کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بامداد خمار"ی تیراژ میلیۆنی؛ چاوخشاندنێک بە دۆخی چاپی کتێب لە ئێران

19:06 - 16 گەلاوێژ 2719

هادی کەیکاوسی و: هەردی سەلیمی سەرەتای دەیەی حەفتای هەتاوی و لە نێوان کێشەی ئەدەبیاتی جیدی و ئەدەبیاتی فەرمییەک کە حکوومەت بانگەشەی بۆ دەکرد، ئەدەبیاتێکی سێیەم لەدایک بوو کە بە تیرێک دوو نیشانی دەپێکا. ئەم ئەدەبیاتە هەموو خەڵکی بە کەسانی هەڵکەوتوو و ئاساییەوە کردە بەردەنگی خۆی و توانی فرۆشێکی زۆر بەرچاو بەدەست بێنێ. "بامداد خمار" بەم جۆرە بوو بە دەسپێکەری شێوەیەک لە ئەدەبیاتی گشتپەسەند کە بەرهەمی پێوەندی، ئەدەبیاتی گشتی و ئاسایی و ئەدەبیاتی تایبەت بوو و دواتر بە "ئەدەبیاتی نێونجی" ناسرا. یەکەمین ڕۆمانی "فتانە حاج‌سیدجوادی" لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵەکانی دەیەی حەفتادا بڵاو دەبێتەوە، کە ڕەوتی کاروباری کۆمەڵگەی پاش‌ شەڕ سێبەری "سازندگی" بەسەردا کشاوە و ئەدەبیاتیش یەک لەو کاروبارانەیە. دنیایەک وەرگێڕان و ئەزموون لە ناخی چەمک و تێئۆرییە ئەدەبییەکان سەر هەڵدەدەن و لەم نێوانەدا گشتپەسەندییش بە سیمایەکی نوێوە دێتە مەیدان. سیمایەک کە کەسێکی تایبەت وەک "نجف دریابندری"ی وەرگێڕ، کەیفخۆش دەبێ بە بوێرییەکەی و شێوە سوننەتییەکەشی دەبێتە جێی ڕەزامەندیی کەسانی ئاسایی. ئەدەبیاتێک کە پێش لەو، نووسەرانێکی وەک "ر. اعتمادی"، "نسرین ثامنی" و "فهیمە رحیمی" و ... ئاڵاهەڵگری بوون و تەنیا تایبەت بە تاقمێک لە خوێنەران بوو، کوتوپڕ ڕا و وسەرنجی بژاردەکانی کۆمەڵیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. "بامداد خمار" لە ماوەی ١٠ ساڵدا ٣٠٠ هەزار بەرگ دەفرۆشێ و لە وڵاتی ئاڵمان چاپی سێیەمیشی دەردەچێ. ئەم فرۆشە زۆرە بووە هۆی ئەوەی کە بەردەنگەکانی ئەدەبیاتی جیدی سەرنج بدەنە کتێب و ئەم ڕووداوە وەک دیاردەیەکی باش لە پێناو کتێبخوێن‌کردنی خەڵک پێناسە بکەن. ئەوەندەی یەکگرتوویی دوو بەرەی تایبەت و گشت لە تێڕوانین بەم بەیانە نوێیە پتر دەبوو، دوو دەستەیی ڕەخنەگران لەم بابەتەوە توندتر خۆی دەنواند. "هوشنگ گلشیری"، نووسەری "شازدە احتجاب"، شاباش و لە دەهۆڵ کوتان بۆ ئەم کتێبە لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە ڕووناکبیر دەزانی، نەختێک، تەنیا نەختێک بە نیشانەی بێسەوادی دەزانێ و نووسەرێکی دیکە ڕۆمانێک بەناوی "شب سراب" وەک وڵامدانەوەیەک بەو کتێبە دەنووسێ. هەندێک باس لەوە دەکەن کە ئەم کتێبە دژەژن و باوکسالارانەیە و هەندێکیش ناوی "محبوبە" لەسەر کچەکانی خۆیان دەنێن. ژنێک کە بەسەرهاتەکەی چیرۆکی