کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی بی ئێس: هێرش بۆ سەر ئارامکۆ بە ڕەزامەندی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئەنجامدراوە

17:51 - 28 خەرمانان 2719

بەوتەی سی بی ئێس، خامنەیی ڕەزامەندی خۆی بۆ هێرش بۆ سەر دامەزراوەنەوتییەکانی عەرەبستان دەربڕیبوو بەو مەرجەی کە پێوەندیی ئەم هێرشە لەگەڵ ئێران ئاشکرا نەبێ. کەناڵی هەوڵدەریی سی بی ئێس لە ڕاپۆرتێکدا لەمەڕ هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی "ئارامکۆ"ی عەرەبستان لە زمانی بەرپرسێکی ئەمریکاوە ڕایگەیاند: ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی خامنەیی جێبەجێکراوە، بەڵام بەو مەرجەی کە ئێران دواتر بتوانێت حاشا لەو هێرشە بکا. سی بی ئێس لەم ڕاپۆرتەدا دەڵی:"ئەگەر چی هێرشەکە سەرکەوتوو بوو بەڵام پلانی نکۆڵی و حاشاکردنەکەی لەلایەن ئێرانەوە وردە وردە دردەکەوێت." ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران حاشا لەو هێرشانە دەکا و ڕۆژی دووشەممەش لە نامەیەکدا کە لە ڕێگای باڵویزی سویسراوە بۆ ئەمریکای ناردبوو، پیوەندی خۆی لەگەڵ ئەم هێرشانە ڕەتکردەوە و گوتی: "هەرجۆرە هەنگاوێک دژی ڕژێمی ئێران بکرێت خێرا بەرپەرچی دەدەینەوە" .ئەمەش لە کاتێکدایە کە عەرەبستان پاشماوەی ئەو مووشەکە کروزانەی کە ئاراستەی ئارامکۆ کرابوو ڕاگرتوە و لەپاش لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانە، دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خستیە ڕوو کە پیشاندەری ئەوە بوو کە ئەم مووشەکانە هی ئێران بووە. لەم ڕاپۆرتە هاتووە کە بەهێزترین بەڵگەیەک کە لەمەڕ دەستهەبوونی ئێران لەم هێرشانە لەبەر دەستە، دیمەنی ماهوارەکانی ئەمریکایە کە لەوێدا ئەندامانی سپای پاسداران لە ناوەندێک لە ئەهواز خەریکی ئامادەکردنی سەکۆی هاوێشتنی مووشەکن. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم مووشەکانە بە تێپەڕین لە ئاسمانی کوەیت و لەپاش پێوانی ۷۰۰ کیلۆمیتر ئامانجەکانی خۆیان لە خاکی عەرەبستان پێکاوە. ئەمریکا هێرش بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکان " بە هەوڵدانی ئەو ڕێژیمە بۆ شەڕێکی سەربازی" ناودەبات و ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران.