کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا: هێرش بۆ سەر ئارامکۆ مەترسیدارە و پێویستی بە بەرپەرچدانەوەی نێودەوڵەتی هەیە

17:16 - 26 خەرمانان 2719

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە ،بریتانیا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە هێرشەکانی ڕۆژی شەممە بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان، هەنگاوێکی مەترسیدار و نەشیاو بووە. دومنیک ڕاب، وەزیری دەرەوەی بریتانیا ئەمڕۆ دووشەمە ۲٥ی خەرمانان گوتی کە ئەم هێرشە، پێشلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و گوتیشی کە وڵاتەکەی بێگومان پاڵپشتی لە عەرەبستان دەکا دومنیک باسی لەوەشکرد کە: بەڵگەیەکی ڕوون کە بەتەواوی هۆکار و بەرپرسانی ئەم کارەساتە دەربخا لەبەردەست نییە. بەڵام دەمهەوێ کە بەڵگەی ڕوون و دڵنیاکەرەوە بەدەست بێنین کە ئەمەش بەم زووانە جێبەجێدەبێت. وەزیری دەروەی بریتانیا باسی لە سەر ئاستی هێرشەکە کرد و جەختیکرد: ئەم هێرشە مەترسیدارە کە دژی عەرەبستان و دامەزراوە نەوتییەکان ئەنجامدراوە، کاریگەری قورسی لەسەر بازاڕە نەوتییەکانی جیهان بووە. ئەم هەنگاوە زۆر مەترسیدار و نەشیاوە و پێویستە کە بەشێوەی ئاشکرا و یەکگرتوو بەرپەرچێکی نێودەوڵەتی بدرێتەوە. ئەمڕۆش ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: لەپاش هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان و دابەزینی لەسەتا٥٠ی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەم وڵاتە، بەهای یەک بەرمیل نەوتی خاو لە یەکەم ڕۆژی حەفتەدا لەسەتا٢٠هەڵکشا. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی: ئەمریکا دڵنیایە کە هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی عەرەبستان لە خاکی یەمەنەوە ئەنجام نەدراوە بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی گوتووە کە ئاستی سەربازی ئەم هێرشانە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە ئەمریکا دڵنیا ببێتەوە هێرشەکە لە خاکی یەمەنەوە ئەنجام نەدراوە دۆناڵد ترامپ ، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە واشنتۆن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە کە کراوەتە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ، کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشەوە. دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە لە تویتێکدا نووسی: هەناردەی نەوتی عەرەبستان کراوەتە ئامانجی هێرشێکی تێکدەرانە. هۆکارێک هەیە کە ئێمە دڵنیا دەکاتەوە کە هێرشکەرەکان بۆ ئێمە ناسراون، ئێمە بەتەواوی ئامادەین تا بەپێ ئەنجامی تاقیکارییەکان بەرپەرچی بدەینەوە. بەڵام داوا لە پاشایەتی عەرەبستان دەکەین تا ئەو کەسانەی کە پێوایە هۆکاری ئەم هێرشانەن بناسێنێت، لە هەر حاڵدا ئێمە ئیشی خۆمان جێبەجێدەکەین. ترامپ ئەمڕۆش جارێکیتر جەختی لەسەر هەڵویستی خۆی کرد و لە تویتەرەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە ‌پێویستمان بە نەوت و گازی وڵاتانی دیکە نییە، لە ئێستادا ئێمە گەورەترین هەناردەکەری نەوت و گازین لە جیهان بەڵام ئامادەین پاڵپشتی لە هاوپەیمانانمان بکەین.