دووپاتەی شازادە و گەدایە و بە تێبینییەک سەرنجەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ: ئەمجار چینی دەسڕۆێشتووە کە بایەخەکانی خۆی بەسەر چینی بندەستدا دەسەپێنێ. کۆمەڵگەیەک وا دەیەی ٦٠ و سەرنج لەسەر پێپەتییەکانی تێپەڕاندوە و لەگەڵ خەفەتەکانی "محبوبە" هاوسۆزی دەردەبڕێ و لە هەمان کاتدا بێزاریی خۆی لە نەزانیی "ڕەحیم" نیشان دەدا. کەشێک کەوا بەرەو "سازندگی" دەچێ و لە بندەستەیی ڕادەکا، بەمەبەستی وەگیرخستنی جێگە و پێگەیەکی دەسڕۆیشتوو لەگەڵ "محبوبە" دەکەوێ؛ تەنانەت ئەگەر ئەم لەگەڵ بوونە بە پەنابردنە بەر باوەشی باوکسالاری بگا. بەڵام ئەم هاوڕێ و هاوڕا بوونە بووە هۆی ئەوەی کە ئەدەبیات پەنا بەرێتە بەر شکڵی سێیەم. ڕۆمانێک کە وا مەزەندە دەکرا ببێتە دەسپێکەری ئەدەبیاتێکی بە فرۆشی زۆرەوە، بوو بە ڕووداوێکی زووتێپەڕ و خولیای تیراژە میلیۆنییەکەی داکشا بۆ ژێر هەزار بەرگ و نەمامی پێوەندیی ئەدەبیاتی ئاسایی و ئەدەبیاتی تایبەت؛ بوو بە دارێکی بێشکڵ. دارێک کەوا بەرەکەی نە دڵی کەسانی تایبەت دەڕفێنێ و نە توانایی فریودانی بەردەنگی ئاسایی هەیە.   لێرەدا چوار زیندان هەیە سی‌ودووەمین پێشانگای کتێبی نێودەوڵەتیی تاران بە دروشمی "خوێندن تواناییە" دەستی پێکرد. دروشمێک کە ئاماژە بە پەندی "ویستن توانینە" دەکا و دەڵێن "توانینەکە"شی دەبێتە هۆی یەکیەتیی میللەت لە بارودۆخی سیاسیی ئەم ڕۆژانەی ئێراندا. بانگەشە بە توانایی کەسانێک کەوا زۆربەی جارەکان قامکی تۆمەتبارکردن بە نەخوێندن بەرەو ئەوانە. ڕەوتی کەمبوونەوەی تیراژ و ئاماری کەمی سەرانەی خوێندنەوە تەواوە بۆ ئەوەی کە یەکەم زیندانی کتێب بە ناوی "خەڵک" تۆمار بکرێ: بەردەستترین تاوانباری کتێب نەخوێندنەوە کە بە جێگیر نەبوونی کولتووری خوێندنەوە و موتاڵا؛ دابەزینی تیراژ و وەستان و داخرانی کتێبفرۆشییەکانی لێ کەوتۆتەوە و دەکەوێتەوە. ئەو کتێب‌فرۆشییانەی کە لەم ڕۆژانەدا وا کتێب لە دۆخێکی باشدا بەسەر نابا، بە زیادکردنی بەشگەلێکی فانتێزی و بەرچاو وەک کەلوپەلی ڕازاندنەوە و گوڵدان و ڕاخەر و قاوەخواردنەوە لە تەنیشت کتێبدا، لە ڕێگەیەک دەگەڕێن کە خەڵک هان بدەن بەرەو کڕینی کتێب و بەم پێیەش پتر مانەوەی خۆیان. هەر قەیرانی کاغەزی ئەم دواییانە بەس بوو بۆ ئەوەی نووکە ڕمبی تۆمەتی دابەزینی تیراژ، دیسانەوە بەرەو بنەماڵەکان و سەوەتە بەناوبانگەکەیان بێ، ئەو سەوەتەی کەوا بێتوو ئەم تاوانبارە هەمیشەییانەی کەمیی تیراژ (خەڵک) جێگا بۆ کتێبێکیش بکەنەوە لەوێدا، بێگومان پێوەندی بە وانە و پەروەردەوە هەیە و لەڕووی ناچارییەوە بۆ منداڵەکانیان دابین دەکرێ. تێکچوونی دۆخی ئابووری بێجگە لە پرسە کولتوورییە باسکراوەکان لەو هۆکارگەلەن کەوا بۆتە هۆی دووریی بنەماڵەکان لە کتێب و کەمترین ئاوڕدانەوەی لێ دراوەتەوە. هیوا بە کڕینی کتێب لە لایەن ئەو منداڵانەی کە خوێندکارن، زۆربەی کاتەکان بە هەڵەمان دەبا؛ چونکوو بەردی بناغەی کتێب خوێندنەوەی ئەم چینەش لەسەر کتێبگەلی فێرکاری دامەزراوە و بەدەر لەوە کتێبی دیکە ناخوێندرێنەوە. چەڕەسات جێگای خواردنی سەرەکیی گرتۆتەوە و ئیشتیای خوێندنەوەی کتێب لە کەمی داوە و ئێستا کتێب جێگای خۆی بە خوێندنەوەی ئینتێرنێتی داوە. پرسیار لە کتێبخانە و قەبزی گەڕان بەدوای کتێب لە کەشێوە بچووکەکاندا؛ بووە بە گەڕان بەنێو گووگڵ و ویکیپێدیادا و، جارجارە ئەم گەڕانە بە سەرانەی خوێندنەوەش بژار دەکرێ. موبایلەکان وێڕای سەرچاوە زوو دەست پێڕاگەیشتووەکان بە خەزنکردنی کتێبە دەنگییە و پی‌دی‌ئێفەکان وا دەنوێنێ ڕکەبەرێکی گەورەیە بۆ کتێبی کاغەزی تەنانەت بەهێزتر لەوەی کە بیریشی لێ بکرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەم ڕۆژانە بە قەیرانی کاغەز پتر لە پێشوو ژیان و مانەوەی کەوتۆتە مەترسییەوە و دەنگۆی ئەوە هەیە کە بڵاوبوونەوەی کتێب بە وەها ئەژمارێک بە قازانج نییە و؛ کتێب فرۆشییەکان لە داهاتوویەکی نیزیکدا وەک دەریایەک بەرەو ویشک بوون هەنگاو دەنێن. بەڵام قەیرانی کاغەز بەتەنیا هۆی خستنە مەترسیی ژیانی کتێب نییە. لەوبەری ئەم ڕووداوەوە، قەیرانێک هەیە کە هەردەم دەمامکی بە ڕووەوەیە و بە زەقکردنەوەی دیکەی بابەتەکان، وەک سەرانەی خوێندنەوە و نەبوونی مەیلی کتێب خوێندنەوە و سەوەتەی بنەماڵە، تێدەکۆشێ ڕووی خۆی بشارێتەوە. قەیران، سیاسەتە داسەپاوەکان لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب لەلایەن بەرپرسان و ناوەندگەلی دەوڵەتیی پێوەندیدار و ناپێوەندیدار لەگەڵ کتێبە، کە دەستێوەردان لە بواری بڵاوکردنەوەدا لەم ساڵانەدا، زیاتر لە سانسۆڕدا بەرچاو بووە هەتا یارمەتیدان بە گەشەی کتێب. ئەمە زیندانی دووهەمە.   خوێندن و توانستی قاجاڕی "چ هێزێک ئەو سەروەرییەی لە ئێوەدا بەدی هێناوە کە لە ئێمە سەرترن؟ هۆکاری پێشکەوتنی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی ئێوە و لاوازیی بەردەوامی ئێمە چییە؟ ئێمە لە نەزانیدا نوقم بووین، لە بێهەواڵی و نەزانیدا گەورە دەبین و هیچکات بیر لە داهاتوو ناکاینەوە ... بیانی قسە بکە پێم بڵێ بۆ هەستاندنی ئێرانیان لە خەوی نەزانی دەبێ چ بکەین؟" ئەمە ئەو وتانەی "عباس میرزا"یە ڕوو لە موسیۆ ژۆبێری فەڕانسەوی. ئەو ئەفسەرەی کە بە فەرمانی ناپێلئۆن بۆ کاروباری سیاسی هاتوە بۆ ئێران و لە بەرامبەر پرسیاری شازادەدا