کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرانەوەی قوتابخانەکان، بەرتەسککردنەوەی بواری خوێندن وکاڵبوونەوەی زانست

00:15 - 28 خەرمانان 2719

چەندڕۆژی دیکە دەرگای قوتابخانەکانی ئێران دەکرێتەوە ووەرزی خوێندن دەسپێدەکات ،تا ئێرە ئاساییەو وەکوو ساڵانی دیکە وایە. ئەوەی جێگای سەرەنج و لە ڕاستیدا مەترسی لێدەبارێ ئەوەیە کە ئەمساڵ زۆرتر لە ساڵانی پێشوو بارودۆخی خوێندن لە وڵاتی ژێر دەسەڵاتی ڕەشی ئاخوندیدا ئاڵۆزترە و پڕە لە هەڵاواردن و دووچاوەکی و ڕەشبینی. هەر لەبەهاری ئەمساڵدا بوو کە باسی "بسندگی زبان فارسی" لە لایەن وەزارەتی پەروەردەو بارهێنانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕاگەیەندراو سەرەڕای دژایەتیی توندو هەڵوێستی ڕووناکبیران و مامۆستایان تەنانەت لە هەندێ ناوچەی ئێرانیشدا وەکوو پارێزگای ورمێ و تەورێز کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە شێوەیەکی فەرمی ئاسمیلاسیون یان سڕینەوەی زمانەکانی دیکە لەژێر هەژمونی زمانی فارسیدا دەستیپێکرد. هەروەها لەم ڕۆژانەشدا گوێبیستی هەواڵێکی دیکە بووین کە ئەوانەی بڕوایان بە ئایین و ئۆل یان مەزهەبی دیکە بێجگە لە ئایینی فەرمی کۆماری ئیسلامی هەیە ناتوانن لە قوتابخانەکانی ئێراندا بخوێنن کە ئەمەش سەرەڕای دژایەتی و هەوڵی ڕێکخراو و ناوەند و کەسایەتییە نێوخۆیی و نێو نەتەوەییەکان بەدەردی ئەوانی دیکەدا دەچێ و بێدەنگی خەلک دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم کێشەگەلە لە کاتێکدایە کە بە گشتی بواری پەروەردە لە ئێرانی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا زۆر سەقەتەو تا دێت لە باری زانستییەوە کاڵتر و بێ ناوەرۆکتر دەبێتەوە و زیاتر هەوڵی بەرپرسانی ڕێژیم تایبەتی کردنی قوتابخانەکان و ناوەندە فێرکارییەکانە بۆ بەرهەمی مەزهەبی و بەرژەوەندیی دەسەڵات. هەر لەو پەیوەندییەدا هەر دەنگێکی پێچەوانە یان ناڕازی سەرکوت دەکرێ و لە ناخەوە دەخنکێندرێ، بۆ نموونە دەنگی ئەو مامۆستایانەی کە بە ئاشتیخوازترین شێواز بۆ گەیشتن بە مافی خۆیان و قوتابییەکانیان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە سەردەردێنن تا بگاتە "زارا"ی کوردی مامۆستای وانەی کوردی کە تەنیا بە هۆی وانە وتنەوەی کوردی و بەرگری لە زمانی زگماکی دەبێتە بڤە بۆ دەسەڵاتی زەبەلاح و تاسەر ئێسقان توتالیتێر و هێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەونە لەرزەوە، کە ئەمانە مشتێکن لە خەروار. تەنانەت ئەگەر سەرەنجێک لە پێوەرە نێونەتەوەییەکانی خوێندن و فێربوونی زانست لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتە پێشکەوتووەکان بدەین هەست بە لاوازی ئاستی خوێندن و پەروەردە لە ئێراندا دەکەین. واتە ئەوەی لە قوتابخانەکانی ئێراندا دەرخواردی قوتابیان و خوێندکاران دەدرێ نەک هەر زانست نییە بەڵکوو بیرێکی تەسکی شوێنیستی و مەزهەبییە کە دەکرێتە مێشکی خەڵکەوە و ئاکامەکەشی دەرچووانی زانکۆ جۆراوجۆرەکانی بێبنەماوبازاڕیی لێدەکەوێتەوە کە هەرکام و لە بەشی خۆیاندا دەبنە هۆی ناکارامەیی و شپرزەییەکی تەواولە فێربوونی زانستدا بە قوتابیان و خوێندکاران و تەنانەت مامۆستایانیشەوە دیارە. ئەمانە هەمووی بنینە بازنەیەکەوەو دەست نەدەین لەدەردی، کە چی لە لایەکی دیکەوە هەڵدەقورتێ ودەردێکی بێدەرمانی دیکە بەرۆکی خوێندکاران و بنەماڵەکانیان دەگرێتەوە ،ئەویش دەردی گشتگیر و بێ چارەسەری هەژاری و بێکاری و کزیی ئابوورییە کە بە هۆی سیاسەتی شەڕخوازانە و دزی و گەندەڵییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەرۆکی بنەماڵەکانی گرتۆتەوەو بۆتە گرفتێکی بێ چارەسەر و لە بەرەبەرەی کرانەوەی قوتابخانەکاندا لە باتی حەز و خولیای خوێندن ترس و دڵەڕاوکی وئێش و ئازاری دەروونی و گیرفانیی بنەماڵەکان و قوتابیانیش دەسپیدەکا. ئەمانە هەمووی بەلایەک و بێهیوایی لە داهاتووییکی ڕوون و گونجاو بۆ قوتابیان وخوێندکاران بەتایبەت لە شوێنگەلێ وەکووکوردستان و سیستان وبەلووچستان و خووزستان وایکردووە کە ڕێژەی نەخوێندەواری لەو شوێنانە و بە گشتی لە پانتایی وڵاتی ئاخوندلێدراوی ئێراندا بە پێچەوانەی دونیا بەرزبێتەوە و بەرەبەرە وایلێهاتووە کە خوێندن دەبێتە شتێکی لاوەکی گرینگی خۆی لە دەست دەدا، تەنانەت خودی مامۆستاکانیش خەریکن بەو ئاستە دەگەن کە خوێندن لە بەرچاوی خوێندکاران سووک و بێبایەخ نیشاندەن. ئاڵۆزتر لە هەمووی ئەمانە بردنی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو قوتابخانەکان وهەوڵی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی سڕو گێژو دەستەمۆیە کە ئامانجی لە مێژینەی دیکتاتۆرەکانی تارانە. لێرەدا ئەرکی بنەماڵەو بە تایبەت مامۆستایانی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر قورستر لە جارانە کە دەبێ هەوڵی زۆرتر بۆ پێگەیاندنی مرۆڤی نەتەوەیی و بیری نەتەوەیی بدەن و نەهێڵن هەوری ڕەشی بێهیوایی کە بەرنامە وحەزی داگیرکەرانیشە باڵ بەسەرکۆمەڵگادا بکیشێ و ببێتە ئامیانی تێداچوونی زمان و کەلتوور و تەنانەت لە بیر بردنەوەی شوناس و ناسنامەی گەلەکەمان و نەچنە ژێرباری سڕینەوەی زمانەکەمان و بەدەستی خۆمان بنەچەی خۆمان نەبڕین.