کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینی بیرەوریی دانیشتووانی بن دیواری مزگەوتێک

14:36 - 16 رێبەندان 2719

منتان دیتووە، ڕۆژ تا ئێوارە خەریکی دارکوتانم! ڕۆژانە هەر دەیکوتم و دەیکوتم و دەیکوتم! نێوقەدی ئەم دارە ڕەق و تەقانه دەکوتم، بە دەنووک ئاردیان لێوە بەبا دەکەم و بە هەزار زەحمەت و کوێرەوەری دەنکە کرمێک لە نێوقەدی دارەکاندا دەدۆزمەوە. ئەگەر زۆر برسی نەبم، لە زاری خۆمی دەگرمەوە و دەرخواردی جووجەڵەکانمی دەدەم، بەڵکوو ئەوانیش وەک من گەورە بن، سەریان خڕ بێ و دەنووکیان تیژ بێ و دەست‌بە دارکوتان بکەن، بە هەزاران زەحمەت و کوێرەوەری کرمێک یان دارخۆرەیەک لە نێوقەدی دارەکان دەربێنن و سکی خۆیانی پێ تێر بکەن. ئەمڕۆ لەسەر ئەم هەموو زەحمەت و ماندوو بوونەم بیرم له ڤایرۆسی کرۆنا دەکردەوە. جاروبار لە دارکوتان ماندوو دەبم بۆ وچانێک لە جێی خۆم لادەچم، دەچمە گوێسوانەیەک، لە بەرهەیوانی ماڵێک و سەر دەڕابەی دووکانێک کوێ هەڵدەخەم. هەموویان دەڵێی مامۆستای سیاسەت و پسپۆڕی تاقیگەی پزیشکین. هەر یەکەو بەزمێک بەم کرۆنا ماڵوێرانە دەکەن. ئەوەی چەپە یان پێشترێ لە حەوز و کانی‌ و بەرەی حیزب و ڕێکخراوە چەپەکانی خواردوەتەوە، یان دەموچاوێکی تەڕ کردوە، دەڵێ: «ئەوە کاری ئێمپریالیزمە.» ئەوان بە لێکدانەوەی لەرزۆکی خۆیان کە نە دڵیان لە بۆچوونەکانی سەرۆک‌ «مائۆ» و هاوڕێ «هووشی‌مین» بەردەبێ و نە سمێڵەکانی جێبەجێکاری دیکتاتۆریی پرۆلتاریایان لەبیر دەچێتەوە، دەڵێن ئەمە شەڕی ئابوورییە و ڕێی تێدەچێت، «کارتێل» و «تراست» و ڕێکخراوە سیخوڕییەکانی سەر بە ئێمپریالیزم بە مەبەستی پێشگرتن بە گەشەکردنی چینی پرۆلتاریای «چین» ئەم «کرۆنا» حیز و حیزبابەیان بەگژ چینی کرێکاری بەرهەمهێنی «چین‌«دا کردبێ. ئەم قسانە زیاتر لە سەر دەڕابەی ئەو دووکانانەوە دەبیسم کە خاوەنەکانیان دوای ماوەیەکی دوورودرێژی چەپ بوون، ئێستا بە سەری ڕووتاوە و سمێڵی تاشراوەوە کاتی نیوەڕۆیان، ڕێک ئەو کاتەی مشتەرییەکانیان کەمێک دەسڵەمنەوە؛ ئەو لێکدانەوانە لەسەر بنەمای «بەشی ئابووریی ژێرخانە» بۆ یەکتر بەیان دەکەن. موسوڵمانان لە هەمووان زووتر کرۆنا لەکۆڵ خۆیان دەکەنەوە. یان دەڵێن پەنا بەخوا ئاخیر زەمانە و یان دەڵێن خوا تووشی کافرانی کردوە و لە ئێمە دوورە و دەڵێن یاڕەبی خوا هەموو لایەکمان بپارێزێ. ئەمەشم زیاتر لە نزیک شوێنی دەسنوێژ‌هەڵگرتن و سەر هەیوانی نوێژگەکانەوە بیستوە. ئەوان دەڵێن ئەم کافرانە هەموو جڕ و جانەوەرێک دەخۆن، بۆیە ئەم