سەرسام دەبێ. ژۆبێر کە دەزانێ لە دوای شەڕی چاڵدوڕان، ئەمە دووەم سووکایەتییەکی مێژووییە کە ئێرانییەکان لە هەمبەر ڕۆژئاوادا هەستی پێ دەکەن، لە وڵامی "عباس میرزا"دا کە لە دوای شکستهێنان لە بەرامبەر ڕووسیە لە بیری چییەتیی ئەم سووکایەتییە مێژووییەدایە، دان پێدا دەنێ کە ئەوەی بۆتە هۆی گۆڕانی خەڵکەکەی و سەرهەڵدانی شۆڕشی تیمارکەر، بیروهزری نوێ بووە و بڵاوبوونەوەی هزری نوێ لەگەڵ پەرەسەندنی پیشەی چاپدا هاوکات بووە. نوسخەی تیمارکەری موسیۆ ژۆبێر، شازادە دەخاتە ئەو بیرەوە کە دەسبەجێ کەسانێک بەمەبەستی فێربوونی تکنیکی چاپ بنێرێ بۆ دەروەی وڵات و، ڕایاندەسپێرێ هەتا کەلوپەلی چاپ بکڕن و بیهێننەوە بۆ وڵات. یەکەمین چاپەمەنی لە تەورێز و لەلایەن "زین‌العابدین تبریزی" دادەمەزرێ و یەکەمین کتێب لە ساڵی ١٨١٨ی زایینیدا چاپ دەبێ. بەرهەمێک لەبارەی فتوا جیهادییەکان لەلایەن مەلا شێعەکانەوە لەسەر شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووسەوەیە. ئەم حەولە و هەروەها ناردنی خوێندکار و وەڕێکەوتنی "بزووتنەوەی وەرگێڕان" یەکەمین هەنگاوگەلێک لە پێناو گەشەکردنی کۆمەڵگەیەکە کە هەتا ئەو کات تەنیا ئەدەبیاتی زارەکی تێدا بوو. بەمەبەستی سەروەریی نووسین بەسەر کاروباری زارەکیدایە کە "عباس میرزا" لەسەر دابەزاندنی "خوێندن و توانین" بەپەلەیە و، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی گەیشتن بە بزووتنەوەیەک کەوا بناغەی شۆڕشی مەشرووتەی لێ دەکەوێتەوە. کتێبگەلێک کە دەسپێردرا بە وەرگێڕە دەورەدیتووەکان هەرچەندە لەسەر حسێب و کتێب هەڵنەدەبژێردران، بەڵام بوونە هۆی ئاشنایی و ناسیاویی خەڵک لەگەڵ هەندێک چەمکی نوێ. ئێرانییەکان کە هەتا ئەو کاتە لە کۆمەڵگەیەکی داخراو و لە دنیا بەدوور ژیابوون، لە ڕێگەی کتێبە مێژووییەکانەوە بە ژیان و مەرگی خەڵکانی کۆمەڵگەکانی دیکەیان زانی و، مڵومۆ و سەرنجدانیان بە جیهانی سەیر و سەمەرەی ڕۆژاوا لە کەمی دا. لەژێر کاریگەریی ڕۆمانگەلی مێژوویی وەک بەرهەمەکانی ئێلێکساندێر دۆما (باوک)، لە ساڵانی دواتر یەکەمین ڕۆمانی مێژوویی فارسی بەناوی "شمس و طغرا" لە لایەن "محمدباقر خسروی"ـەوە نووسرا. ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕۆژاوادا هەرچەندە دەرەنجامی شۆڕشی مەشرووتەی لێ کەوتەوە و، لەسەر دەقی نووسراوەی فارسی کاریگەرییەکی زۆری دانا، بەڵام لە باری نێوەرۆکەوە شکستی هێنا و لە دوای ئەم ڕووبەڕوو بوونەوە هیچ کولتوورێک شین نەبوو. نەخوێندەواریی گشتی و بەرزی و نزمیی سیاسی-کۆمەڵایەتی، دەرفەتی تێگەیشتن لە بابەتگەلی جوانی نوێی لێ ستاندن و، کتێب خوێندنەوە نەبووە کولتوورێکی گشتگیر. ڕۆمان بە مەبەستی پەرەپێدان بەخۆی پێویستی بە هۆگەلێکی دیکە بوو کە لەو سەردەمەدا بەدی نەدەکرا.   