کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستا هه‌ژار، نوێنگەی زمانی ڕەسەنی کوردی

18:11 - 15 رەشەمه 2719

عەبدولڕەحمانی شەڕەفکەندی ناسراو بە «هەژار» یەکێکە لە بەتواناترین قەڵەم و درەوشاوەترین ڕوخسارەکانی نێو بەستێنی شێعر و ئەدەبیاتی کوردی و ڕەنگە هیچ دوور لە ڕاستیش نەبێ کە ئەگەر بڵێین لە هەرە نەمرترین و شوێندرانەرترین کەڵە پیاوەکانی مێژووی زمان و ئه‌ده‌بی کوردییه‌ کە زیاترین کاریگەری و خۆشەویستیی لەنێو دڵی هەمیشەیی خەڵکی نیشتمانەکەیدا بۆ خۆی دەستەبەر کردوە. هەژاری نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و شاعیری بەتوانای کورد، لە ساڵی ١٣٠٠ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی دیندار و زانست‌پەروەری بەناوبانگی ناوچەی موکریاندا لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و چاوە گەشە پڕ لە پرسیار و نیگەرانییەکانی بە ڕووی دنیایەکی پڕ لە چەوسانەوە و نابەرابەریدا هەڵێنا. هێشتا دوو ساڵی زیاتر نەبوو کە دایکی لەدەست دا و لە پێنج ساڵیدا ئەلف و بێ و قورئان لە خزمەتی باوکیدا فێر بوو. پاشان چوو بۆ قوتابخانە و دەستی کرد بە فێربوونی زانستی ئیسلامی لە لای مامۆستا ئایینییەکانی ئەو کاتی کوردەواری. هێشتا لە مێرمنداڵی تێنەپەڕیبوو کە باوکی پشت و پەناشی لەدەست دا و ئەرکی قورسی بەرپرسایەتیی بنەماڵەکەی کەوتە سەر شان و چیتر نەیتوانی لە خزمەتی مامۆستاکانی و لە ڕێی قوتابخانەوە پەرە بە تێگەیشتن و زانستی خۆی بدا. هەژار هەر لە سەرەتای منداڵییەوە خۆشەویستییەکی کەموێنەی بە شێعر و نووسین و ئەدەبیات هەبوو و، بەردەوام لە حاڵی خوێندنەوە و لەبەرکردنی شێعر و نووسراوەی شاعیر و نووسەرە گەورەکانی کورد و بیانیدا بووە و، کەڵکی لێ وەرگرتوون. هەربۆیەش زۆر بە زوویی و لە هەڕەتی لاوەتیدا وەک نووسەر و شاعیرێکی بەتوانا و خاوەن‌ هەڵوێست و سەرنجڕاکێش لە کوردستاندا درەوشایەوە و توانی لە ئاستی بەرین و بەرفراواندا پێگە و ناوێکی شایان به‌ده‌ست بێنێ. بە جۆرێک کە بە پێی لێوەشاوەیی و قەڵەمە بەتواناکەیەوە لە لایەن ڕێبەری مێژوویی گەلی کوردەوە ـ پێشەوا قازی محەمەد ـ وەک شاعیری میللیی کوردستان ناسرا. مامۆستا هەژار لە تەنیشت شێعر و پەرەپێدان بە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا، بەردەوام وەک چالاک و هەڵسووڕێکی ماندوویینەناسی کوردیش هەرگیز وچانی نەداوە و لەگەڵ هەست پێکردنی قووڵی بە چەوسانەوەی نەتەوەکەی، یەک له‌حزه‌ش لە پێ نەکەوت و تا دوایین ساتەکانی ژیانی لە بواری خەباتی سیاسی و نەتەوەییدا لە تێکۆشان و هەوڵی بەردەوامدا بوو. زۆر بە زوویی تێکەڵ بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی (ژـ ک) بوو و، لە ماوەی ژیانی کۆماری کوردستانیشدا به‌ یه‌کێک لە تێکۆشەران و چالاکانی سەرەکیی فەرهەنگی و سیاسیی حکوومەتی کوردستان ده‌ژمێردرا و زۆر هەڵسووڕ بوو. پاش نەمانی کۆماری کوردستانیش وەک زۆریه‌ک لە هاوسەنگەرانی بە ناچار ژیانی غەریبی گرتە به‌ر و پەڕەوازەی هەندەران بوو و، ساڵانێکی زۆری لە وڵاتانێکی وەک عێراق و سووریە و لوبنان وهتددا بەسەر برد و ماوەیەکیش له‌‌ شۆڕشی کورد بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانیی نەمر درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی مرۆڤانە و کوردانەی داوه‌‌. مامۆستا هەژار جیا لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی و فارسی دەسەڵات و تێگەیشتنێکی باش و بەنرخیشی لەسەر زمان و ئەدەبیاتی عەرەبیدا هەبوو و، ئەوەش یارمەتیی زۆری دا کە بتوانێ دەقگەلێکی وەک کتێبی «شەفا»ی «ئەبووعەلی سینا» و قورئان بەو پەڕی لێهاتووییەوە بگوازێتەوە سەر زمانی کوردی. