کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سماندنی بیرۆکەی شەهادەتتەڵەبی و دوژمنی خەیاڵی

05:59 - 1 جۆزەردان 2720

من وەک دارسمەیەکی ئەم سەردەمە لەبەر ئەوەی وازم لە دارسمین هێناوە، داوای لێبوردن لە جوجەڵەکانی خۆم و ئێوەش دەکەم. ئێستا هاتوومەتە سەر ئەم بڕوایە زۆر جار سماندنی شوێنی دیکە لە سماندن و کوتانی کۆترەی دارە ئەستوورەکان پێویستترە. ژیان هەر سک ئاخنین نییە و ئێمەش پێویستمان بە هەڵکیشانی هەناسەیە و پێویستە هێندێک جاریش بن‌هەنگڵی کولتوور و لاڕوومەتی داب‌ و ‌نەریت و بناگوێی سیاسەت و هێندێک شوێنی دیکەش زۆر بەنەرمی و لەسەرخۆیی و بە پارێزەوە بسمین. زۆرجار سماندنی بە قەو و توند و جاروباریش سماندنی نەرم و نیان لە نانی شەویش پێویستترە. سەدجاران بەو حەڵقەیەی کاتی دەزگیرانەتی پەنجەمان تێگرتوە و یان هەندێکتان بە تەمان پەنجەی تێبگرن، من دوژمانەیەتی و دژایەتیم لەگەڵ هیچکەس و بۆچوون و بیروبڕوایەک نییە و هەمووتان بەڕێزن. تەنانەت خەیاڵە دەوڵەمەند و هەنێک جار ئەوانی پڕوپووچی ئێوەش لای من بەڕێزن. دەبێ بڵێم لێرەدا، بە تایبەت لەم “دەق”ەی ئێستادا باس لە خەیاڵ کردنەوە یان “فانتازیا” بە مانای فڕینی بیر و دروستکردنی جهیان و ژیانێكی دوور لە واقیعی ئێستا ناکەم. مەبەست ئەو “خەیاڵ”ـە کورت و تێپەڕانەیە بەخێرایی لەگەڵ ژیانی ئاسایی تێکەڵ دەبن و خێرا مرۆڤ لێیان دوور دەکەوێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی. لێرەدا لەبەر ئەوەی ناچارم بۆ رێزگرتن لە کولتووری باو  باسی هەندێک شتی خەیاڵی نەکەم و منیش بەشی خۆم لە قەپێلکی سانسۆڕدا بمێنمەوە و بێمە سەر باسی دوژمنی خەیاڵی. دوژمنی خەیاڵی بەپێی ئەم پێناسەیەی بۆ خەیاڵی کورت مەودام کرد، ئەو دوژمنەیە بۆ چەند چرکەیەک لە دونیای حەقیقیدا دەیهێننە بەرچاوی خۆمان. دیارە لە کاتی شەڕی دەستەوئێخە دەگەڵ کەس یان کەسانێک، لە گەرمەی تێکهەڵچووندا دوژمنمان ڕاستەوخۆ لە بەرانبەرمانە و دەرفەتی خەیاڵ‌کردنەوەمان پێ ناهێڵێ. لەکاتێکی ئاوادا یان بەسەر دوژمندا زاڵ دەبین و یان وەک پیر و پێشنیان فەرموویانە: “لاقە قوونێ خەڵاس‌ کە”. وەک لەم بەسەرهاتەی خوارەودا دەبنین، دوژمنی خەیاڵی تەنیا لەکاتی راهێناناندا دەتوانێ بەرجستە بکرێ. ئەم جۆرە دوژمنە خەیاڵییە لە مانۆڕی سەربازیی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩ی کۆچیی هەتاوی، لە لایەن هێزە دەریاییەکانی ئێرانەوە بەرجەستە کرا. بۆ زیاتر قووڵبوونەوە بە نێو بابەتەکەدا پێویستە بە کورتی ئەو دوو پاپۆڕ یان کەشتییە بناسێنین کە لە کاتی دروستبوونی دوژمنی خەیاڵی لە دەریاکانی باشووری ئێراندا بەشداری مانۆڕ بوون. پاپۆڕەکانی “کۆنارەک” و “جەماران” لەو ڕۆژەدا بۆ خوڵقاندنی دوژمنی خەیاڵی پێشاندانی ئەم دوژمنە پیسە، دەوری سەرەکییان گێڕا. ئەوانەی ئاگاداری ڕووداوی کوژرانی ١٩ چەکداری سوپای پاسداران لە ٢١ی بانەمەڕدان، دەزانن لەم ڕۆژەدا کەشتیی “جەماران” بە مووشەک  کەشتیی “کۆنارەک”ی پێکا و بە گوتەی بەرپرسانی سوپای ئێران، لە بەر ئەوەی لە نێو ئەو ئاوە سوێرەدا شەربەت دەست نەکەوت، ١٩ کەس سوێراوی شەهادەتی دەریای باشووریان نۆشی و ١٥ کەسیش لە هەوڵدان بۆ نۆشینی سوێراوەکە سەرنەکەوتن و بە برینداری گەیەنرانە نەخۆشخانەکان. کەشتیی کونارەک ناوەکەی لە شاری “کونارەک”ی دامێنی خۆرئاوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان وەرگیراوە و ناوی شارەکەش لە “کونار” واتە “تاوک”ی کوردی وەرگیراوە کە دارێکی کورتەباڵای خۆرسکی چیاکانی زاگرۆسە و بەرەکەی لە قەزوان گەورەتر و بیلامانێ نێوکی ڕقە و گۆشتە کەمەکەی کەمێک لە ئاردی سنجوو پتەوترە. کەشتیی جەمارانیش بە ناوی “جەماران”ی تاران کراوە. جەمارانی تاران، گەڕەکێکە لەم شارە و سەر بە شارەوانی ناوچەی یەکی تارانە. دەگوترێ لە کۆنەوە ئیمام‌زادەیەک لەوێ نێژراوە، بەڵام ئێستا بە شوێنی نێشتەجێ‌بوونی خومەینی ناسراوە. کەشتیی “جەماران” و کەشتیی “کونارەک” لە ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕ کە خەریکی راهێنان واتە مانۆڕکردن بوون. لە پێڤاژۆی دروست‌کردنی دوژمنی خەیاڵیدا ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیان و بە هۆی هاویشتنی مووشەکێک لە سەر کەشتیی جەمارانەوە بەرەو دوژمنی خەیاڵی، لە ئاکامدا کەشتیی کونارەک تەقییەوە و ٣٤ ئەفسەر و سەربازی ئێرانی بە کوژراو و بریندارەوە لە خوێن گەوزین. دوای کوژرانی ١٩کەس بە دەستی دوژمنی خەیاڵی، پێڤاژۆی بەردەوام‌بوونی “شەهادەت‌تەڵەبی” سەری هەڵدایەوە. لە کاتێکدا دەرکەوت مووشەکەکە لە جەمارانەوە بەرەو دوژمنی خەیاڵی هاویشتراوە، دەرکەوت دوژمنی خەیاڵی ئەو مووشەکەی قۆستۆتەوە و لە تەپڵی سەری کونارەکی داوەتەوە. ئەنجامەکانی ئەم لێکدانەوەیە: چوار یەک: جارێ با لەبەرانبەر دوژمنی خەیاڵیدا ئەوندە سەربازە شەهید بن، بۆ شەڕی دوژمنی ڕاستەقینەش خوا کەریمە. نیوەی: تاوکی خۆرسک بە جەمارانی دەستکرد ناوێرێ. سێ چارەک: دوژمنی خەیاڵی زۆر نامەردانە دەست دەکاتەوە. هەمووی: ‌شەهادەت‌تەڵەبی بەردی بناغەی مانەوەیە.