کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سماندنی کۆڤیدۆکەی سەرەخۆرە

23:16 - 29 رەشەمه 2719

کەسێکی وەک من کە بۆ دابین‌کردنی بژێوی ژیانی خۆی و جوجەڵەکانی لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە بە دەنووک خەریکی کوتانی کۆتەرە دارەکان بێ، هەرگیز دڵی به گیرۆدەبوونی خەڵک بە نەخۆشییەکی وەک نەخۆشیی کۆرۆنا خۆش نابێ. باش نییە نەک هەر باڵندەیەکی وەک دارسمە بەڵکوو تۆی خوێنەریش مەرگی کەسانی دیکە تەنانەت هی دوژمنانیشت بە نەخۆشییەک وەک کۆرۆنا بە ئاوات بخوازی. بەڵام بە من و تۆ نییە و ئێستا ڤایرۆسێک بە ناوی “کۆڤید١٩”ی سەر بە بنەماڵەی کۆرۆنا بەربینگی بە هەموو دانشیتووانی سەر ئەم گۆی زەوییە سەهۆڵبەندان و بەردەڵان و خۆڵەپۆته گرتوە. بە هەموو دەرودەشت و کێو و تەلان و گەوە و قاڕە و دوڕگەکاندا بڵاوبووەتەوە و تەنانەت ڕەحمی بە دانیشتووانی کەشتییەکانی نێو دەریاکانیش نەکردوە. وەک پێشتریش گوتوومە، بە حوکمی ئەوەی باڵندەیەکی سووکەڵەم، گەلێک شوێنان دەگەڕیم و لە پەسیو و پەنا لقی ئەستوور و لەپشت گەڵا و پرژەڵی داران دوور لە مەترسیی داڵ و هەڵۆ و ڕاوکەری دیکە گوێ بۆ لێدوان و قسەی ئەم‌وئەو شل دەکەم. زۆر شتی ڕاست و درۆ دەبیسم و خۆشم بەهۆی ئەم هەموو بیستن و گێڕانەوە جودایە بوومەتە شارەزای لێکدانەوەی بارودۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، گەردوون‌ناسی، پزیشکی و.... بۆ مەگەر من چیم لەو خەڵکە کەمترە بە کەیفی خۆیان وەک شارەزای هەموو بوارێک دەست بە لێکدانەوە و هەڵوەشاندنەوە و هەڵپێچانەوەی جۆراوجۆر دەکەن؟ ئەی ئەوە نییە پزیشک دەبێتە سیاسەتوان، گۆرانی‌بێژ دەبێتە شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی و تەکسی‌ئاژۆ دەبێتە مامۆستای ئایینی و مامۆستای ئایینیش لێمان دەبێ بە ڤایرۆس‌ناس و پشت و ڕەچەڵەکی  کۆڤید١٩ دەباتەوە نێو خۆڵەپۆتی تێكەڵاوی گێژەڵووکەی بەر ماڵی هابیل و قابیل؟ تۆ خوا منیش مافی ئەوەم نیە وەک هەموو ئەوانە لە بەڕەی خۆم زیاتر پێ ڕابکێشم و دەست بە لێکدانەوەی هەموو جۆرە بابەتێک بکەم؟ سوور دەزانم دەستم بۆلەمل دەدەی و پێم دەڵێی لەسەر حەقی. دیارە ئەگەر گوتیان حەق، ئاو ڕادەوەستێ و قسەی خۆمان بێت، ئەوەندە بە سرتە بخوێننەوە: “ ئاویش وەک هەموو شتێک بە ڕاوەستان بۆگەن دەبێ”. تۆ خوا لێمگەڕێن با بە بیانووی کۆڤیدۆکەی بنەماڵەی  بەڕێزی کۆڕۆناوە بە کەیفی خۆم دەست بە لێکدانەوە و شەن و کەوی ئەو شتانە بکەم کە وەک ئێوە تەنیا خۆم پێموایە لێی حاڵیم. بۆچی بە ڕێزەوە ناوی بنەماڵەی کۆڕۆنا دێنم، چونکە بە ناوی سارس و کۆڤیدەوە لێمان دەرکەوت، هیچ لێی بەدوور نییە سبەودوویەکی بە ناوێکی دیکە لێمان دەربکەوێ. ئەوکاتەی