کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری دارستانەکانی سەردەشت بە هیمەتی ژینگەپارێزان دامرکا

23:38 - 13 گەلاوێژ 2719

پاش ئاگرتێبەربوون لە دارستان و بێشەڵانەکانی ناوچەی سەرزوی سەردەشت سەرلەنوێ ژینگەپارێزانی خۆنەویست و کەسانی خۆڕسک فریای هەڵقرچانی سروشتی نیشتمان کەوتن و، پاش دوو ڕۆژ فیداکاریی بە دەستی بەتاڵەوە، ئاگرێکی بەهێزیان دامرکاند. لە ڕۆژی هەینی ١١ی گەلاوێژی ٩٨ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ئاگربەربووە گیان ژینگەی نیشتمان و بەداخەوە زەرەر و زیانێکی زۆری لە لەوەڕگەو جەنگەڵ و دارستانەکان گەیاندوە. شایانی باسە پاش پەرەسەندنی ئاگر لە بنارەکانی ناوچەی سەردەشت خەڵکی ناوچەکانی پیرانشار و شنۆ خۆیانیان گەیاندە ئەو شوێنەو بەهاوکاری ژینگەپارێزانی سەردەشتی ئاگرەکەیان دامرکاند. هەر بەگوتەی شوورای ئاوایی مەلا شێخی سەردەشت، ناوەندە بەرپرسەکان وەکوو "جەنگەڵبانی و مەنابع تەبیعی" نەتەنیا هاوکارییان نەکردوە ، بەڵکوو رێگرییان لە كوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە. لەو کارەساتە ژینگەیە‌دا دارستانەکانی "مەلا شێخی، شینوێ، بێزێلیـ"ـی سەردەشت، دوای دوو ڕۆژ، ئەگەرچی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام زیاتر لە ١٥٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم ناوچەیە سووتان و زۆرێک لە دار و ئاژەڵە کێوییەکانیش بوون بە خەڵووز. هەروەها بە پێی ڕاپۆڕتێکی دیکە لە چوار مانگی رابردوودا 111 ھێکتار لە زەوی و دارستانەكانی گێیەلانی کرماشان لە بەھۆی ئاگرەوە لەناوچوون. لەو چوا مانگەدا 25 جار ئاگركەوتووەتەوە كە 95 هێکتار دارستان و 6 هێکتار باخی هاونیشتمانییانی گێیەلان سووتێندراون.