەمین جار دژی کاولکاریی کێوی "سورمەلی و خۆرەتاوپان" و هەڵکەندن و دزینی کانزا و سەرچاوە سرووشتییەکان کۆبوونەوە خۆپیشاندانیان کرد. بەوتەی خەڵکی دانیشتووی ناوچەکە، تا ئێستا دەیان کانزای جۆراوجۆری ئەم ناوچەیە لەلایەن کەسانێک لە شارەکانی قوم و کەرەج و تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانەوە هەڵکەندراوە کە جیا لە تێکدانی ژینگەی ئەم ناوچەیە داهاتەکەشی دەستی کەسانی جیا لە خەڵکی خۆجێی ناوچەکە دەگرێتەوە و قازانجەکەی بۆ خەڵکی دانیشتووی ناوچەکە نییە. ئێستاش ئەم کێوە کە لەوەڕگە و سەیرانگای خەڵکی ئەم ناوچەیە لەلایەن ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانەوە فرۆشراوەتە کەسێکی کەرەجی و بڕیار وابووە لەم شوێنە کانزاکان هەڵبکەنن. ئەگەر ئەو کانزایانە لەو ناوچەیە لەناو بچن، خەسارێکی زۆر بە ژینگە و سرووشت دەگەیێنێ کە دەکرێ بڵێین، کانیاو، دار، باخ و لەوەڕگەی ئاو شوێنە بە تەواوی لەناو دەچن و جیا لە سەرچاوەکانی ئەو شوێنە، کاریگەریش دەکاتە سەر ئاو و ژینگەی دەوروپشتی ئەو ناوچەیە. شایانی باسە بە سەدان کانزای زێڕ و بەرد و زیخ و چیمەنتۆی ناوچەی لەیلاخ لەلایەن کەسانێکی پێتەخت‌نشین و بیانییەوە داگیر کراون و تەنانەت تاقمێک لە کانزاکانی زێڕی ئەم ناوچەیە لە لایەن وڵاتی قەزاقستانەوە داگیرکراوە و داهاتەکەی بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵات دەڕوا و سەرەڕای پێداگری و ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێکخراوە ژینگەییەکان و چالاکانی مەدەنی ، ئەم کارە بەردەوام درێژەی هەیە و ڕێگەپێدانی هەڵکەندنی کانزا بە کەسانی کوردزمان و خەڵکی ناوچەکە زۆر زەحمەتە لەکاتێکدا کە ئەو کەسانە زۆر بەهاسانی ڕێگەیان پێدەدرێت و ژینگەی ئەم ناوچە تێک دەدەن. ناوچەی لەیلاخ یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەکانی بژیویی ڕۆژهەڵاتە و سەرچاوەی کشتوکاڵ و کانزاکانی پارێزگای سنەیە. هەر لەو پێوەندییەدا کە خەڵکی دڵسۆز و پشتیوانی ژینگە ئەو خۆپیشاندانەیان ڕێک خستووە، هەواڵی ئەوەیان بڵاو کردووەتەوە کە ئەگەر بەرگری نەکرێ لە بردن و لاناوبردنی کانزاکان، ئەوجار بەهێزتر لە پێشوو کۆ دەبینەوە و ناهێڵێن ئەو کارە سەر بگرێ.