کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاربوونی سەدان کرێکاری بەنداوی "کانی سێو"ی پیرانشار

17:17 - 28 خەرمانان 2719

بەهۆی ڕاگیرانی پرۆژەی بەنداوی "کانی سێو"ی پیرانشار، ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کرێکار بێکار بوون. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی خەرمانان، کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار، بەهۆی ڕاگیرانی ئەو پرۆژەیە، بێکار بوون. سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری ڕاگیرانی ئەو پرۆژەیەی بۆ نەبوونی پارەی کرێکاران گەڕاندەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کرێکارانە چەندین جار بەهۆی پێنەدانی پارەی دواکەوتوو لە لایەن بەڕێوەبەرانی ئەو پرۆژەیەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و هەروەها بەڕێوەبەرانی پرۆژەی بەنداوی کانی سێو، بە بیانووی جۆراجۆر، هەقدەستی کرێکارەکانیان دواخستوە. ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو بەنداوە ٣٠٠ هەتا ٤٠٠ کرێکاری هەبووە و هەنووکە ئەو کرێکارانە بێکارن و بەشێکی زۆری ئەو کرێکارانە، کرێکاری وەرزین، و بیمەیان نییە و لە لایەن خاوەن کارەوە هیچ گرینگییەکیان پێنادرێ. جێی ئاماژەیە کە ئەو کرێکارانە لەو ڕێگایەوە خەرجی بنەماڵەکەیان دابین دەکەن و بە هۆی بێکار بوونیان دەکەونە ژێر فشاری زۆری بژیوی ژیانەوە. ساڵانە لە ئێران و کوردستان بە سەدان کرێکار بە هۆکاری تایبەت لە لایەن خاوەن کارەکانیانەوە بێکار دەکرێن و بە دەیان کەسیش بەهۆی نەپاراستنی ئەمنییەتی گیانییەوە تووشی ڕووداوی کار دەبن و گیانیان لە دەستدەدەن. بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە هەر چوار نەفەر لە ئێران یەک کەس بێکارە و بەپێی ئەو ئامارە ٢٣ میلیۆن کەس لە ئێران بێکارن کە ئەوەش بۆتە گرفتێکی گەورە لەبەردەم ژیانی خەڵکی ئێران و ئەو ئامارەش ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە و کۆماری ئیسلامیش بەهۆی ناکارامەیی کاربەدەستانی ئەو وڵاتەوە خەمسارد و دەستەوەستانە.