کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک ساڵەی پێشمەرگایەتیم‌دا

22:12 - 11 بەفرانبار 2719

  ڕێک یەک ساڵ لەمەو بەر کاتژمێر چواری بەیانی بوو کە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشوورم بەزاند.لە پیرانشارەوە بۆ شیوە ڕەش. بۆ من نزێکترین ڕێڕەو بوو لە مردن. ئێمە شەش کەس بووین و ئیزڕاییل! بەفرێکی سەخت بوو و سەرمایێکی تێژ. لە قەڵەمەکەی ئیزڕاییل دەچوو. بزەی لە سەر لێو بوو، وەک ئەوەی چاوەڕوانی من بێ. پایەگا کە کەوتە بەر چاوم، پێنج پۆشەنی سپی بە دەس پێنج هاوڕێمەوە دەر کەوت. ئەوە چییە بە دەستانەوە ؟؟ (من پرسیارم کرد.) لە ناو بەفری سپی دەدات حەشارمان و فیشەکی دڕیش نازانێ پێمان گەر بتهەوێ نەکوژرێی دەبێ هاوڕەنگ بی! (ئەوان وتیان.) بەڵام من هاوڕەنگ نەبووم ! ڕەش بووم.سەر تا پێ ڕەش. ئیزڕاییل چاوی لە چاوم بوو و بزەی دەهاتێیە.   ئەوان سپی بوون و بۆ  مان هیوایان هەبوو . بەڵام من کە ڕەش بووم و حەشار نەدەدرام هیچ هیوایێکم نەبوو. بۆیەش من سەرم هەڵێنا و ئازاد هەنگاوم دەنا  ئەوانیش سەریان شۆڕ کردبوو و بە ترسەوە دەچوون. گیانی من چی لێ نەمابوو پێموایە چاوەڕوانی دەنگی تەقە بوون کە من بکەوم . ئاخر کە چاوم لێدەکرد دوور لەمن هەنگاویان دەنا من ڕەش بووم ئەوان سپی ئیزڕاییلیش لێم نزیکتر ببۆوە. هەموو وڵات بەفر بوو و سپی و بوو و سپی بوو و منیش ڕەش. دەمم وشک و دەبا ڕۆیشتبام ماندوو ببووم و دەبا ڕۆیشتبام دڵم گیرابوو و دەبا ڕۆیشتبام دایکم.... دەبا ڕۆیشتبام باوکم.... دەبا ڕۆیشتبام ڕۆیشتم ئاخر دەبا ڕۆیشتبام نان و پەنیر و خورمایەکەم ئێستاش گەرم بوو وەکوو دەستی دایکم هەستم دەکرد لە گەڵمە _دانیشن! دانیشتین ئەوان سپی بوون و منیش ڕەش! خەو هاتە چاوم چاوم قورس بوو _جوڵەتان نەبێ! _هەر دانیشن هەر دانیشتین یەک کاتژمێر! دوو کاتژمێر ! بەفر بوو سارد بوو هەموو وڵات سپی بوو منیش ڕەش! _هەستن _نابێ بوەستن ئەو بەری سیم باشوورە سیمێکی ناسک نێوانێکی چڕە هیچ هەستم نەدەکرد کە دوو دەستم هەیە. هەناسە؟؟ یارمەتیم  بدە با بگەم بە سیم. ئیزڕاییل بزەی هات. سیمیش بە جێ ما هەناسە یارمەتی دام. ئەوان سپی بوون منیش ڕەش شیوەڕەش تاریک بوو تاریک بوو و سپی منیش کە ڕەش بووم وەکوو شەو ڕەش بووم بڵێی هەستی پێبکەم؟ بە هەبوونی دەستم؟؟ تێپەڕیم لە سیم ئامانجم ئەوە بوو؟؟ کە سیمم تێپەڕاند, دڵم گیرابوو بەڵام دەبا ڕۆیشتبام دەستم نەمابوو بەڵام دەبا ڕۆیشتبام شیوەڕەش تاریک بوو و سپی . منیش کە ڕەش بووم.   خەو لە چاوم دا دەست ڕەق هەڵاتوو دڵیشم گیراو ئاخر دەبا ڕۆیشتبام یەک دەرگا ..دوو دەرگا سێ .. چوار پێنج دەرگا یەک کۆڵان دوو کۆڵان شیوەڕەش ڕەش بوو منیش سپی بووم بەفر تەمی بوو سەر و ڕوخسارم دەرگا دەرگا دەرگا شیوەڕەش ئەوجار دەرگای نەمابوو من لەبەر دەرگا شیوەڕەش دیار بوو پەردەی لادەدا منیشی ئەبینی بەڵام شیوەڕەش ڕەش بوو منیش سپی بووم بەفر تەمی بوو سەر و ڕوخسارم شیوەڕەش چۆڵ بوو منیش بێگانە یەک سیم وای کردبوو شیوەڕەش رەش بێ منیش سپی بم یەک سیم وای کردبوو هەست ناکەم بە دەستم شیوەڕەش ڕەش بوو دڵم گیرابوو شیوەڕەش ڕەش بوو دڵم گیرابوو!