کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سماندنی گرێی سەوزەی سێزدەبەدەر

23:02 - 15 خاکەلێوه 2720

سێزدەبەدەری ئەمساڵ پێچەوانەی هەموو ساڵانی پێشوو سێزدە بەژوورەوە بوو. دیارە سێزدە بەژوورەوەی ئەمساڵ زۆر پێش نوێبوونەوەی ساڵ دەستی پێکردبوو و چوارشەممە سووریشی گرتەوە. ئەوخەڵکانەی ساڵی ساڵان بەسەر ئاگری ئێوارەی سێشەممەی ئاخری ساڵ بازبازدێنیان دەکرد و بە ئاگریان دەگوت: "زەردیی من بێتە تۆ و سووریی تۆ بێتە من"، ئەمساڵ لە ترسی ڤایرۆسۆکەیەکی بچووک کە بە چاو نابینرێ، نەیانوێرا لەدەوری ئاگر لە یەکتر کۆببنەوە. ئەم چوارشەممە سوورەیەی ڕابرد، نەیهێشت پیرەپیاوان و پیرەژنان بە هەڵپەڕین و داپەڕینی سەر ئاگری گەنجەکان نا، بەڵکوو بەو دەستبازییە دزەکییانە پێبکەنن کە گەنجەکان هەتا پاریش وایاندەزانی به‌ساڵاچووەکان ئاگایان لێی نییه. بەزمی چوارشەممە سوورەکە هەرچەندە لە ئێران باش پێشی نەگیرا یان ئەگەر بوێرین بێڵێین پێشیان پێ‌نەگرت، بەڵام لە نەورۆز و سێزدەبەژووری ئەمساڵدا خەڵکەکە هەر لە ژوورەوە بوون. ئەم لەژوورە بوونەوەش زۆر شتی دیکەی لێ‌کەوتۆتەوە. ڕاوێژێکارێکی یارمەتیدەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆژێک پێش سێزدەبەژووری ئەمساڵ لە ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژانە چەندین ئەوەندەی جاران لە لایەن ژن و مێردانی بێزار لەیەکەوە زەنگ بۆ ژمارە تەلەفۆنە تایبەتەکەیان لێدەدرێ و بە تایبەت ژن و مێردەکان سكاڵایان هەیە. دیارە زۆربەی ئەو ژن و مێردانەی بەهۆی ئەم سێزدەبەژوورەوە لە یەکتر بێزارن، ماوەیەک بەسەر ژیانی هاوسەرییاندا تێپەڕێوە و قسەی ‌خۆمان بێت هەندێک جاریش پێیان‌وایە مامری دراوسێکەیان قازێکی سپی و قەڵە و گۆشتنە. هەرچی ڕاوێژکارەکەیە باسی ئەمەی نەکردوە و زیاتر گوتوویەتی کێشەی ژن و مێردەکان لەسەر ڕاگرتنی پاکو‌خاوێنی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکەیە. ڕاوێژکارەکە هەر ئاماژەی بە ئەوەندە کردوە و نەیگوتوە، مێردەکان بیانوویان بە نینۆکی لاکاویی ژنەکانیان گرتوە و گوتوویانە ئەم ڤایرۆسە حیزە خۆی لەژێر ئەم نینۆکە درێژانەدا حەشار دەدا. نەشیگوتوە لە سەر فڕێدانی جووتە ماسییە سوورە بچووکەکان لە نێو ژن و مێردەکاندا کێشە دروست بووە. ئاخر ساڵی ساڵان، ماوەی ئەوچەند ڕۆژەی ماسییە سوورەکانی سەر سفرەی حەوسین لە ماڵەوە دەبوون، ژن و مێردەکانیش کەمتر یەکتریان دەدی و لە ئاکامدا دیارە خۆیان باشتر دەزانن بە درۆ یان بە ڕاست پێدەکەنین و وایان دەنواند ژیانی ئەم دوو ماسیە بە ژیانی بەختەوەرانەی خۆیان دەشوبهێنن. بەڵام ئەمساڵ وا باشتربوو ماسییەکان زوو فڕێ بدرێنە نێو ڕووبارەکان. جا ئەودەم ماسیی گەورەتر هەڵیانبلووشێ یان لەگەڵ ئاوە ساردەکان نەگونجێن