نێوان شەراب و سەراب "شب سراب"  لە کاتی بڵاوبوونەوەدا وەک وڵامنامەیەک بۆ کتێبی "بامداد خمار" لە چاپ دەدرێ. بەڵام ئەم وڵامنامەیە هەر لە سەرەتاوە کێشەی تێدایە. "ناهید پژواک" ناوی کتێبەکەی خۆی لە خشتە (مصراع)ـێک لە چامەکانی "مواعظ" دوایین بەرهەمی "سعدی" هەڵبژاردوە: "بە راحت نفسی، رنج پایدار مجوی/ شب شراب نیرزد بە بامداد خمار". خاڵەکانی "شەراب" سڕدراونەتەوە و بوونەتە "سەراب" کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناوی کتێبەکە لە واتا بەتاڵ بێتەوە. نە لە شەودا سەرابێک هەیە و نە لە باری چەمکییەوە "بامداد خمار" لە دوای ئەم سەرابە هەڵگری واتایە. کول لێدان لە خاڵەکانی وشەی شەراب لە دەزگای سانسۆڕدا، هەروەک چۆن پێشووتریش لە کتێبی نان و شەرابی ئینیاتسیۆ سیلۆنەدا هەر ئەم شتە پێش هاتبوو. لەدوای شۆڕش بە محەممەدی قازی، وەرگێڕی کتێبەکە دەگوترێ دەبێ شەراب ببێتە سرکە. بە لە چاپدانی ئەم بەیتە شیعرە لە لاپەڕەی یەکەمدا: بگو به دردکشان فکر انقلاب کنند/ شراب سرکه شده، سرکه را شراب کنند. بڕەودانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بە سانسۆری کتێب لە دوای شۆڕشی کولتووری، دەبێتە هۆکارێک کە یەکەم دووکەڵەکەی دەچێتە چاوی کتێب و تیراژەوە. ژمارەی هەندێک لە کتێبەکان دەرخەری ئەوەن کە تیراژی کتێب لە ساڵانی پێشووتردا دۆخێکی خراپیان نەبووە: "بیگانە"ی ئالبێر کامۆ لە ساڵی ١٣٣٥دا ١٠ هەزار بەرگی لێ چاپ بوو، "خاطرات خانەی اموات"ی داستایێڤسکی لە ساڵی ١٣٤١دا ١٠ هەزار، "اتاق شمارە شش" چێخۆڤ لە ساڵی  ١٣٤٢ دە هەزار چاپ و بڵاو بوونەوە و، هەروەها ڕۆمانی "همسایەها" لە نووسینی ئەحمەد مەحموود پێشتر لە دامەزراندنی دەزگای سانسۆڕی ئیڕشاد لە ٥٠ هەزار و بە وتەی خودی نووسەر ٢٥٠ هەزار بەرگی لێ فرۆشرا. ڕەوتی دابەزینی ژمارەی کتێبەکان کە لە دەیەی شەست دەست پێدەکا، دەرخەری بێباوەڕیی خەڵک بە دەرهاتەی بەرهەمەکان لەژێر دەستی چاودێرانی کتێبە. بەرهەمی ئەم بێباوەڕییە چوونی بەردەنگەکان بەلای ڕوونووسە ئۆفسێتەکان لەژێر ناوی "بێسانسۆر"دایە. بەڵام کاربەدەستانی دەوڵەتی بە زەقکردنەوەی ئاماری چەندیی بڵاوکراوە و خەسارناسیی سەرانەی خوێندنەوە؛ بابەت و پرسی سانسۆریان هەردەم نادیار نیشان داوە و لە جێگای دیکەدا بەشوێن هۆکارەکانی دەگەڕێن. "وحدت رهروان" بەرپرسی چاپەمەنیی "میترا"، بە پێداگری لەسەر هەستی بێمتمانەیی خەڵک بە کتێبی سانسۆر کراو و کارتێکەرییەکەی لەسەرکتێب نەکڕینی خەڵک دەڵێ: "چونکوو