کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی دیبەیتێک بۆ باسکردن لە دۆخی سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی لەهەرکام لە پارچەکانی کوردستان

16:31 - 16 خەزەڵوەر 2719

پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە ١٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ رێکخراوی لاوان بۆ گەشەی دێموکراسی لە هۆڵی شەهیدان و لەشاری هەولێر، دیبەیتێکی بۆ باسکردن لە شەرایتی سیاسی و خەباتی رزگاریخوازی کورد لەم قۆناغەدا پێکهێنا. پانێلی یەکەم تەرخانکرابوو بە دۆخی باکووری کوردستان کە لە لایەن "ئابید ئیکە" نوێنەری هەدەپە لە هەولێر پێشکەش کرا، بەڕێزیان بە ئاماژە بە فشارە سیاسی و میلیتارییەکانی رێژیمی تورکیە، باسی لە هەڵسوکەوتی هستریکی دەوڵەتی ئەردۆغان کرد سەبارەت بە دۆزی کورد لە باکووری کوردستان و هەروەها وتی گەلی کورد هەردەم ئامادەیە بۆ چارەسەری پرسی خۆی لە رێگەی ئاشتییەوە بەڵام دەوڵەتی ئەردۆغان وەڵامی ئاشتی بە شەڕ و زیندانیکردن دەداتەوە. پانێلی دووهەم تەرخانکرابوو بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن "پێشەوا عەلی پوور" سکرتێری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا، پێشەوا عەلی پوور لە پانێلی رۆژهەڵاتدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسی کورد لە سەد ساڵی رابردوو تا ئێستا کرد کە دەوڵەتە یەک لەدوای یەکەکان چۆن لە رێگەی قەزیەیەک بەناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی هەوڵی پاکتاوی نەژادی کوردیان داوە و لەو نێوەدا ناسیۆنالیزمی کوردی وەک پەرچەکردار چۆن شکڵی گرتوە و لە قۆناغی کۆماری کوردستان کە قۆناغی بە هزرکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی بوو چۆن ئەم شعوورە دەگاتە لوتکە. لە پانێلی رۆژئاوای کوردستان "سلێمان عەرەب" نوێنەری پەیەدە لە هەولێر باسی لە دۆخی هەنووکەیی کورد لە رۆژئاوا کرد و سیاسەتەکانی کورد وەک تاکتیک و ستراتێژی بۆ پاراستنی کورد و کیانی کوردی لە رۆژئاوا هێنایە گۆڕێ. لە پانێلی باشووری کوردستان "هیوا سەید سەلیم" باسێکی سەبارەت بە دۆخی باشوور هێنایە ئاراوە و تەئکیدی کردەوە کە پێویستە باشوور ئاوڕی جدی لە پرسە نەتەوەییەکانی رۆژهەڵات و پارچەکانی تر بداتەوە و ببێتە پشتیوان بۆ کوردانی پارچەکانی تر. لەکۆتاییدا بەشداربووان ڕاو سەرنجی خۆیان هێنایە بەرباس.