کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"چیرۆکی چرۆ"ی ئیبراهیمی کەوتە بەر دیدی خوێنەران

23:34 - 13 گەلاوێژ 2719

بەشێک لە شێعرەکانی شاعیری جواننووس و نەتەوەیی مامۆستا تەوفیق ئیبراهیمی لە ژێرناوی "چیرۆکی چرۆ" ڕۆژی شەممە ١٢ی گەلاوێژی ٩٨ هەتاوی لە هۆڵی سینەما بەهمەنی شاری سنە پەردەی لەسەر لادرا. لەو کۆڕە فەرهەنگییە‌دا کە بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەدەبدۆستان و هۆگرانی شێعری کوردی بەڕێوەچوو، چەند کەس لە شارەزایان و نووسەرانی کورد لە سەر ڕەهەندە جیاجیاکانی قەڵەمی مامۆستا تەوفیق ئیبراهیمی بۆ ئامادەبووان قسەیان کرد. لەو کۆڕەدا مامۆستایان ڕەحیم لوقمانی، کولسووم عوسمانی، کامبیز کەریمی و سروەی مەجیدی بە وردی لایەنە شیعری و حیماسی و کەلامی بەرهەمەکانی تەوفیق ئیبراهیمی‌یان خستەبەرباس و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرد. لە درێژەی ئەو کۆڕە فەرهەهەنگییە‌دا مامۆستا تەوفیق ئیبراهیمی چەند پارچە شێعرێکی لە بەرهەمەکانی خۆی خوێندەوە و پاشان هونەرمەندی لاو، یەدێ شاکری چەند ئاوازێکی پیشکەش بە ئامادەبووان کرد. شایانی باسە تەوفیق ئیبراهیمی لە شاعیرانی بەرەی بەرگری و نەتەوەییە کە لە قوناخی هەستیاری ٥٨ی هەتاوییەوە، لە بووژاندنەوەی هەستی شوناسخوازی و پەرەپێدان بە ڕۆحی نەتەوەیی ڕۆڵی بەڕچاوی هەبووە. لە تایبەتمەندییەکانی شیعری تەوفیق ئێبراهیمی دەتوانین بە ڕیتم و ترپەی مووسیقایی و بەکارهێنانی دەستەواژەی ڕەوان و کەڵک وەرگرتنی ژیرانە لە سەروا و درێژەدان بە ژانری "کورتە شێعر" وەکوو هونەرێکی سەخت و جوان ئاماژە بدەین. ئەو شاعیرە نەتەوەییە، ئێستاکە تەمەنی ٦٧ ساڵە و دانیشتووی شاری سنەیە. ناوبراو پاش واز پێهێنانی لە کاری حکوومەتی، ڕووی لە پیشەی جۆشکاری کردو چەند ساڵە کە خانەنشین بووە. بە گوتەی خۆی جیا لە خۆشەویستی نیشتمان، ئاواتی وشک‌بوونی چۆڕاوی خوێنە لە برینەکانی مرۆڤایەتی.