کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری هەولێر خۆپێشاندانێک بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

18:13 - 4 سەرماوەز 2719

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی خۆپێشاندانێک لە شاری هەولێر لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لیژنەی هاوئاهەنگی ڕیکخراوەکانی لاوانی ڕۆژهەڵات و ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵات، بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو. سەرەتای خۆپێشاندانەکە کە لەبەر دەرگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەڕێوەچوو، بە ساتێک بیدەنگی بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد. دواتر پەیامی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"، لە لایەن پەریا قوڕەیشی خوێندرایەوە. دواتر پەیامی هاوبەشی ژنان و لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە. ڕێپێوانەکە کە زیاتر لە هەزار کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، کەسایەتی و نوێنەرانی بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان تێیدا بەشدار بوون بە دروشمی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتیوانی لە خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان درێژەی پێدرا و دواتر هەیئەتێک لە خۆپێشاندەران داخوازینامەی خۆپێشاندەرانیان بردە دەفتەری نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەگەڵ "ڕێکاردۆ" بەرپرسی یەکەمی ئوڤیسی هەولێر دانیشتن و باسێکیان لەسەر دۆخی خۆپێشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی رۆژهەڵات پێشکەش کرد. لەو خۆپێشاندانەدا ڕاگەیەندنەکانی کوردستانی و عەرەبی بەشدار بوون و هەوال و ڕاپۆرتیان لەسەر خۆپێشاندانەکە ئامادە دەکرد. خۆپێشاندانەکە کە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەستی پێکرد، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ کۆتایی بە بەرنامەکانی هێنا.