بە کۆڤید١٩ دەڵێم کۆڤیدۆکە هیچ بە مانای بێ‌ڕێزی پێکردن نییە و تەنیا لە خۆشەویستییان وای پێدەڵێم. ئەمجارە دیمە سەر ئێرانەکەی خۆمان، ئەو ئێرانەی گەلێک جاران ئەوداروئەم دارم تێیدا کردوە و لە ترسی کوندەبەبووی وێرانکەر لەم لقەوە بۆ ئەو لق و لەم بێشەوە بۆ ئەو بێشە و لەم دارستانەوە بۆ ئەو دارستان شوێنەونکەم کردوە. بە ڕۆژ و بە مانگ هەستم ڕاگرتوە و نەموێراوە بەم دەنووکەمەوە بە هێواشیش لە کۆتەرەی دارێکەوە بژەنم. ئەم کۆڤیدۆکەیە ئەگەر ڕێگەی نەکەوتبایە ئێران وهەرنەبێت لە ئێران زوو هەست بەمە کرابایە پێویستە پێشی‌ پێبگیرێت، خەڵکی ئێران و ناوچەکەی بەم دەردە نەدەبرد. هەر ئەو کاتەی کۆڤیدۆکە لە چین بڵاو بۆوە، کاربەدەستانی ئێران وایانزانی حەوت پوورە هەنگیان لە خەلەفێکدا دۆزیوەتەوە و پێیەوە شاگەشکە بوون. ئەو کاتەی وڵاتان هەستیان کرد بە مەبەستی پێشگرتن لە گواستنەوەی کۆڤیدۆکە بۆ لای خۆیان پێویستە کەمێک لە چین دوور بکەونەوە، مەلاکانی تاران شلەوتوندەیان بە مێزەرە ڕەش و سپیەکانیان کرد و تفیان کردە مشتیان و بەرەو لەباوەشگرتنی چین قۆڵیان لێ هەڵـماڵی. بەم هیوایە بوون هەرنەبێ بۆ چەند مانگێک جێگەی هەموو ئەو فرۆشیارانە دەگرنەوە کە نەوتیان ڕەوانەی چین دەکرد. کۆمپانایا فڕۆکەوانیەکانی ئێران فڕۆکەکانیان بەرەو چین و پێچەوانە خسته هاشوهووش و فرۆکەکان بە بەتاڵی دەچوون و هەموو جارێک بە هەزاران کۆڤیدۆکەوە دەگەڕانەوە. مێزەربەسەران بە دڵ و دەروونی پیسەوە نوێژی شوکرانەبژێریان دەکرد و پێیان خۆش بوو هەتا بە حاسڵی فرۆشتنی نەوتەکەیان چەکدارانی گوێ‌لەمستیان لە هیلالی شیعەدا تێر دەکەنەوە، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت. کاتێک لە خۆیان ڕوانی، ئەو کۆڤیدۆکانەی بە فڕۆکان دەیانکێشانەوە، خۆیان هاویشتە سنگ و سێپەلکی هەزاران ئێرانی و، تەنانەت مێزەربەسەرە دەسەڵاتدارەکانیشیان وەقرخە قرخ خست. ئێستا زیاتر لە سێ مانگی ڕەبەقە کۆڤیدۆکە دەستکیسیی مێزەربەسەرەکان سیپەلاکی دەیان هەزار کەسی بەسەرکردووەتەوە و هەزاران کەسی کوشتوە. دەسەڵاتی مێزەر ئەوەندەی بۆی کرا میوانداریی لەم میوانە وردیلەیە کرد و پێی ‌وابوو بۆ کوشتنی دژبەرانی دەسەڵات و خەڵکی برسی و وەزاڵە هاتوو جێگەی پاسدارانی بۆ دەگرێتەوە، بەڵام کۆڤیدۆکە وەک فریزوو ڕەگئاژۆ بوو و وەک جاشکوولەی بەهاران خۆی لە‌نێو ژێرخانی ئابووری و تەندروستی و سیاسیی ئێراندا گەوزاند و خەریکە هەمووشتێکی نیوە هەڵوەشاوی ئەم وڵاتە هەڵدەوشێنێتەوە و پێـم‌وایە سەری نیزامی موقدەسیش دەخوا. هیوادارام ئەوانەی دەتوانن ئەم پیتانەی سەرەوە بەرنەوە سەریەک و هەموو مرۆڤە جوان و دڵپاکەکانی سەر ئەم زەوییە لە ئازاری کۆڤیدۆکە بەدوور بن.