کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەگری مۆنا، چیرۆکت بۆ دەگێڕمەوە

16:58 - 16 بەفرانبار 2719

کێ مردووە؟ من؟ ئەی ئەوە نییە ئاگام لێتانە، مردنی چی؟ ئەو شیوەن و گریانەتان لە چییە؟ بۆ دەگرین؟ مەلای چی و تەڵقینی چی؟ من خۆم یاسین و تەڵقینی سەدان کەسم خوێندووە و ئێستا ئێوە گەرەکتانە مەلایەک بێننە ژوور سەرم و بڵێ: یااااااااااااسین ... نەمگەرەک، نامەوێ نا واز بێنن، من نەمردووم. ئەو باوکەڕۆ و شینگێڕانەت لە چییە کچم؟ مۆنا، واز بێنە. مەرگی چی و شتی چی؟ ئەوە حەکایەتێکی کۆنە و بۆیان گێڕاویتەوە. دایکت، ئا، ئەو کات دایکت نەبوو، هێشتا نەببوو بە دایکت، حەزیشی لێ بوو دایکت بێ، ئەمن تۆزێک شڵەژام، نازانم بۆچی لە پێشدا ترسام، گوتم دایکی مەبە، نا پێم وابێ گوتم مەبە بە دایک، نەمگوت دایکی مەبە، خۆ تۆ لە هیچ کوێوە دیار نەبووی، کێ چووزانێ. دایکت، کە ئەو کات هێشتا دایکی تۆ نەبوو، یانی تۆ نەببووی تا ببێتە دایکت، گوتی ناوی دەنێم ... گوتم واز لەو قسانە بێنە. گوتی، تۆ حەز ناکەیت؟ گوتم نەک کیژۆڵەیەکی نەشمیلانە، دێوەزمەیەکیش لە داوێنی تۆ بەربێتەوە خۆشم دەوێ. پێکەنی و چاوی بڕییە پەنجەرەکە. باران پڕیشکەیەکی کردبوو و دڵۆپ دڵۆپ بەسەر جامە تۆزاوییەکەوە گیرسابۆوە. ئاخێکی هەڵکێشا و گوتی، نا ئەو هیچی نەگوت لە بیرمە من شیعرێکم بۆ خوێندەوە وەک بزانم سی ساڵ لەمەوبەر خوێندبوومەوە: خۆزگە ئەمشەو، شەو بەیانی هەر نەدیبا بێ‌وچان قەت لە ئامێزی نەگرتبا هەیلکەلی کیژی بەیان ... لە گۆشەی چاوییەوە سەیرێکی کردم و گوتی: ئەو شیعرە زۆر خۆشە، هەر دەڵێی بۆ ئەمشەوی ئێمە نووسراوە. ئەوجار ئەو چیرۆکێکی خۆی بۆ خوێندمەوە کە پێشتریش خوێندبوومەوە، بەڵام جارەکەی پێشوو من زیاتر وەک وڕێنە و هاتەران پاتەرانێک هاتە پێش چاوم، کەچی کە خوێندییەوە دیتم رێک باسی ئەمشەومانە و، ئەو چوار ساڵ لەمەوبەر نووسیویەتی. لە چیرۆکەکەدا ئەمن هەر خەریکی بەدفەڕیم. گوتی: تۆ دەزانی ئەدەبیات زۆر شت پێشبینی دەکات؟ گوتم، وایە، ئیمانم پێ هێنا ... ئیمانی چی؟ ئەو خۆی بەشێک بوو لە ئیمانی من ... وام نەگوت. هێندەم لە دڵدا بوو فریای ئەوە نەکەوتم. گوتت، نا تۆ نەببوویت، هەر خەبەرێک لە بوون و نەبوونیشت نەبوو، کەچی گوتی، مۆنا بەشێک لە چیرۆکی داهاتوومان دەنووسێتەوە. من گوتم مۆنا کێیە؟ گوتی کە لە دایک بوو ناوی دەنێم مۆنا. گوتم نا ئەو ناوە هەرچی نهێنیی ژیانمانە ئاشکرای دەکات. گوتی ئیتر کە ئەو لە دایک بوو، دەبێ بمریت و باسی نهێنی نەکەی. ئێستایش کە تۆ پێت وایە مردووم و من دەڵێم ناوەڵا نامرم تا ئەم چیرۆکە نەگێڕمەوە، ئیی ئەوە نییە باسی نهێنییەکم کردبێ، نا نهێنیی چی و حاڵی چی. مەگری، مەگری. با پێت بڵێم کەی زانیم تۆ هاتوویت. ئێوارەی سێشەممەیەک بوو، نامەیەکم بەدەست گەیشت. بە پەلەپەل کردمەوە. نووسیبووی: «کاتێ ئەم نامەیەت بە دەست دەگا، تۆ وەجاغت رۆشن بووەتەوە». دەسبەجێ زانیم تۆ هاتوویت. نەمدەزانی چ بکەم؟ ئاخر ئەمن لەوبەری رووباری ئاگرەکە بووم. تۆ بڵێ سنووری ئاگرەکە. دایکیشت لەوبەری بوو. ئیتر ئەمجارە دایکت بوو. ئەو شەوە کە ناوی نایت، هێشتا دایکت نەبوو. هەر بە دەم پێکەنین و بەدفەڕییەکی منداڵانەوە ناوی هێنایت. جا بە رێکەوت ئەو رۆژەیش سێشەممە بوو، ئەو هاتبوو بۆنی چیرۆک و شێعری هێنابوو بۆ فێستیڤاڵی گوڵەچیرۆک و گوڵەشێعر، جانتاکەی بۆنی هەرچی وشەی نێو چیرۆکەکانی دنیای لێ دەهات، بەڵام هێندە شەکەت و برسی بوو، فریای ئەوە نەکەوتم تێر ماچی بکەم. خێرا پەلەی ئەوەم بوو نانێک بخوات و بحەسێتەوە. حەسانەوەی چی؟ چما یەکێک لەلای من بێ دەحەسێتەوە؟ دە لێی بپرسە. لەبری ئەو گریان و نووزەنووزە، لێی بپرسە بڵێ باوکم ئەو شەوە چیی کرد، نا ئەو شەوە من هێشتا باوکت نەبووم، لە بیابانێکەوە هاتبوومەوە و کوتوپڕ کەوتبوومە سەر کانیاوێکی زوڵاڵ. بڕوات بێ دوو سێ جاران دەمم پێوە نا و هەڵم چۆڕاند تینوێتیم نەدەشکا. دەشتەکە یەکبەخۆی دەیحیلاند. چاوگی کانییەکە قووڕەقووڕی لێ پەیدا بوو، من پاراو نەدەبووم. من دەمم پێوە نابوو و ئەو دەیحیلاند، دەیگرماند. سوکناییم نەدەهات، نا تینوێتییەکەم هەر نەشکا. دەی ناشکێ. تۆ نازانی باسی چ تینوێتییەک دەکەم. تینوێتیی رۆحێکی شەکەت و سەرگەردان کە ساڵانێک لە شۆرەکات و بیابانەکاندا ڕێی لێ هەتڵە بووبێت و کوتوپڕ وەک موعجیزەیەک کرابێ، ئاوا بەسەر کانیاوێکدا کەوتبێ. کانیاوێک کە سروشت و نازانم تۆ بڵێ خودا تایبەت بۆ ئەویان خوڵقاندبێ. حەزم لێ بوو نوقم بم و لەوێدا بمنێژن، گوتیان تا ئێستا هیچ کەس لە کانیاوێکدا نەخنکاوە و نەنێژراوە، ئەو بەزمەشمان بۆ دامەهێنە. سبەی رۆژێ کانیاوەکان هەموو کوێر دەکرێنەوە. کانیاوەکەی من کەس کوێری نەدەکردەوە. کوێرکردنەوەی چی؟ ئەو برسی بوو، من تینوو. زۆر زوو ئەو تێری خوارد و تەنانەت بێزیشی لە خواردن هەستا. کە دیسان خوڵقم کردەوە تەنیا یەک پارووی دیکە بخوات، هەموو خواردنەکەی بە سەروچاومدا دا. دڵم پڕ بوو. گریام. ئا، جا تۆ پیاوت نەدیتووە کە دەگری چ ناشیرینە، چەندە رەزاگرانە، چەندە قێزەون و دزێوە. بەڵام من گریام. خۆ دەشمزانی پیاو کە دەگری ئاوای لێ دێ، بۆیە لە ژیانمدا کەس فرمێسکی بە چاومەوە نەدیتبوو. کەس بەتایبەتی هیچ ژنێک نەیدیتبووم بگریم، کەچی ئەو شەوە گریام. گریام و گرێی دەیان ساڵەی نێو رۆحم یەک بە یەک کرانەوە. هەلا هەلا بووم. دوایی زانیم ئەوە گریان نەبوو. گریانی چی؟ ئەوە قرچەی هەرەسی ناخم بوو. چەند رۆژێک دواتر کە وەخۆ هاتمەوە زانیم ئەوە ڕووخان و هەرەسێکی گەورە بوو. خۆم نەدەگرت. ڕووخانەکە لەناکاو بوو. نەمزانیبوو. من نەمزانیبوو رووخان چییە. بەڵام ئیتر ڕووخام، کەچی لە بن داروپەردووەکەشیدا هەم خەیاڵ و هیوای گەیشتنەوە بە کانیاوەکە نەیدەهێشت بمرم. مردنی چی و شتی چی. ڕووخان سەد پلەیەک لە سەرووی مەرگەوەیە. من چاوەڕێی هاتنەوەی تۆ بووم و پێکێک، نا قومێک لە ئاوی کانیاوەکەی خۆم. ئەرێ خۆ بەڕاست تۆ نازانی من باسی چیت بۆ دەکەم. جا نۆرەی ئەوەیە سبەی رۆژێ ڕەخنەگر و شتی وا بێن ئەم وشانە ڕاڤە بکەن و هەزار بوختانمان بۆ هەڵبەستن و بڵێن مەرگ و رووخان و کانیاو و تینوێتی و ... دەی با وا بکەن. ئەو بێکارانە ئەوە نەکەن چ بکەن؟ خۆ هەر نازانن مەرگ چییە. دەزانن؟ نا بە گیانی تۆ کچم، ئەو رۆژەیش کە دایکت هات و هێشتا کەس بیریشی لە هاتنی تۆ نەکردبۆوە و تەنانەت سروشتیش نەیدەزانی ئەتۆ دێیت، ئەو رۆژەیش من تۆزێک باسی مەرگم کرد، گوتم زۆر کەس هەر بەسەر زیندوون. دایکت کە ئەو شەوە بڕیاری دابوو ئیتر دایکت بێ، گوتی: مەبەست؟ گوتم ئەو ژنومێردانەی ساڵانێک تەنیا وەک ئەرکی سەرشانیان پێکەوە دەژین، مردوویەکن، بەسەر زیندوون و هیچی دی. گوتی واز لە فەلسەفە بێنە. مەرگ بە هیچ فەلسەفەیەک لێک نادرێتەوە. جا ئەمن ئەوە ئێستا دەزانم ئەو کات ئەو چەندە فەیلەسووفێکی گەورە بوو و ئەمنیش چەندە نەخوێندەوارێکی تینوو. نەخوێندەوارێک، کە تەنیا دەمزانی پەڕ پەڕ دەفتەری جەستەیەک هەڵدەمەوە و هیچی دی. ئەو گوتی، خوێندەوار مەبە، مرۆڤ بە. ئەگەر بوویتە مرۆڤ، دەتوانیت پەڕ پەڕ دەفتەری رۆحی ژنێک هەڵدەیتەوە. هەر پیاوێک ئەوەی پێ نەکرێ نەبووەتە مرۆڤ. هێشتا ئاژەڵێکە و مێشکی لەنێو گەڵیدایە. ئەو شەوە کردمی بە مرۆڤ. گوتی ئیتر تۆ نامریت. بۆیە مەگری کچم، دایکت دڵنیای کردوومەوە کە ئیتر من نامرم. واز لە مەلا بێنن. بەو پیاوانە بڵێ مەمخەنە سەر شانیان. ئەو تابووتە چییە دایانناوە؟ بڵێ بۆ کوێم دەبەن. پێیان بڵێ، بڵێ من نەمردووم ئەوە نییە چیرۆک دەگێڕمەوە ... ***