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرینگەکانی «هەژار» دەسەڵاتی بێوێنەی بەسەر زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردیدا بووە و لە بڕەو و نرخاندنی هەرچی زیاتری قەڵەمی ئەو مامۆستا بایەخدارەی نیشتمانی کوردەواریدا دەورێکی بەرچاوی بووە. بە پێی زانیاری و تێگەیشتنی زۆری لە بەستێنی زمانی فارسی و کوردیدا بە تایبەت دوای وەرگێڕانی کتێبی قورسی «شەفا» لە عەرەبییەوە بۆ فارسی لە لایەن کۆڕی زانیاریی زمانی فارسییەوە بە ئەندامی کارای «فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی فارسی» لە تاران هەڵبژێردرا و، هەر ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەی کە لە ڕێی ئەم کاناڵەشەوە ئاستی چالاکی و کارەکانی لە چوارچێوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی و فارسیدا ئەوەندەی دیکەش پەرە پێبدا و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی کار و کاریگەرییەکانی لەنێو گۆڕەپانی زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەیدا به‌رفراوانتر لە جارانیش بکاتەوە. بەداخەوە ئەو شاعیر و نووسەرە گەورە و کەموێنەیەی وڵاتەکەمان پاش خزمەتی بێوچان بە فەرهەنگ و کۆمەڵگه‌ی کوردەواری لە ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە شاری «کەرەج» کۆچی دوایی کرد و لەسەر داوای خۆی هێنرایەوە بۆ شاری مەهاباد و لە گۆڕستانی شاعیران و هونەرمەندانی ئەو شارەدا لە تەنیشتی شاعیرانێکی گەورەی وەک «مامۆستا هێمن» و «خاڵە مینی بەرزنجی» بە خاکی پیرۆزی نیشتمانەکەی ئەسپێردرا. هەندێک لە کتێب و ئاسەوارەکانی مامۆستا هەژاری نەمر بریتیتن لە: هەنبانەبۆرینە (فەرهەنگی کوردی بە فارسی)، مەم و زینی خانی (گۆڕین لە کرمانجیی ژووروو بۆ سۆرانی)، قورئان بە کوردی (وەرگێڕان)، شەفای ئەبووعەلی سینا (وەرگێڕان)، ئاڵەکۆک (شێعر)، بۆ کوردستان (شێعر)، چێشتی مجێور (ژیاننامە)، شەڕەفنامەی بەدلیسی (وەرگێڕان)، چوارینەکانی خەییام (وەرگێڕان)، چەند نووسراوەیەکی عەلی شەریعەتی (وەرگێڕان)، چەپکە گوڵ (شێعرەکانی شامی کرماشانی)   چەند نموونەیەکی شێعریی مامۆستا هەژار   بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم بە کوردی دەیدەم وەرامی قەبرم بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە لەو دنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە   لە چوارینەکانی خەییام   وەبزانە جیهان بە ئارەزووی تۆ دەگەڕێ ئەو چەرخ و خولە هەمووی بە فووی تۆ دەگەڕێ وەبزانە کە لە سەد ساڵی ژیای، پاشان چی مەرگێکە لە سەر ڕێگات، لە دووی تۆ دەگەڕێ   مەیگێڕ بە سەرت پردی سیڕاتیش کەڵەکە سەیرانی بەهەشت سەیری دوو چاوی بەڵەکە زۆرم لە خودا ویست و کەمیشی نەگەیی هەر تۆبەیە دەمداتێ و ئەویش نەمگەرەکە   چوارینەکانی مامۆستا هەژار   دڵم تەنگە وەکوو خونچەی دەمی تۆ سەرم گێژە لە گێژیی پەرچەمی تۆ دڵ و ماڵ و ژیانم دا بە ماچێک گوتت پێک نایە زۆری من کەمیی تۆ   لە چەشنی ئاگرن کوڵمی گەشی تۆ لە مار حەستەمترن پرچی ڕەشی تۆ بڵێم وەک چی دەچی، هەر گوڵ دەزانم لە گوڵ ناسکترە، ناسک لەشی تۆ