پەندەیان بەسەر هات. یەکێک دەیگوت: ئەمڕۆ بەو گوێیانەی خۆم بیستم دەیانگوت وەزیری تەندروستیی ئێرانیش داوای کردوە هاتوچۆی هەموو فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ چین بوەستێندرێ و هەتا ئەم پەتای کرۆنایە لایەکی بەلایەکدا دەکەوێ، کەس هاتوچۆی چین نەکا. هەر لە تەنیشت‌ خۆیەوە یەکی دیکە گوتی کوڕە ئەوە دەڵێی چی؟ هەر ئەمڕۆ باڵیۆزی چین لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ماهان کۆ بۆوە و گوتی ئەم کۆمپانیایە هاتوچۆکانی بۆ چین ڕاناگرێ و هەر بەردەوام، دە...ـ یەکی خرپنەی ڕیش ماشوبرنجی قسەکانی پێ بڕی، دووکەڵی سیغارەکەی بە بن سمێڵە ڕەش و سپی و قاوەییەکانیدا دەردایەوە و ئاخێکی تەوساویی هەڵکێشا و گوتی، دنیا هەتا سەر بە کەس نامێنێ. سەردەمێک ئەم فڕۆکانەی کۆمپانیای «ماهان» هەر پێیان دەکرا چەک و چۆڵ و جەماعەتی «فاتمیوون» و «زەینەبیوون» بەرەو شام و کەربەلا و نەجەف و یەمەن بگوازنەوە. دوای بڕانی عاجی حاجی قاسم، ماهانیش بە هەتیوی مایەوە و بۆ پڕکردنەوەی جێگەی نەوتی نەفرۆشراو خەریکە دەست دەزاری ڤایرۆسی کرۆناش ڕۆدەکا. یەکێکی دیکە هەتا ئێستا بە بێدەنگی سەری لەوانی دیکە بادەدا و دیار نەبوو ئەوانی پێ نەزانە یان خۆی سەرودەر لە دۆخەکە دەرناکا، هەڵیدایە و گوتی:  کوڕە فڕۆکەی چی و مڕۆکەی چی؟ ئەمڕۆ شتێکی زۆر سەیروسەمەرەتر ڕووی داوە. ئەمڕۆ هەواڵێک بڵاو بووەتەوە، هەتا ئێستا لە قامووسی ئەم چل‌ ساڵەی دواییدا ڕووی نەداوە. ئەوە دەڵێن چی؟ گاڕانیان بە پانەوە بردوە، لەم نێوەدا دیارە گوێلکە بۆریش هەر نەماوە. لە ماوە‌ی ئەم چل ساڵەدا هەر پارە و داهاتی ئێمەیان بەم فڕۆکانەی ماهان بەرەو وڵاتانی دەوروبەر گواستەوە. لەبیرتانە ساڵی ڕابردوو حەسەن نەسروڵڵا دەیگوت هەتا ئێران فلسێکی هەبێ دەیدا بە ئێمە؟ ئەمڕۆ پشتی حەسەن نەسروڵڵا و حەماس و مەماسیش شکا. ئەمڕۆ لەجیاتی پارە بۆ ئەوانە بەڕێ بکەن، لەم تارانەی خۆمان ٥٠٠ میلیۆن تمەنیان لەگەڵ هەندێک دۆلار لە نووسینگەی «مەجلیسی ئەعلای ئینقلابی ئیسلامیی عێراق» دزیوە. پاشان بۆ پووشبەسەر کردنی خستوویانەتە ملی کوڕیژگەیەکی ماڵوێران کە گوایە پارەی ژن‌گواستنەوەی نەبوە و بە ناچاری ئەم پارانەی دزیوە. ئەم بۆچوونانەی دواییم لە زمان نوێژنەکەرانی بەساڵاچووی نوێژنەکەری ماندووی دامە و سێ‌ڕسکێنی بن دیواری مزگەوتێکەوە بیست. تێکەڵ بوون دەگەڵ مرۆڤەکانیش بۆ منی دارسمە هەر زیانی لێ دەکەوێتەوە. کە بەدەمیانەوە دەچم، لە دارسمینەکە دوور دەکەومەوە و  بێهووده شتی‌ دیکە دەسمم.