کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەختی زیندان لە براوە بۆ براکەی (بەشی سێهەم و کۆتایی)

14:03 - 16 رێبەندان 2719

بە هۆی وەیکە خەڵک زۆر گیرابوون و شوێنی ڕاگرتنیان کەم بوو، چەند بەندیی دیکەشیان بە بەندی سیاسی زیاد کرد. ئەمن هەموو بەندەکانم دیبوو جاری وابوو تەبعید دەکراین بۆ بەندی ١٣ کە نە هەواخۆریی هەبوو نە دەفتەر نە قەڵەم و نە دانیشتنی دووکەسی. زۆرتر لە بەندی ١٥ بووم، بە فوتباڵ و والیباڵ و کتێب خوێندنەوە خۆمان دەخافڵاند. بەڵام لە هەمان کاتدا ئازار و کوێرەوەری و ئێعدامی هاوبەندییەکانمان بوونە هەوێنی بیر و باوەڕێک کە هەتا مردن هاندەرمانن بۆ خەبات و تێکۆشان. تەشکیلاتی موجاهیدین زۆر بەربڵاو بوو هەرکەس تازە دەهات خێرا دەستیان دەکرد بە تەبلیغ کردن و دەیانخستە نێو تەشکیلاتی خۆیان. ڕۆژێک کەسێکیان هێنا ئەوەندەیان لێدابوو، موجاهیدینەکان زوو بردیانە لای خۆیان و دەرمانیان کرد و زۆری پێڕاگەیشتن و ئەویش «زندە باد میلیشیا»ی بۆ دەکردن. لەو ماوەیەدا ببوە جێ‌متمانەی موجاهیدەکان و ئێمەش هەروەتر. دوای ٦ مانگ و چاکبوونەوەی گوتیان بەندەکەی دەگۆڕن و ون بوو. ڕۆژێک هەموومانیان بەڕیز کرد و هاتن بۆ بازدید. ڕەئیسی زیندان و دوو مەئمووری ئیتلاعات لەگەڵ ئەو کوڕەی خۆی خزاندبووە نێو تەشکیلاتی موجاهیدین بە جلوبەرگی فەرمیی سپاوە وەژوور کەوت. هەر کە چاومان پێی کەوت هەموو زراومان چوو بە تایبەتی موجاهیدینەکان زۆر ترسان. (حاڵی ئێمەش لەوان باشتر نەبوو، بە پێشماندا دەهات و دەچوو و سڵاوێکی دەکرد و دەیگوت فڵان کەس چۆنی خەبەری تازە نییە؟) بێدەنگییەکی بەسام بەسەر زینداندا زاڵ ببوو بە جۆرێک ترپەی دڵی یەکترمان گوێ لێدەبوو. هەموو ئێعدامی خۆمان لەپێش چاومان بوو، کەس شەوێ خەوی لێنەکەوت و هەندێک لە موجاهیدینەکان ئەوەندە ترسابوون بەبێ وەیکە بانگیان بکەن چووبوون ئێعترافیان کردبوو. وردە وردە خەڵکیان بانگ کرد بۆ بازجوویی و شکەنجە و تەنانەت ئیعدامیش کران، زەبر و زەنگەکە بە جۆرێک بوو کە تەشکیلاتەکەیان تەفروتوونا بوو. تەنانەت لەسەر یەکتر و زیندانییەکانی دیکەش کرابوونە سیخوڕ و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئێمەش دانابوو. ماوەیەکی پێچوو کاریان بە ئێمە نەبوو، ئێمەش بەوە لەخۆبایی بووین، بەڵام بێ‌ئاگا لەوەی‌کە بەنهێنی و لەڕێی جاشەکانی نێو زیندان خەریکی ئاشکراکردنی ئێمەشن، کوڕێکی ئێمە بە ناوی چیا ڕادیۆیەکی پەیدا کردبوو کە هەواڵەکانی ڕادیۆ حیزبی پێدەگرت و بە ئێمەی دەگوت و ئێمەش لەنێو بەندەکەدا بڵاومان دەکردەوە، ڕەئیسی زیندان زۆری هەوڵدا زەربەیەکیش لە ئێمە بدا بەڵام بۆی هەڵنەدەکەوت. هەتا ڕۆژێک دوو کەس بە ناوەکانی «ئـ. ت» و «ش. ب» ڕاپۆرتیان دا کە لە فڵان سەعات و لەسەر فڵان تەخت دێموکراتەکان ڕادیۆ دەگرن. هەر ئەوەندە دیتمان مەئموورەکان هاتن و یەکڕاست چوونە سەر تەختی من کە چیا لەوێ لەژێر پەتوودا ڕادیۆی گرتبوو. پەتوویان