کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشوازی کردنی خەڵکی دێولان لە ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

16:38 - 14 گەلاوێژ 2719

لە بەرەبەری ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان واتە ٢٥ی گەلاوێژ، لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی ئەو حیزبە لە شاری دێولان چالاکییەکانیان بەو بۆنەوە دەست پێکردو، بە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە پێشوازییان لە یادی ٢٥ی گەلاوێژ کرد. بە پێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە شەوی ڕابردوو ١٣ی گەلاوێژ بەشێک لە ئەندامان و دڵسۆزانی حیزبی دێموکرات لە نێو شاری دێولان بە نووسینی دروشم و بەبڵاوکردنەوەی تڕاکتی پێوەندی‌دار یادی ٧٤ی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بەرزڕاگرت و لەو ڕێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات دووپات کردەوە. ئەو شوێننانەی لە شاری دێولان کە بە بۆنەی ٢٥ گەلاوێژی چالاکیی تەبلیغییان تێیدا کراون بریتین لە؛ شارەکی زاگرۆس، گەڕەکی فەرهەنگیان، کۆڵانەکانی نیزیک بە بلوواری "بعث"ت و چەند کۆڵان و گەڕەکی دیکەی ئەو شارە. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە تێکۆشانی خەمخۆرانی حیزب لە نێوخۆی وڵات، گەرمترین پیرۆزبایی خۆی پێشکەش بە لایەنگران و دۆستانی ئەمەگناسی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری دێولان دەکا و، سڵاویان بۆ دەنێڕێ.