کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داراییەکانی کانادا لە لایەن ئێرانەوە دەستیان بە سەردا دەگیرێ

00:12 - 28 خەرمانان 2719

بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی ئێران: داراییەکانی کانادا دەست‌نیشان دەکرێن و دەستیان بە سەردا دەگیرێ. ئیبڕاهیم ڕەییسی، بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە هەوڵدان بۆ دژکردەوە بەرامبەر داراییەکانی ئێران کە لە لایەن وڵاتی کاناداوە دەستیان بە سەر داگیراوە و لە لایەن ئەو وڵاتەوە فرۆشراون، ڕایگەیاند کە "بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و دەزگای قەزایی، کارێکی هاوبەش بۆ دەست‌نیشان کردنی داراییەکانی وڵاتی کانادا لە ئێران دەستێیدەکەن و تەواوی دارایی ئەو وڵاتە کە لە نێو خاکی ئێراندان دەستیان بەسەردا دەگیرێ". بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی دەنگ‌وڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڕێوەبەری دەزگای قەزایی بە دەسبەسەر داگرتنی داراییەکانی ئێران لە وڵاتی کانادا دژکردەوەی نیشاندا، ئیبراهیم ڕەییسی ئەو کارەی کاربەدەستانی کانادای بە نایاسایی ناوبرد و ڕایگەیاند کە دەزگای قەزایی بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کارێکی هاوبەشدا داراییەکانی ئەو وڵاتە لە ئیران دەست‌نیشان دەکا و دەستی بەسەر دادەگرێ. شایانی باسە کە مڵک و باڵەخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند ڕۆژ لەمەوبەر کە بەپێی بڕیاری دادگا لە لایەن دەوڵەتی کاناداوە دەستی بەسەر داگیراوە بە ٢٨ میلیۆن دۆلار فرۆشراوە، پووڵەکەیان دەدرێتە قوربانیان و زیانلێکەوتوانی دەستی تێرۆر کە لە لایەن گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حەماس و حیزبوللای لوبنانەوە زیانیان لێکەوتوە. جێی ئاماژەیە کە ئەو گرووپانە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێ. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە دژکردەوەیەکدا فرۆشتنی مڵک‌وماڵی کۆماری ئیسلامی لە لایەن وڵاتی کاناداوە بە نایاسایی ناوبرد، ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوەی کە بە لایەوە گرینگ نەبێ یاسای نیودەوڵەتییە و بە پشتیوانی کردن لە گرووپە تێرۆریست و میلیشیا کان دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەردەدا و خەریکی درێژەدان بە کردەوە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆیەتی و مافی گەلانی دیکە و سەروەری وڵاتانیش پێشێل دەکا و، هیچ هەوڵێک بۆ گۆڕینی سیاسەت و کردەوەکانی خۆی نادا و بەردەوام خەریکی نانەوەی شەڕوئاژاوەیە لە جیهان و ناوچەکەدا.