کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

17:55 - 25 خەزەڵوەر 2719

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممەی ٢٥ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی کۆتایی هاتنی سەرکەوتوانەی کۆنگرەی ١٧ی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزب بەڕێوەچوو. سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ماڕشی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شە‌هیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی‌پێکرد. پاشان بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ کۆمەڵێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە چەند وتەیەکی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوون و کار و ئەرک و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد. بەڕێزیان بە ئاوردانەوەیەک لە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و قوناخەکانی خەبات و تێکۆشانی ئەو حیزبە، گرتنی کۆنگرەی بە نەریتێکی دێموکراتیکی حیزبی دێموکرات لە قەڵەم دا و گوتی: بە پێی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات و قوناخە جۆراوجۆرەکانی حیزبایەتی لە دەردبەدەری و ئاوارەیی‌دا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپانە حیزبەکەی پێشەوا و قاسملوو و شەڕەفکەندی کۆنگرەکانی خۆی گرتووەو ئێمەش بەهەمان شێواز و لە سەر هەمان رێباز بە سەرکەوتوویی کۆنگرەی ١٧مان گرت. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی قسەکانی‌دا بە باس کردن لە هەلومەرجی هەستیاری حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی دوای مووشەکبارانی قەلای خۆڕاگریی دێموکرات لەو پێوەندییە‌دا گوتی: کۆنگرەی ١٧ کە بەناوی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانەوە ناوزەد کرا بوو و لە دۆخێکی هەستیار و دژواردا بەسترا ، بەڵام بە هیمەت و هاوکاریی هەمووان بەتایبەتی دڵسۆزی و تەدبیری کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان، توانیمان کۆتایی بە کۆنگرەی ١٧یەم بهێنین و سەلماندمان کە تەنانەت مووشەکباران و شەهید کرانی پۆلێک لە کادرو ڕێبەری ئەو حیزبە ناتوانێ ڕێگە لە هەستانەوە و ڕابوونی تێکۆشانمان بگرێ. بەڕێز خالید عەزیزی بە باس کردن لە تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوەی کوردستان هەوڵ و تێکۆشانی سەرجەم دۆستان و لایەنگران و خەمخۆرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارو گوند و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی پێوەندی‌دار بە حیزبی دێموکرات بەرز نرخاند و گوتی: "دوای مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات، ئەوە خەڵکی رٶژهەڵاتی کوردستان بوون کە بە مانگرتنی ٢١ی خەرمانان گوتیان ئێمە لە گەڵتانین و پەیامێکی ڕوونیش بوو بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران کە خەڵکی کوردستان پشتیوان و پاڵپشتی تێکۆشەرانی دێموکراتە. پاش قسەکانی بەڕێز خالید عەزیزی لە بڕگەیەکی دیکە ڕێز لە ماندوو بوونی بەشێک لە کادر و پێشمەرگەکانی بەشە جیاجیاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان گیرا کە لە ماوەی کارو باری کۆنگرە بە هیمەتێکی چیایی و پێشمەرگانە ئەرکیان وە ئەستۆ گرت . جێی‌وەبیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویی حیزبی دێموکراتی کوردستان ١٧یەمین کۆنگرەی خۆی سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد.