کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکھێنانی سمینارێکی سیاسی_ تەشکیلاتی بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

14:47 - 29 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی مای ٢٠٢٠ی زایینی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد، لە ڕێگای ئێنتەرنێت و بە شێوەی ئانلاین سمینارێکی سیاسی – تەشکیلاتی بۆ بەڕێز"خالید عەزیزی"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. ئەو سمینارە کە بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی سوئید تێیدا بەشدار بوون، بەخولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان لە لایەن بەڕێوەبەرانی سمینار هاوڕێیان "شلێر حەسەنپوور" و "کەریم جاف" وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامانی بەشدار، بەرنامەی کاری سمینار خوێندرایەوە. دواتر خاتوو"کوێستانی بابایی" بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سوئید چەند وتەیەکی پێشکەش کرد. خاتوو کوێستان وێڕای بەخێرهێنانی ڕێزدار خالید عەزیزی و هەموو بەشداران، باسێکی کورتی سەبارەت بە دۆخی جیھان بەھۆی پەتای کۆڤید ١٩ و کاریگەری و بەربەستەکانی لە سەر کارو تێکۆشانی کۆمیتەی سوئێد هێنایە بەرباس. خاتوو کوێستان لە بەشێکی دیکەی باسەکەی خۆی‌دا ئاماژەی بەوە کرد کە بەداخەوە بەشێک لە هاوڕێیانی حیزب لە وڵاتی سوئید، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەداخەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە تێکۆشەرە دێرینەکانی نێو ڕیزەکانی حیزبەکەمان، خاڵە "کەریمی ساڵحی" هەر بەم هۆیەوە کۆچی دوایی کرد. خاتوو کوێستان بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتیی سوئید وێڕای سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی خاڵە کەریم ساڵحی، هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوەی بۆ هەموو تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا خواست. لە بڕگەی دووهەمی سمینارەکەدا بەڕێز "خالید عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان باسێکی لەسەر چەند پرس و بابەتی ڕۆژ پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا پاش بەخێرهاتن و دەستخۆشی گوتی: ئارەزووم دەکرد کە ئەگەر پەتای کۆرۆنا نەبوایە لە نزیکەوە لەگەڵ ئێوە و لە کۆبوونەوەیەکی بەرینتردا پێکەوە لەنزیکەوە سمینارەکەمان بەڕێوە بردبا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە هەوڵ و ماندوو بوونی هاوڕێیان توانیومانە لەم ئامرازانە کەڵک وەرگرین و ئەم کۆبوونەوەیە پێک بێنین. بەڕێزعەزیزی سەرەتای قسەکانی بە باسێکی تێروتەسەل لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست پێکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە چۆن لەگەڵ نێوخۆی وڵات هەڵسوکەت بکەین و چۆن دەتوانین گرینگی نێوخۆی وڵات کە بە خۆشییەوە حیزبی ئێمە زۆری تەوەجۆ پێ دەکا، دەقیقتر بەرنامەڕیژی بۆ بکەین، بە جۆرێ کە بیهێنینە ئاستێکی سەرەوەترچ  بۆ خەڵکی نێوخۆی وڵات، یان کوردانی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووی دەرەوە یان حیزبە سیاسییەکان. ئایا ئێمە دەبێ تەنیا نێوخۆی وڵاتمان بەو جۆرە ڕووداو و هەڵوێست گرتنانە بیر بێتەوە کە لە خۆیانی نیشان دەدەن و خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، لانی‌کەم ئێمە و ئێوە و حیزبی دیموکراتی کوردستان وا بیر ناکەینەوە و ئێمە وانین، هەموو پرۆژەی ئێمە و گرینگی کاری ئێمە نێوخۆی وڵاتە.  بەخۆشیەوە خەڵکی ئێمە لە ھەموو بارەوە توانای خۆبەڕێوەبەریی نیشان داوە، کاتێک کۆماری ئیسلامی دوای بوومەلەرزەی کرماشان هیچ یارمەتییەکی پێویستی بە خەڵک نەکرد، خەڵک بە ھۆشیاریەوە خۆیان ھاتنە مەیدان. پشتیوانی ڕۆژھەڵات دوای موشەکباران و ھەروەھا قەیرانی ئەم دوایانەی پەتایی کۆرۆنا، خەڵک بە ئیمکاناتی کەم و ئەزموونی دوورو درێژ، بە هانای یەکترەوە چوون کە زۆر بەرچاو و جێگەی خۆشحاڵییە. ئێمە دەبێ ڕێز لەو ھەموو تێکۆشانەی خەڵکی ڕۆژھەڵات بگرین، هەموو ئەوانەی کە لە نێوخۆن لە نێو ڕێکخراوە مەدەنییەکان دا تێدەکۆشن، بخوێنینەوە. دەبێ ڕێز لە ماندوو بوون و زەحمەتەکانیان بگرین، چونکە تێکۆشان لە نێخۆی وڵات و لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت دا کارێکی ئاسان نییە. ئەو تێکۆشان و خەباتەی خەڵک ئەوە هەڵدەگرێ کە ئێمە ئەو پارامێترە زیاتر بکەین یان بەهێزی بکەین کە زۆرتر لەوەی کە تا ئێستا سەبارەت ڕۆژهەلاتی کوردستان کردوومانە، هەوڵ بدەین کە خوێندنەوە بۆهەموو ئەو کەسانە بکەین کە بە ئاشکرا و نهێنی و لە دامودەزگاکانی حکوومەت دا خەریکی کار و تێکۆشانن، بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە دەنگ و ڕەنگ و کارەکانیان لە خەبات و تێکۆشانی ئێمە کوردی ڕۆژهەلات لە خەبات و تێکۆشاندا دژ بە کۆماری ئیسلامی دیار و بەرچاوە. ئێمە نابێ تەنیا وەک هەواڵ و خەبەر چاو لە تێکۆشانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات بکەین و دەبێ بە گرینگی زیاترەوە بڕوانینە ئەو تێکۆشانەی لەوێ دەکرێ، ئەوێ دەنگی بەهێزی ئێمەیە. بابەتێکی دیکە دوای مووشەکبارانی ئێمە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، کە گەورەترین دەستوەشاندنی ئەوان دژی نەیارانی بووە و پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەیی بوو، ئەو خۆڕاگریی و کاردانەوە و پشتگیرییەی خەڵکی نێوخۆی وڵات بە قازانجی ئێمە تەواو بوو.ئەو پشتگیرییە کە لە نێوخۆ هەمانە هۆی سەرەکیی وەشاندنی ئەو گورزە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بوو. بەشێکی دیکەی قسەکانی سکرتێری حیزب لەسەر شێوەی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و شێوەی دروستی بەکار ھێنانی ماسمێدیا بوو. عەزیزی گوتی: "دەبێ لە چوارچێوەی پرەنسیپە داڕێژراوەکانی حیزبدا بجووڵێینەوە و دەکرێ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر بۆ نزیک بوونەوە و پەروەردەکردنی نەوەی نوێ بەکار بھێندرێن". لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا بەڕێز عەزیزی باسی لە گرینگی هەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و هەوڵدان بۆ گەشەپێدان و چالاک کردنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کرد و گوتی: "پێویستە هاوکاریمان هەبێ تا ئەوەی لە دنیای مەجازیدا باس دەکرێ نەبێتە هۆی سست بوونی هەنگاوەکانمان. بەشی کۆتایی قسەکانی بەڕێز سکرتێر لەسەر میکانیزمی کاری ئۆرگانەکانی حیزبی بوو کە لە دوای کۆنگرەی ۱۷ بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەتر و بەپێی ئایین نامە و ئەساسنامە دەبێ کار بکەین. لە بەشی دووهەمی سمینارەکەدا، دەرفەت درا بە ئەندامانی بەشدار کە پرسیار، ڕەخنە و تێبینییەکانی خۆیان لەگەڵ سکرتێری گشتیی حیزب بێننە بەر باس. لەو بەشە دا بەڕێز کاک خالید بە وردی وڵامی پرسیار و ڕەخنەکانی ئەندامانی حیزبی دایەوە. لە بەشێکی دیکەی ئەم سمینارەدا، دوکتۆر "کوێستان گادانی" ئەندامی ڕێبەریی حیزب وەک نوێنەری کۆمیتەی دەرەوەی وڵات چەند وتەیەکی سەبارەت بە بەرنامە و پرۆژەی کۆمیتەی دەرەوەی وڵات هێنایە بەرباس و هاوکات وڵامی چەند پرسیار و تێبینیەکی دایەوە. جێی ئاماژەیە کە بەڕێزان "سمایل شەرەفی" بەرپرسی تەشکیلاتی گشتیی حیزب و ھەرورھا لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بەڕێزان "حەمەڕەسوڵ کەریمی"، "مادیح ئەحمەدی" و "شەھین زادئەحمەد" بەرپرسی یەکیەتی ژنان لە دەرەوەی وڵات بەشداری ئەو سمینارە بوون. دوای نزیک بە ٤ کاتژمێر دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوە، کۆڕەکە کۆتایی پێ هات.