کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێک دەبینم هەمیشە

01:25 - 8 رێبەندان 2719

لەپشت دەرگاکان .. لە و دیوی توێی هەموو پەنجەرەیەک لەسەر سەکۆی هەموو ماڵێک ژنێک دەبینم هەمیشە! ژنێک موتوربەکراو بە ژانەوە. لەناو گوڵدانی ژوورێکی غەریبدا دەبینم ڕەنگی ئەو شکۆفەی گرتوە ، ئەو نیگای پڕ خەم و تاسەی تینووی، لە فەقیانەی کراسەکەیدا هەڵگرتوە، ژنێک بۆ ڕامووسینی دەمی دڵبەرەکەی بۆتە بەژنی خەیاڵێکی سەرشێت، ئەو پیر پیر بوە لە حەسرەتی گوڵە بەڕۆژەیەک کە بەری خۆرەتاوی چاوەکانی بگرێتە نیسێی خۆی. ئەو لەناو بای هەوەسێکی تووڕەدا پرچە ئاوریشمییەکانی جێ دەهێڵێت ئەو ژنە خۆی و مشتێ پڕ لە ئەوین دێنێتەوە بۆسەر کۆشکی بیرەوەری. لێرە! ژنێک وەک سێبەری نیشتیمانێکی دزراو بۆن بە دڵی خۆرەتاوەوە دەکا ژنێک بە کۆڵێ ژان و جانتایەک بیرەوەریی ناو ئەم سێبەری نیشتیمانە لەناو خۆیدا پیر پیر دەکا. ئەو دیو ملوانکەی شێعرێکی خەمگین دەکاتە مل. لێرە من ئاوای دەبینم ژن ئای ئەوە چ وەهمێکە لە ناو گریانی مانگەشەو بەسەر تۆڕی کراسەکەی ئەودا، پەڵەی داوە. من خەیاڵم بە ترۆپکی سەر بەژنی ئەو ژنانەوە هەڵواسی کە بۆ ژانی ڕووح پێیەکانیان گورج، دەستەکانیان توند لەسەر ژیان گیر کردوە. من ژنێک دەبینم لێرە هەموو ئێوارەیەک پەردەی دڵی لادەدا تا ژیان بیناسێتەوە.