کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: دژى ئێران هاوکاری کوردەکانی ڕۆژئاوا دەکەین

16:45 - 18 خەزەڵوەر 2719

جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل"زیپی هووتولی" کە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ خەزڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە پەرلمانی ئەو وڵاتە قسەی دەکرد، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل هاوکاری کوردەکانی سوریە دەکات و ئاماژەی بەوە کرد کە لە دانوستاندنەکانی پێشوو لەگەڵ ئەمریکا پشتیوانیمان لە هێزە کوردییەکان کردووە. بنیامین نەتانیاهۆ لە دەگمەن حاڵەتەکانی ناکۆکی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمریکا ڕۆژێک پێش لە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پێشنیاری هاوکاری "بەگوتەی خۆى خەڵکی بەغیرەتی کورد"ی کرد و ڕایگەیاند کە تورکیە و هاوپەیمانە سوورییەکانی، هەوڵی پاکتاوی ڕەگەزی کوردەکان دەدەن. جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەو چوارچێوەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی داوای هاوکاری زۆری بە تایبەت لە ڕووی دیپلۆماسی و مرڤدۆستانەوە لێکراوە و گووتیشی : وێرای ئەوەی هاوخەمی خۆمان لەگەڵ کوردەکان دەردەبڕین، ئەوا لە هەر ڕێگەیەک کە بتوانین هاوکارییان دەکەین. ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە باسی لە وردەکاری زیاتر سەبارەت بە چۆنیەتی هاوکاریکردن و جۆری هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نەکرد و تەنیا جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسانی وڵاتەکەی لە دانوستان لەگەڵ ئەمریکییەکان باسى ڕاستی ڕووداوەکانیان سەبارەت بە کوردەکان کردووە و "بە شانازییەوە دەڵێین لە پەنا کوردەکانین. جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەوەی پشتڕاست کردەوە ئەگەر پێگەی کوردەکان لە باکوری سوریە لاواز بێت و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان لە دەست بێتەدەر، ڕێگە بۆ بەهێزبوونی هێزە تێکدەرەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی واڵا دەبێت و ئەوەش سیناریۆیەکی مەترسیدار دەبێ بۆ وڵاتی ئیسرائیل.