و دوور لە ئێوەی خۆێنەر، بمرن. خۆ ئەگەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبوایەن و لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە دەنگ و سەدای نێو ماڵەکان نەهاتبایە دەرەوە، زۆر شتی دیکەش ڕووی ‌دەدا. ئەم خەڵکە ئەوکاتەی دەچنە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، بە خۆیان ناوەستن و زۆر شتی سەیر و سەمەرە دەکەن. دیارە ئێمە نە حەقمان هەیە لە خۆڕا قسە بۆ ئەو کەسانە هەڵبەستین کە دووبەدوو لە سەر ئەم تۆڕانە پەیام دەگۆڕنەوە و نە زۆر باشیش ئاگامان لە کەینە و بەینەیانە، بەڵام ئەوەی بەئاشکرا باسی دەکەن، لەبەرچاوی هەمووانە. ئەوەی لەگەڵ ئەم کۆڕۆنا و مۆڕۆنایە لە تۆڕە کۆمەڵایتیەکان دەرکەوت، وشەی "قەرەنتینە" یان "کەرەنتینە"یە کە دەگوترێ لە وشەی "کارەنتین"ی فەرەنسایی وەرگیراوە. دیارە ئەم خەڵکە هەر کەیفیان بە "کارەنتین" نایە و لێی ‌بێزارن و زیاتر حەزیان لە ئازادی و سەربەخۆیی و هێندێک جار بەرهەڵڵاییشە، بۆیە لەگەڵ هاتنی ئەم کۆڕۆنایە بەگژی داهاتن و بەرەنگاری بوونەوە. وشەی "دابڕگە"، "هاوێرگە" و تەنانەت "دابەستە"شیان بۆ دانا. پاساوەکانیان ئەمە بوو کە دابڕگە و هاوێڕگە لە دابڕین و هاوێرکردن وەگیراون کە دابڕین بە مانای لەیەک جیاکردنەوە و هاوێرگەش لە هەڵاواردنەوە وەرگیراوە. بەڵام بڕوا بکەن من ئەوەندە بە "دابەستە" پێکەنیوم، ژانە سکم گرتوە. ڕەنگە ئەوانەی بەتەمابوون سەوزەی سێزدەبەدەر گرێ ‌بدەن زیاتر لە قەرەنتینە یان ئێوە بڵێن "دابڕگە" یان "هاوێرگە" بێزارن. ئەوان بەتەمابوون بەهیوای بەیەک گەیشتن لەگەڵ کەسێکی دیکە، ئەم سەوزە و مەوزەیە گرێ بدەن، بەڵام بە خۆشییەوە بۆیان گرێ نەدرا. خۆ من گولی بەخیل نیم پێمخۆش بێ خەڵک بە یەک نەگەن، بەڵام ئەگەر بەیەکیش بگەن، هەر وەک ئەو ژن و مێردانەیان بەسەر دێت کە لە کاتی کەرەنتینە ئەوەندە بڕوبیانوو بە یەکتر دەگرن کە ڕاوێژکاری کاروباری ڕێنوێنی‌کردنی کۆمەڵایەتیش لە دەستیان بێزار دەبێ. بەڵام وشەی دابەستە بۆ سک‌ئێشەی پێم گرتوە؟ من کە ئێستا وەک دارسمە لەخزمەتتان دام، لەبەر ئەوەی زیاتر لە گوندان خەریکی دارسمینم، زۆر باش لەم وشە گوندییانە تێدەگەم. "دابەستە" بە حەیوانی وەردە یان جوانەگا دەگوترێ کە بۆ قەڵەوبوون، لە ژوورەوە ڕایاندەگرن و خاوەنەکانیانیان ئەوەندی پێیان دەکرێ خوراکی باشیان پێدەدەن و بە مەبەستی قەڵەوبوون و زیادکردنی گۆشتی لەشیان و قورس‌بوونیان خزمەتیان دەکەن. جا پێکەنینەکە لێرە دایە ئەگەر بەمجۆرە ئەم خەڵکەش دابەستە بن، دوای ماوەیەکی دیکە کە ئیزن دەدرێن بڕۆنە دەرەوە، لەبەر قورسایی شان و سنگ و سک و بیلامانێیان ناتوانن هەنگاو باوێن. تۆ خوا ئێوش ئەم قەڵافەتانە بهێننە بەرچاوی خۆتان. بەڵام ئەوەندە پێمەکەنن سکتان بێشێنی.