کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆدرانی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە

14:59 - 30 خەرمانان 2719

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی و سندووقی پەرەپێدانی ئابووریی گشتیی ئێرانی خراوەتە نێو لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە. دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا و بڕیاردەری سەرەکی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لە تازەترین بڕیاریدا بانکی ناوەندی و سندووقی پەرەپێدانی ئابووریی کۆماری ئیسلامی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە. ترامپ لە کاتی وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەمارۆیانە، دەتوانن گەورەترین و قورسترین گەمارۆکانی ئەمریکا بن لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هۆکاری گەمارۆی بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بانکە بە سەدان میلیۆن دۆلار پشتیوانیی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران، سپای قودسی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵای لوبنان، تێرۆریستەکانی دەرەوەی ئێران لە وڵاتانی دیکە و چەندین لق و پۆپی دیکەی پێوەندیدار بەو گرووپانەوە کردووە و بۆتە پشتیوانی سەرەکیی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جێگای باسە کە هەر ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێکخراوی سندووقی ئابووریی نەتەوەیی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەو ناوەندە، سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئابوورییە بۆ سپای پاسداران و هەروەها تێرۆریزم و ئەو ڕێکخراوەیە وەکوو دەستێکی پێوەندییە لەنێوان سپای پاسداران و سەرچاوە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەکانیان لە ناوچە. ئەوە دەتوانێ یەکێک گرینگترین کاردانەوەکانی ئەمریکا بێت دوای شەش ڕۆژ لە هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر پاڵاوگە نەوتیەکانی عەرەبستانی سەعوودی کە ئەو هێرشانەی کۆماری ئیسلامی بایی چەندین میلیۆن بەرمیل نەوتی لە هەناردە نەوتییەکانی عەرەبستان کەم کردۆتەوە. ئەو هێرشانە هەرچەند کە حووسییەکانی یەمەن لە ئەستۆیان گرت، بەڵام واشێنگتۆن و ڕیاز، بە کردەوەی کۆماری ئیسلامی ناوی دەبەن و تەنانەت مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئە هێرشەی بە دەسپێکی شەڕی ناو برد و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و زۆر لایەنی دیکەش ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد.