کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە مامۆستا قالەمەڕە

03:40 - 1 جۆزەردان 2720

قادر عەبدوڵڵازادە، ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندی شمشاڵژەن، لە ١ـی بەفرانباری ساڵی ١٣٠٤ی ھەتاوی لە گوندی کولیجەی بۆکان لەدایک بوو؛ قالەمەڕە باوکی نەبینیوە و دایکیشی لە تەمەنی ٦ ساڵانیدا کۆچی دوایی دەکا. دواتر لە لایەن شێخ محەممەدی بورھانەوە، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە نازناوی قالەمەڕەی پێ بەخشراوە. لە دەیەی چل و پەنجا و دواتریش لە ناوەندەکانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سێحراوی و ئاسمانیی شمشاڵەکەی چەندین پارچە مووزیکی جوان و ڕەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری مۆسیقای کوردی بە شکۆیەکی بێ‌وێنەوە ھێنایە گۆڕەپانی ھونەرییەوە. دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ ھونەرمەندی گەورەی کورد حەسەن زیرەک ھاوکاریی ھونەریی کرد و، لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتیی دەدا. قالەمەڕە، خاوەنی چەندین بەرھەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە کە ھەموویان مۆرکی تایبەتی ئەم ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و، ناسنامەی ھونەری مۆسیقای دەوڵەمەندی کوردین. بابەتی زۆربەی بەرھەمەکانی حەماسی و مێژوویی و ئاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و، ھەر کامە و بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوە. لە نێو ھونەرمەندانی مۆسیقای ئێران و لە فێستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکاندا بە "گنج متحرک" واتە زێڕی گەڕۆک ناسراوە، ئەمەش بە ھۆی ئەوەیە کە ئەم بلیمەتە وەکوو گەنجینەیەکە کە سینگی پڕ بووە لە مۆسیقا، بەیت، حەیران، لاوک، گۆرانی و مەقاماتی ڕەسەن و فۆلکلۆری دەوڵەمەند و بلاوێنی کوردستان. هەر بۆیەش کە بە بیستنی هونەری مۆسیقای کوردی قالەمەڕە وەک یەکێک لە هونەرمەندانی کورد کە جێگە پەنجەی بەسەر ئەم دەوڵەمەندییەوە دیارە؛ وەبیر دێتەوە. قالەمەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەریی خۆیدا لە زۆربەی فێستیڤاڵە گرینگەکانی مۆسیقای ئێران لەوانە فێستیڤاڵی هونەری شیراز لە سەردەمی شا، فێستیڤاڵی مۆسیقای ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەکانی سنە، کرماشان، ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان و لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداریی کردوە و، چەندین خەڵات و شانازیی گەورەی بەدەست هێناوە و تابلۆی سپاس و ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. ھونەرمەندی میللی و شمشاڵژەنی ناوداری کوردستان، ئێران و جیھان قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە "قالەمەڕە"، شەوی پێنجشەممە ٣١ـی بانەمەڕی ٨٨، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھێمنی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و، ڕۆژی دواتر بە بەشداریی ھەزاران کەس لە خەڵکی بۆکان و شارەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان تەرمی پیرۆزی بە پێی وەسیەتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە تەنیشت گۆڕی ھونەرمەندی مەزن مامۆستا حەسەن زیرەک بە خاک ئەسپێردرا. لە وەسفی مامۆستا "قالەمەڕە"دا شاعیر "ڕەسووڵ سوڵتانی" ئەم هۆنراوەی هۆنیوەتەوە بۆ "قالەمەڕە" لەخەو رابوون كەژو كۆ لەگەڵ هاواری شمشاڵ سروودی دەشت و كۆ بوو ڕژا لە زاری شمشال   خەمی حەیران و بەیتی گەلێكی گرتە ئەستۆ شەپۆل ئەدا شەو و ڕۆژ چەمی ئازاری شمشاڵ   لەگەڵ نووزەی بەسۆزی خەج و سیامەندی زامار بە ڕێژنە ئەشكی لێڵی لە چاو ئەباری شمشاڵ   بوغدان و ئەستی شینی كاكەمیر و كاكە شێخ دەڕێژنە نێو هەناوی رەش و زاماری شمشاڵ   لەگەڵ عەبولعەزیزی خەمینی كوڕ لەدەستچوو دەگێڕێ‌ شین و دەگری دڵی نزاری شمشاڵ   هەوای لاوك و بەیتی خەزاڵ و ئەی ڕەقیبە كاروانی دڵ ئەكێشێ‌ بەرەو هەواری شمشاڵ   ئەوی لەگەڵ خەم و ژان بە حاستەم ئاشنا بێ چرۆی خەمی دەپشكوێ بە نارەناری شمشاڵ   ئامێرەكانی موزیك چاویان لە دەستی تۆیە لە نیشتمانی دەنگا سەرۆك كۆماری شمشاڵ   دەستت ئەخەیتە ئەستۆی كچی حەیران ‌و لێلێ خۆشی لە خۆت كە دۆستی كەژ و كۆساری شمشاڵ   ئەگەر نەبایە پەنجەی بەهەستی مامە قالە بێبەش دەبووین لە بۆن و بەرامی داری شمشاڵ