بە درێژایی ساڵانێکی زۆر سەپاندنی سانسۆری دڵخواز و بێ یاسا لە لایەن سانسۆرچییەکانی وەزارەتی ئیڕشادەوە، بۆتە هۆی سڕینەوە و زیادبوونی دەق و تێکچوونی بنەما و پێکهاتەی نووسراوەی کتێبەکان کە بە هیچ شێوەیەک خوێندنەوەیەکی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەی کە کتێبەکە لەوێڕا هاتووە نییە، هەر بەم هۆیە خەڵک بڕوا و متمانەیان بەم کتێبانە نییە و هۆکارێکیان پێ شک نایە کە ئەم جۆرە کتێبانە بکڕن." بەڵام ئەم متمانەیە هەر بە تەنیا لە بواری سانسۆردا نییە کە لە خەڵکی ئەستێندراوە. هەروەها متمانە بە چاپەمەنییەکانیش لەدوای ئەم ڕەوتە تووشی پچڕان هاتووە و لە چاپدانی بەرهەمی بێکوالێتی بووەتە هۆکارێکی گرینگ و گەورە لە سەرهەڵدانی قەیرانی تیراژدا.   هەموو تۆمەتبارانی تیراژی کەم دامەزراوەی "هوشنگ گلشیری" لە ساڵی ١٣٨٧دا لە جاڕنامەی هەشتەمین خولی خەڵاتی خۆیدا، هیچکام لە بەرهەمەکانی ئەو خولەی بە شیاوی وەرگرتنی خەڵات نەزانی. لەم جاڕنامەیەدا ئاماژە بە چوار زیندانی کتێب کراوە: توندتر بوونی کەشی سانسۆر و خۆسانسۆر کردن و، بەربڵاویی سازوکارگەلێک کە بازاڕی کتێبی لە بەرهەمی نێونجی و لاواز تەژی کردوە، سیاسەتی سەقامگیریی کولتوورێکی یەکشێوە لە ئاستی کۆمەڵگەدا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتێکی پەسیڤ و بێبەر و ڕواڵەتییانە و لە کۆتاییدا: دەست‌پێڕاگەیشتن بە پێوەندییەکی ئاسان کە بووەتە هۆی ئەوەی کە خێرایی دژکردەوە لە بەرامبەر بارودۆخ و پرسەکانی ڕۆژدا، جێگای بە بیرکردنەوە و تێفکرینێکی قووڵ لێژ کردوە و، ئەدەبیاتی ڕواڵەتی بووەتە جێگرەوەی ئەدەبیاتێکی فرەلایەنە و بیرمەندانە. ئەمە دابەزین و داکشانی بواری تێفکرین و وردبوونەوەیە و، کاریگەریی ئەمەیە لەم بازنە زەمانییەدا دەبێتە هۆی هاتنە خوارەوەی چۆنیەتیی بەرهەمەکان و؛ لە ئاکامدا ڕاوەستانی ئەم خەڵاتەی لە خولی سێزدەهەمدا لێ دەکەوێتەوە. یەکەمین قوربانیی دابەزینی چۆنیەتیی کتێب، بەردەنگە و بەدوای ئەویشدا تیراژ و ژمارەی کتێب کە بە دەستی ئەدەبیاتی لاوازەوە دەبێتە قوربانی. ئەدەبیاتێک کە لە دوای "بامداد خمار" و لە سەردەمی چاکسازی (اصلاحات)دا پەرە دەستێنێ و، بە ڕواڵەتی گشت‌پەسەندیی پێشکەوتنخوازەوە هەروەک چاودێرێک لە نێوەڕاستدا ڕادەوەستێ و تەنیا دەبێتە تەماشاوان و چاو بە دووپاتەییدا دەخشێنێ. سەرەڕای ئەوەی کە لە دوای ٢ی جۆزەردانەوە، بەستێنێکی کراوەتر بۆ کاروباری کولتووری دێتە ئاراوە و دەبێتە هۆی گەشەکردن و پتربوونی بەرهەمهێنانی کتێب، بەڵام نێوەرۆک بەرەو لەنێوچوون هەنگاو دەنێ. ئەدەبیاتی نێونجی هەرچەندە لە تێکنیک و دەق و داڕشتندا، بەهێزتر