لەسەر سەری هەڵداوە و ڕادیۆکەیان لەدەست ستاند و هەر لەوێڕا هەتا بردیانە خوارێ بە شەپ و مست شل و کوتیان کرد. ئەم‌جار نۆرەی ترس و دڵەڕاوکێی ئێمە بوو، بەڵام بەخۆشییەوە چیا زۆر خۆڕاگر بوو، نە ١٤ مانگ ئینفرادی نە ئەشکەنجە و نە ئێعدامی درۆیین و نە ئازاری بنەماڵە بە چۆکیان دانەهێنا و هیچ شتێکی لەسەر هیچ کەسێک نەگوت. ئەو ماوەیەی کە ئەو لە ئینفرادی بوو، مەئموورەکان دەهاتن دەیانگوت: چیا هەموو شتێکی گوتوە و بۆ سووککردنی پەروەندەی خۆتان وەرن ئێعتراف بکەن با وەک موجاهیدینەکان ئێعدام نەکرێن. هەموو ڕۆژێک دەیانبردین بۆ لێپرسینەوە، ڕۆژێک یەکێک لە کوڕەکان خۆی پێ ڕانەگیرابوو بەداخەوە ئیعترافی کرد و، هەموو شتێکی باس کرد و ئەوانیش بردیانین بۆ بازجوویی و ئەشکەنجە و تەنانەت دادگایی کردنەوەش، بە خۆشییەوە کەسمان ئێعدام نەکرا بەڵام زۆربەمان تەجدیدی حوکم کراینەوە و لێکیان بڵاو کردین و بەسەر بەندەکانی دیکەدا دابەشیان کردین، بەڵام خۆڕاگریی چیا بۆ ئێمە وانە و ورەیەکی بەهێز و لەبیرنەکراو بوو. دوای ئەو کارەساتانە کە بەسەرمان هات وەزعی زیندان زۆرناخۆش بوو هەموو ئازادییە ئاساییەکانی پێشوویان لێ قەدەغە کردبووین و، سیخوڕیشیان بۆ دانابووین. ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجە و ئێعدامە نایاساییانە خەڵکی وەدەنگ هێنابوو و بەرپرسانی دەزگای قەزاییش بەناچار، نوێنەریان نارد بۆ بینینی زیندانەکان. هەر لەو سەروبەندەدا بەرپرسانی زیندانیان گۆڕی و ئاڵوگۆڕ بەسەر زینداندا هات. لەدوای ئەوە ئەمن لەوێ بە هاوکاریی کەسانی خۆشناو و جێ‌متمانەی وەک سەعدە و لوقمان و موحسین قازی و ئاغای شێخانی و سەلیم دیبۆکری و برایم موهاجری و ... دەرسم خوێند و لە زینداندا توانیم ئەوەڵ و دووهەمی نەزەری تێپەڕ بکەم. لە دوایین چاوپێکەوتنمدا لەگەڵ دایکم گوتی ئەوە ٦ مانگە لوقمانیش گیراوە و قەرارە بیهێنن بۆ زیندانی ورمێ، زۆرم پێناخۆش بوو. چاوەڕێ بووم بیهێنن بۆ لای من لە زیندانی دەریا، هێندەی پێنەچوو خەبەری هێنانی لوقمان و ئازادیی من لە یەک ڕۆژدا ڕووی دا. ئەو کات کاک عومەر قازی و رەفیقەکانم لەوێ بوون ڕامسپاردن دەست لە تەختەکەم نەدەن و قەرارە لوقمانی برام بێنن بۆ ئێرە ئەگەر هات شتەکانی من و تەختەکەمی بدەنێ با بێ‌جێگا نەبێ، ئەوانیش لەباوەشیان گرتم و کاک عومەر گوتی وادیارە زیندان بەبێ باختەکان نابێ. ماڵاواییم لە هاوبەندییەکانم کرد و گەلێکیان بۆ ناڕەحەت بووم و ئەمن بە دەرگایەکدا چوومە دەر و ئازاد بووم و لوقمانیش بە دەرگایەکی دیکەدا کەوتە زیندان و بردیان بۆسەر تەختەکەی من. بە دیتنی دایکم و وان گەشامەوە و یەکترمان ماچ کرد و یەکەم کاریشم ئەوە بوو کە داوام کرد بچینە سەر گۆڕی بابم و فاتیحایەک دادەین. ئەو کارەمان کرد و وەک کەسێکی سەربەرز و ڕازی بە چارەنووسی خۆم درێژەم بە ژیان دا و بە گوڕتر لە جاران و بە بیر و باوەڕتر لە پێشوو هەنگاوەکانم بەرەو داهاتوو هەڵێنا.