لە پێشینانی خۆی ، خۆ دەردەخا و سەرنجی بڵاوکەرەوەی باشتر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ بەڵام هەست بە کەلێنێک دەکرێ و؛ ئەمەش هەر هەمان فاکتەرە کە "بامداد خمار"ی کردووەتە بەرهەمێکی پڕبەردەنگ. بەرهەمێک کە لەگەڵ ئەوەی ئیدیعای پێشەنگ بوونی نییە و لەگەڵ هەموو لاوازییەک کە هەیەتی، کەسایەتییەک دەخوڵقێنێ کە بەپێچەوانە ئاراستەی ئاو مەلە دەکا و دەبێتە هۆی تێکشکانی کلیشەی باوی ڕەوایی چینی بێدەرەتان و لاواز. ژنێکی یاخی و سەربزێو کە گەردەلوولێک ساز دەکا و بەپێچەوانەی زڕ و بەدەڵەکانی خۆی، قارەمانێکی ماڵدار نییە و دووپاتەیی ژیانی لە مێشکی خۆیدا دەور ناکاتەوە. قارەمانێک کە هەرچەندە لە کۆتاییدا پەنا دەباتە بەر بەهەشتە باوکسالارییەکەی بەڵام لە بەرامبەر سەرەڕۆدا ڕادەوەستێ، بەجۆرێک کە بەردەنگ لەبیری دەچێتەوە لە بەرەی شایانەدایە؛ هەتا ئەو ڕادەیە کە کەسێک ناچار دەکا لە زمانی "رحیم"ـەوە "شب شراب" یا سەراب بنووسێ. ئەم یاخیگەرییە لە نموونە زڕ و پێشکەوتووەکانیدا خۆ لە بێبەری و پەسیڤ بوون دەدا کە ئەمەش بۆخۆی لە تایبەتمەندییەکانی نێونجی‌بوونە. بەرهەمگەلێک کە لە لایەکەوە دەیهەوێ دڵی بەردەنگی گشتی ڕاگرێ و لە لایەکی دیکەشەوە دڵی بژاردەکانی کۆمەڵی بە لاوە گرینگە، هەر چیرۆکگەلێکی لێ شین دەبێ کە لە هیچکام لە لایەنەکاندا نییە و دەبێتە ئەدەبیاتێک کەوا ناوی ئەدەبیاتی "ئاپارتمانی" بەخۆوە دەگرێ. لەگەڵ سەرهەڵدانی ئینتێرنێت و وێبلاگ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەق و نووسراوەی ئەدەبیاتی نێونجی، هاوئاقار لەگەڵ کەسایەتییەکانی تووشی دووپاتەیی دەبێ و، چۆنیەتی و کوالێتیی بەرهەمەکان بەجۆرێک دادەکشێ کە بەردەنگ لەم شێوە ڕوانینە دوور و دوورتر دەبێتەوە و تیراژ، بە چەشنی ئاوی دەریایەک جار لەگەڵ جار دێتە خوارەوە. دەڵێن ئەوەی کە "هوشنگ گلشیری" بەو شێوەیە باسی لە کتێبی "بامداد خمار" دەکرد (شاباش و لە دەهۆڵ کوتان)، لەبەر فرۆشی کتێبەکە و ئێرەیی پێ بردن بووە، بەڵام وێدەچێ خوڵقێنەری "شازدە احتجاب" دڵەڕاوکێی یەک شتی بوو: ئەوەی کە ئەدەبیاتێک کە لە پێوەنددانی تایبەت و گشت بەدی بێ؛ دەبێتە هۆی سڕینەوەی سنوورەکان و لە ئاکامدا لە کیسچوونی هەر دووکیان.   بننووسەکان: پیر ژوبر، مسافرت به ارمنستان و ایران. ترجمه‌ی محمود مصاحب. نشر علمی فرهنگی. تهران ۱۳۹۵ حسین میرزای گلپایگانی. تاریخ چاپ و چاپخانه در ایران. تهران ۱۳۷۸ ایرج افشار. آغاز ترجمه‌های کتاب‌های فرنگی به فارسی. نشریه ایران‌شناسی. سال چهاردهم. بهار ۱۳۷۹ خسروباقری. «گفتگویی با احمد محمود». نشریه چیستا. تهران ۱۳۸۱